لە هەرێمی کوردستان دیاردەی جیابوونەوە خەریکە تانوپۆی کۆمەڵایەتیی هەڵدەوەشێنێتەوە

مەهران ڕەمەزان

 

ساڵ لە دوای ساڵ ئامارەکانی جیابوونەوە زیاتر دەبن و ڕێژەکە بەشێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە و ئەمەش بە مەترسیی دەبینرێت لەسەر شیرازەی خێزان و تانوپۆی کۆمەڵایەتیی لەهەرێمی کوردستان، مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی پسپۆڕیش بەشێک لە هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ کورتبینی و بیرتەسکی گەنجان بۆ هاوسەرگیریی.

ئاستی لێکهەڵوەشانی خێزانەکان و جیابوونەوە لە دادگاکانی هەرێـمی کوردستان ڕووی لە زیاد بوون کردووە، بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی کە لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ تۆمارکراون، ئامارەکان بە ڕێژەی ٪١٧.٦ زیادیان کردووە.

ساڵانێکە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەکۆمەڵێک قەیران و کێشەی ئابووری و سیاسیی و ئەمنیدا ژیان دەکەن، ئەوانەش وایان کردووە ڕێژەی جیابوونەوە زیاد بکات و خێزانەکان لێکهەڵبوەشێن.

بەراوردی ئاماری جیابوونەوە لەنێوان ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢:

جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا: ١١ هەزار و ٦٩٩

جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا: ١٣ هەزار و ٩٦٧

هەولێر: لە ساڵی ٢٠٢١دا چوار هەزار و ٤٣ جیابوونەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا پێنج هەزار و  ٦٤٥ جیابوونەوە، واتە ١٠٠٢ جیابوونەوە زیادی کردووە.

سلێمانی: لە ساڵی ٢٠٢١دا چوار هەزار و ٧٦٧ جیابوونەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا پێنج هەزار و ٥٣٣ جیابوونەوە، واتە هەزار و ٧٦٦ جیابوونەوە زیادی کردووە.

دهۆک: لە ساڵی ٢٠٢١دا هەزار و ٧٩٦ جیابوونەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ٩٩٢ جیابوونەوە، واتە ١٩٦ جیابوونەوە زیادی کردووە.

کەرکووک/گەرمیان: لە ساڵی ٢٠٢١دا هەزار و ٩٣ جیابوونەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٩٧ جیابوونەوە، بەو پێیە ٢٩٦ جیابوونەوە زیادی کردووە.

هەڵەبجە: لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٩٨ جیابوونەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٩٨ جیابوونەوە، ڕێژەکە وەک خۆی ماوەتەوە.

پاڤێ جەمیل مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، بەشێک لە هۆکاری جیابوونەوەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕاگەیاندنەکان و لەبارەی ئەو ئامارانەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ڕاگەیاندنەکان هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی خێزانەکانن، لە ئیستادا بەهۆی بەردەوامی بە کار‌هێنانی سۆشیاڵ میدیا لە لایەن تاکەکانی خێزانەوە وەرگرتنی ئەو پەیامانەی، کە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر پەیوەندیەکانیان و تەرخان نەکردنی کات بۆ یەکتری و ئاراستەکردنیان بەرەو شێوازێکی پەیوەندی نادروست، جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانی لێدەکەوێتەوە.

“میدیا چەکێکی دووسەرە بەو شێوازەی بیەوێت یاری بە هەست و سۆزی وەرگر دەکات”

دکتۆر پاڤێ جەمیل
دکتۆر پاڤێ جەمیل

دکتۆر پاڤێ جەمیل پێشی وایە لە ئێستا دا میدیا بە دەسەڵاتی چوارەم دادەنرێت و چوونەتە نێو هەموو پرۆسەکانەوە، دەتوانێت بە شێوازێکی دروست و نادروست تاکەکان ئاراستە بکات زۆر بڵاوبۆتەوە و بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە، بە شێوازێکی نا ڕاستەوخۆ کەڵەکەبوونی زانیاری دەروست دەکات  لە ناخ و هزری تاکدا.

“پەیامە میدیایەکان دەروونی تاک ماندوو دەکەن”

ئەو پسپۆڕەی سایکۆلۆژیە دەشڵێت، پەیامە میدیایەکان خەڵک بەرەو شڵەژان و هیلاکی دەروونی و دووبەرەکی دەبەن، ئەو پەیامە ناروونانە کاریگەریان دەبێت لەسەر ڕەفتاری تاکەکان لە خێزان و کۆمەڵگەدا.

“لاسایکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جیابوونەوەی خێزانەکانی لێدەکەوێتەوە”

وتیشی: ئێستادا دەبینین تاکەکانی خێزان بە زۆر بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، کات تەرخان ناکەن بۆ ژیانی ڕاستی خۆیان، لاسایکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەکان، وایان لێدەکات ژیانیان بەرەو ئاقارێکی خراپ و هەڵوەشاندنەوەی خیزانەکان بەرن، میدیا ژیانێکی خەیاڵیە، بینین لە شاشەکان جیاوازە لە ژیانێکی ڕاستیی، ئەوکەسانەی دێنە سەر شاشەکان ١٪ ژیانی ڕاستیان دەردەخەن و ٩٩٪ نواندن دەکەن.

