نووسین نە پیشەیە، نە خولیایە، هەر بەڕاستی بۆ من نووسین پێویستییە، پێویستییەک کە دۆخ خواستبێتی. ڕاشکاوبم؛ ئامانجی من لە نووسین ڕێک مەلەکردنە لەناو دەمارەکانی دڵمدا، ئەمەش بۆ خۆی واتای گەیشتنە بە ترۆپک! گرنگترین شت لە نووسین، پەلەنەکردنە، خوودی پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئایا ئێمە تاچەند ئارامگرین؟! من لێرەدا باسی تێگەیشتنی خۆم لەبارەی نووسینەوە دەکەم. تەنیا ڕاستگۆییە نووسین تاسەر دەهێڵێتەوە، نەک بەتەنیا بوونیادی هونەری، چونکە ئەمڕۆ فۆرمێک زاڵە، ڕۆژەکە داخوازیی زیاتری لەسەر کردووە، بەڵام مەرج نییە سبەی کە داهاتووە هەمان فۆرم زاڵدەست بێت. کەواتە هەر ڕاستگۆیی، نەک ڕاستبێژی، چونکە ئەم دوو گوزارە واتاچوونیەک نین، ڕاستگۆیی نووسەر لەگەڵ خۆیدا، بە لەگەڵ ژیان و بۆ ژیان و تێدا ژیانی لەگەڵ دەقدا، دەقێک بەرهەم دەهێنێت، بە خەرمانەیەک لە پەلکەزێڕینەوە، کە هەر زوو ئاوێزانت دەکات. بەشێک لە نووسین هەن، جگەلەوەی ژینگەی هزریی خراپ دەکەن، زیانیشن بۆ سەر بەرگەگۆی زەوی، کەشوهەوا پێی ناساز و درماوی دەبێت. کاخەز بە بڕینەوەی بڕێکی زۆری درەخت بەرهەم دێت، چاپ کاخەزی دەوێت، کاخەزیش پرۆسەی کەمکردنەوەی درەختی دارستانەکانە. لەم حاڵەتەدا مەگەر باوەڕبەوە بهێنین نەنووسین پاداشتە، بەڵام هێشتا ئەمە ڕێچارە نییە، یاساغیش کردەیەکی دیکتاتۆریانەیە! لەهەموو بارێکدا جیهانی ئەلیکترۆنی جێگرەوەی کاخەز و چاپە. گرفتەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، بەجۆرێک سوودی نووسەری تێدایە لەو ڕووەی لە خەرجیی چاپکردن قووتاری دەکات. هەر بۆ خۆی لەناوبردنی پانتایی جەنگەڵەکان کەم دەبێتەوە، جۆرێک بارسووکیی کڕیاری کتێبیشی تێدایە بەوەی چونکە کتێبەکە نزمترین تێچووی هەبووە، دەکرێت بە پارەیەکی کەم لە ماڵپەڕە فرۆشییەکانی کتێب بیکڕیت. هەڵبەت ئەم بازاڕە، ون و نائامادەیە لەسەر ئاستی دەزگایی و کتێبفرۆشیمان. بەڵکو لە ماڵپەڕی خۆڕایی بڵاودەبێتەوە، ئەمە بۆ خوێنەر خۆشییە و بۆ نووسەر لەدەستدانی مافی یاساییەتی.
