لە هيندستان تیپی هونەری میللی سلێمانی بەشداری ژمارەیەك فێستیڤاڵ دەكات

 

 

 

- تیپی هونەری میللی سلێمانی بەسەردانێكی فەرمی لە هيندستانە.
- بەمەبەستی بەشداریكردن لە ژمارەیەك فێستیڤالی "سەما و میوزیك" لەو وڵاتە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند تیپی هونەری میللی سلێمانی بەسەردانێكی فەرمی لە هيندستانە، بەمەبەستی بەشداریكردن لە ژمارەیەك فێستیڤالی "سەما و میوزیك" لەو وڵاتە.
وەزارەتەكە، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،  بە چاودێری (نارێندرا مۆدی) سەرۆک وەزیرانی هیندستان و ئامادەبونی شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و تیپی هونەری میللی سلێمانی و پارێزگاری شاری ڤاراناسی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سەما لەشاری ڤاراناسی هیندستان بەڕێوەچو.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەکەمین ڕۆژی فێستیڤاڵەکە چەند نمایشێک لەلایەن وڵاتانی  کۆلۆمبیا، سریلانکا و ڤاراناسی پێشکەشکران، ئەمڕۆ هەینی تیپی هونەری میللی سلێمانی چەند تابلۆیەکی فۆلکلۆری کوردی لەو فێستیڤاڵە نمایش دەکات.
تیپی هونەری میللی سلێمانی لەلایەن ئەنجومەنی هیندی بۆ پەیوەندییە کولتورییەکان به‌ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان بانگهێشتی هیندستان کراوە و بڕیارە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لەو وڵاتە و لە چەند ویلایەت و شارێک بەشداری لە ژمارەیەك فێستیڤالی "سەما و میوزیك" بكەن و لەو ماوەیەدا نمایشی کولتوری کوردی پێشکەش بكەن.

سەرچاوە : هاوڵاتی