“تاکێکی نا تەندروست کۆمەڵگەیەکی نا تەندروست بونیان دەنێت”

گرنگە تاکەکان هۆشیار بن بە دروستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن وایان لێنەکات کاریگەری خراپ بکاتە سەر دەروونیان دواجار ببێتە هۆکاری ئەوەی ژیانی ڕاستیان لێ تێک بدات و هەڵوەشاندنەوەی خێزەنەکانی لی بکەوێتەوە، لە کاتێکدا منداڵان دواڕۆژی کۆمەڵگە و نەتەوەیەکن بەڵام زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، ئەگەر میدیاکان تاکی ناتەندروست بەرهەم بهێنن، ئەوا کۆمەڵگە و وڵاتێکی  نا تەندروستیش بەرهەم دێت لە ئەنجامدا کاردانەوەیەکی زۆر خراپی دەبێت لەسەر کۆی پرۆسەی ژیانکردن و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ مرۆڤایەتی، پەیوەندیەکان بەرەو داڕمان و لەناوبردن دەبات.

نەجات محەمەد پسپۆڕێکی کۆمەڵناسیەو پێی وایە ویست و ئامنجی هەڵەی تاکەکان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیریی هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرز بوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە دەڵێت، هەندێک لە تاکەکان لەبەرئەوە هاوسەرگیری دەکەن تا لە کۆمەڵێک کێشەو گرفتی دەروونی و خێزانیی ڕزگاریان ببێت، بەڵام نازانن لە دوای ئەنجام دانی پرۆسەکە هەمان ئەزموونی ژیانی پیشویان دووبارە دەکەنەوە.

دکتۆر نەجات
دکتۆر نەجات محەمەد

“گەنجان هاوسەرگیری وەک ڕێگەیەکی هەڵهاتن هەڵدەبژێرن”

دکتۆر نەجات دەڵێت: هۆکارەکانی جیابوونەوە پەیوەستە بە خودی مرۆڤ خۆیەوە ئەگەری هەیە هەندێک لە هۆکارەکان لە کۆمەڵگەشەوە سەر هەڵبدەن، بەڵام زۆربەی کچان و کوڕان بۆیە هاوسەرگیری دەکەن بۆئەوەی لە کۆمەڵێک کێشە لە ماڵی باوکیان ڕزگاریان بێت و پێداویستیە سۆزداریەکانیان پڕبکەنەوە، یاخود بۆ دەست کەوتنی ئازادییەک، کە لەوانەیە لە ژیانی ماڵی باوکیان نەیان بووبێت، ئەمەش وایان لێدەکات پێشبینیەکیان هەبێت بۆ ژیانی هاوسەرگیری، کە تەواوی حەزو ئامانجەکانی ژیانیان بۆی جێبەجێ دەکات، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە ئەوەبن، کە هەمان ئەزموونی ژیانی پێشووتریان بۆ دووبارە دەکاتەوە.

“تاکەکان نەگونجان دەکەنە پاساوی جیابوونەوەیان لە کاتێکدا نازانن گونجان لەگەڵ یەک چییە”

ئەم پسپۆڕە پێناسەیەکی بۆ گونجان کردوو وتی: گونجان ئەوە نیە کوڕو کچێک هەمان بیرکردنەوە و حەزیان هەبێت، بەڵکو گونجان واتا قبولکردنی جیاوازییەکانی یەکتر، ژیانی هاوسەرییش لەسەر بنەمای جیاوازی و تەواوکاریی دادەمەزرێت، بەڵام خێزانەکان لێرە تەواوکاری یەکتر نین و هاوبەشیی ناکەن لە بڕیارەکان و بەڕێوەبردنی ماڵدا.

“لە خۆ بووردەی ژنان مانای هەبوونی خێزانێکی ساقامگیر نییە”

جاران لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژنان زیاتر لەخۆ بوردە بوون، بەهۆی کەلتورەوە دانیان باخۆدا گرتووە، وازیان لە هەموو شتەکان هێناوە لە پیناو مانەوەیی خێزانەکەیان، بەڵام ئیستا خودی ژنان قبوڵی ئەوە ناکەن مافیان بخورێت و بەم شێوازەی دەیانەوێت ژیان دەبەنەسەر، ئەمە خاڵێکی ئەرێنیە لەهەمان کاتدا کۆمەڵگەی توشی ترس کردووە، چونکە کۆمەڵگە فێری ئەوە نەبووە ژنان داوای مافی خۆیان بکەن.

پاڤێ جەمیل و نەجات محمەد چەند خالێکیان خستەڕوو بۆڕێگری کردن لە بەرز بوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە، پیدانی زانیاری هاوسەگیری بە گەنجان بە ڕێگەی سیمینار و ۆرکشۆپەوە بەرلەوەی  بچنە ناو ناو پرۆسەکەوە، دانانی سانسۆر لەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی پەیامی نەگونجاو ئارەستەی تاکەکان نەکەن.

پیشیان وایە، ئامارەکان جێگای دڵخۆشی نین بۆ خیزانەکان لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا، پێویستە حکومەت، کەرتی پەروەردە،  ڕێکخراو و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، کەسایەتییە ئاینییەکان کار لە سەر هۆکارەکانی جیابوونەوە بەکەن و هەوڵی ڕێگری کردن لەم دیاردەیە بدەن.

 

سەرچاوە : ڕۆژنیوز