ساڵانە شانۆیەکی باش و دەفتەرەشیعرێکی باش و فیلمێکی باش و تابلۆ و ڕۆمان و گۆرانییەکی باش و کۆمەڵەچیرۆکێکی باشمان هەبێت، هیچ پێویستمان بەوە نییە لە ساڵێکدا بەر دەیان شانۆ و فیلم و شیعر و ڕۆمان و چیرۆک و تابلۆ و گۆرانی خراپ بکەوین و دۆخەکە تەنیا پڕکرابێت لە ژاوەژاوی نائەدەبی و ناهونەریی گاڵتەجاڕیانە. دەشێت ئەمە بڕیارێکی ستەمکارانەی بێبەزییانەبێت، بەڵام لە خەمێکەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش چاکەکردنە بەرامبەر ئەدەب و هونەر و فەرهەنگی ڕۆشنبیرانەمان. هیچ گرنگ نییە هەموو ساڵێک کتێبێک بنێردرێتە چاپ، چاپ واتا بەرپرسیارێتی، مێژوو، بوونیادنان، گۆڕانکاری، گەشە و پەرەسەندن. هەر کتێبێک ئەمانە و خەسڵەتی دیکەی لەخۆدا هەڵنەگرت، دەبێت پرسیاری ئەوە لەخۆمان بکەین بۆچی چاپ بکرێت؟! لە ڕۆژگارێکدا دەژین ئەوەی خەمی ناخورێت نووسینە و ئەوەی برەوی هەیە نەنووسینە! نەنووسین بە مانای بێسەروبەریی نووسین، بێڕێزی بە فەرهەنگ. چی پێویستدەکات نووسەر هەموو ساڵێک بەرهەمێکی هەبێت، ئایا هۆکارەکەی ئەوەیە لەبیرچوونەوە دەترسێت! ئاخۆ بۆ ئەوەیە بە خوێنەر بڵێت من هێشتا زیندووم؟ یان بانگەشەیە بۆ پڕبوونی هەماری زانینی نووسەر! یان ئەوەتا تووشی خوێنبەربوونی چاپاندن بووە و تیماری تەنیا ئەو پزیشکە ڕەخنەگرەیە ئاگاداری نووسەر بکاتەوە لەو مەرگەساتە خوودکوژییەی تێیکەوتووە و شکۆی نووسینی بەرەو تاڵانیی چووە و دەبات. هیچ گوومانی تێدا نییە زۆرنووسیی دووپاتبوونەوەی بەدوا دێت، کەواتە هەر ئەوە چاکە لەپاش بەرهەمێک بۆ بەرهەمێکیتر، مەودایەک هەبێت، مەودا بۆ تێڕامان لە بەرهەمی چاپکراو و پشوودان بە بیرکردنەوە و ڕۆچوونەوە ناوخۆت و خوێندنەوە و گەڕان و ئەزموونکردن. کارەسات ئەوەیە هێشتا باوەڕمان بەوەبێت دەق سرووشە. باشترین نموونەیەک بۆ تێگەیشتن لە ڕەتاندنی داڵغەی بۆهاتن و ئاسمانیبوونی دەق، کێڵگەیە. دەق و کێڵگە لێکچواندنێکی نزیکی هاوواتایین. کێڵگە بەرهەمی خۆراکیی تێدایە، بەرهەمەکان بۆ ئەوەی ببنە بەروبوومی خۆراکیی، پێویستییان بە ئاو و خۆرە، بە خزمەتی جووتیارە، بە چاودێری و ئاودێریی و بژار و دەرمانە، ئەمانە وادەکەن بەرهەمێکی خۆراکیی تەڕوبڕ بەرهەم بێت و شایەنی خواردن بێت. بە هەمانجۆری کێڵگە، دەقی زیندوو و نوێ لە ئاسمانەوە ڕۆناکرێت، بەڵکو شەونخونی و کنەوپشکنین و خوێندنەوە و ماندووێتی دەوێت بۆ ئەوەی ببێتە دەق، دەق بە مانای دەق، یانی سەرسامکەر، نوێ و دابڕاو لە مانا و شێوازی پێشین. کەواتە نووسەری دەقی زیندووی نوێکار، نووسەرێکە لە خەمی زمان و فەرهەنگ و خوێنەردایە و ئاشنای بەرپرسیارێتییە و دەزانێت بەرهەمێک بۆ بەرهەمێکی دیکە، خۆنوێکردنەوەی گەرەک!
دیار لەتیف
سەرچاوە: galawej