ژمارەیەک لە چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لە سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندانیان دژی سزادان و زیندانیکردنی شێروان شێروانی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رۆژنامەگەری خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بڕیارە لە هەولێریش ئەنجامبدرێت، بەڵام لە دهۆک ئاسایش رێگری لێکردوون.
رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سلێمانی داوایان لە دەسەڵات کرد چاوبکەنەوە و ئەو هەموو هێڵە سوورانە ببینن کە تێیانپەڕاندووە، بۆئەوەیتێبگەن کە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە سەد ساڵی رابردوودا چەند قوربانییان لەپێناو ئازادیدا داوە.
جەختیانکردەوە کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئازادیی رۆژنامەوانی پاشەکشەی گەورەی کردووە و “ئەوەش جێگەی قبوڵکردن نییە”.
خۆپیشاندەران نموونەی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری وەک نمونەی پێشێلکاریی ئازادی رۆژنامەنووسان دەهێننەوە رایانگەیاند، “نوێترین پێشێلکاری و بەکارهێنانی یاسا دژی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان سزادانی شێروان شێروانی و گوهدار زێبارییە”.
دەڵێن، “بەڕوونی دەستێوەردانی سیاسی لە دۆسیەی شێروان شێروانی و گوهدار زێباریدا دیارە کە ئامانج لێی هێشتنەوەیانە لە زینداندا بۆ ماوەیەکی زیاتر”.
رۆژنامەنووسان و چلاکوانان پەیامێکیان ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر کرد و رایانگەیاند، “داوا لە دادگای پێداچوونەوە دەکەین ئەو هەڵە و پێشێلکارییە یاساییە راستبکەنەوە تاوەکو نەمانی متمانەی خەڵک بە دادگاکان زیاتر قووڵ نەبێتەوە و سیمای کوردستان لە بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناشیرینتر نەبێت”.
هەر ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجەش بۆ هەمان مەبەست و خوێندنەوەی هەمان راگەیەندراو رۆژنامەنووسان و چالاکوانان خۆپیشاندانیان کرد، هەروەها بڕیارە لە شاری هەولێریش ئەنجامبدرێت، لەکاتێکدا بەیانیی ئەمڕۆ لە شاری دهۆک رێگری کرا لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی رۆژنامەنووسان بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی و خوێندنەوەی پەیامەکەیان.
سەرچاوە : سایتی ئێستا