لەبەرچی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن جێگەی متمانە نین؟!

محەمەد خۆشناو

لەبەرچی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن لە کوردستاندا فەشەلیان هێناوە بۆ گۆڕینی بیروباوەڕی خەڵک و ئەو کاریگەریەی نیە کە دەبێت هەیبێت ؟! ئەو فەشەل و لاوازی کاریگەرە هەر لە کوردستان نیە ، بەڵکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیشدا هەیە !
 

 بە عەرەبی خوێندمەوە ، کە دوو زانای گەورەی ئەڵمانی «ڕیتشارد برێخت و هارالد فیلتسر » کتێبێکی هاوبەشیان پێکەوە بەناوی «دەسەڵاتی چوارەم » دانا ، هەردوو زانا پرسیار دەکەن «ئایا ڕاگەیاندن هەڕەشە لە دیموکراسیەکەمان  دەکات ؟ » ، هەردوو نوسەر وایدەبینن کە لەسەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە ، ڕۆژنامە گەورەکان و کەناڵە تەلەفزیۆنە سەرەکیەکان هاوپەیمانیان لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان بەست بۆ ڕەسمکردنی وێنەی سپی و ڕەش « وەکو پۆتینی شەڕانگێز و خۆرئاوای قوربانی » هەروەها ئەم هاوپەیمانیە هێرشی دەکرد سەر هەموو ئەوەی «پلەیەک  لە خۆڵەمێشی » و یا هەر ڕەنگێکی دیکە ببینێت ، بە بۆچوونی هەردوو دانەر چیتر «مێدیا » ڕەنگدانەوەی هەست و ڕاوبۆچوونی گەلی ئەڵمانیا بۆ کاروبارەکان نیە و ، ئەمەش کارێکی ترسناکە هەڕەشە لە دیموکراسیەت دەکات و ، ڕێژەی متمانەی ئەڵمانەکان بە ڕۆژنامە 50% و بۆ تەلەفزیۆن 30% تێپەڕ ناکات .
 

ئەگەر ئەمە لە ئەڵمانیا بێت ئاخۆ لە نیشتیمانە دواکەوتووەکەی ئێمە کوردستان چۆن بێت ،  کە ئاستی هۆشیاری نزم و یادەوەری تاک تێیدا کورت و لاوازە ، لەکەشوهەوایەکدا کە دابەشبوونی قووڵی سیاسی و نەبوونی متمانەیەکی کەڵەکەبوو بە حزبەکان و ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەکانیان و هێرشکردنی بەردەوام بۆ سەر یەکتری و کێشەی لابەلای دوور لە خەمی خەڵک و نیشتیمان هەیە ، لەو کەشوهەوایەدا ڕۆژنامە ناتوانێت ئەو ڕۆلە ببینیت کە خەڵک پێشبینی بۆ دەکات ! ، بۆیە  جەماوەر مافی خۆیەتی پرسیاری ئەوە بکات کە تاچەند ڕۆژنامەکە نەزیهە بۆ ئەوان و لەخەمی کێشە و گیروگرفتەکانیاندایە  ،  جگە لەمە هەندێک شوێنی خڵەمێشی هەیە کە ڕوماڵکردنی ڕۆژنامە بۆی  وەک ئەوەیە کە تۆ تەئیدی هەندێک درۆی دیاریکرا و بکەیت ، بەداخەوە زۆربەی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی ئێمە لایەنە سلبیەکە دەگرنەبەر ، کە بریتیە لە تەوزیفی ڕاگەیاندن وەک ئامرازێک بۆ ململانێی سیاسی و ئابووری و ئایینی و ، هەروەها لە میانی هاندانی هاوڵاتیان تا لەگەڵ یەکتریدا ناکۆک و دژ بەیەک بن و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کلتووری ڕقلێبوونەوە لە کۆمەڵگەدا .
 

 هۆکارێکی دیکەی  لاوازی کاریگەری ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن لە کوردستان ، نزمی ئاستی زۆرێک لە ڕۆژنامەڤانە لە ڕووی ڕۆشنبیری و ،  بەردەام بوون لەسەر بابەتی سووا و دووبارە و لاواز ، کە ووتارەکانی ئەمڕۆیان وەکو هی دوێنێیە و هەمان شێوازی بێزارکەر دووبارە دەکەنەوە یا هەروەکو بڵقێکە خێرا دەڕوات ، ئەمە جگە لەوەی هەندێکیان ئەگەر قووڵایەکی ڕۆشنبیریشیان هەبێت ، بەڵام بە بیرێکی بابەتی و بێلایەنانە بەرورڕووی کێشەکە نابێتەوە و خۆی ملکەچی هەق ناکات و بەرگری لێناکات ، کارەساتی نووسەر لەوەدا بەدەر دەکەوێت کە پابەند نابێت بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی ، ئەمانە ئەو مانایە دەگەیەنن ، کە ئەگەر نووسەر  ئەمین نەبوو و درۆی لەگەڵ خوێنەری خۆی بە درۆیەکی مەبەستدار و بە هۆشیاریەوە کرد ، مانای وایە پێشێلکاریەکی ئابڕووبەرانەی پڕنسیپی ڕەوشتی نووسینی کرد ، ئەم کەسە نووسەرێکی کارەساتاوی و بوونی ئەو لە کۆمەڵگادا تڕاژیدیایە  ، بەداخەوە سیایت و ڕۆژنامەکان پڕن لەو تەرزە نووسەرانە کە وانەی درۆ و دووڕوویی دەدەنە خەڵک و کوردستان ، ئەگەر  نووسەری ڕۆژنامەنووس سەیری  گیروگرفتەکانی هەموو وەک یەک کە هەموو هەمان مافیان هەیە  کرد کە نابێت کەس مەحروم بکرێت لە ڕوماڵکردندا هەرچەندیش جیاواز بێت لە هەموو ئاست و بوارەکاندا لەگەڵمدا ، بەمە هەنگاو بە هەنگاو کاریگەری ڕۆژنامە زیاتر دەبێت و متمانە بە خەڵک دەگەڕێتەوە

.سەرچاوە : ماڵپەری سپی میدیا