كۆشكی پەشمەك

 

 هاوژین عەبدولواحید

خەیاڵ ئەو هەستە شاراوەیەیە مرۆڤ لە زەینی خۆیدا دروستی دەكات بەو شێواز و رەنگ و شێوەیەی ئارەزووی دەكات. هەستێكە هەموان بەدوایدا وێڵن، چونكە  گەیشتن پێی زۆر ئاسانە و رووبەڕووی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك نابێتەوە. بۆیە زۆرجار سەد لە سەد دژی حەقیقەتە و دەبێتە گەورەترین درۆ لەگەڵ خود.
كەچی دەبینین رۆژ لەدوای رۆژ بەڕێژەیەكی زیاتر خەڵكانێك  ئالودەی ئەو ژیانە خەیاڵییە دەبن و هۆشیان لەلای ژیانی خۆیان نامێنێ و خەیاڵ پڵاو دەبن و لە راستی و حەقیقەت دادەماڵدرێن.
 بەم جۆرە ژیان بەڕێدەكەن وەك ئەوەی دنیا سەرابستان بێت و كاتەكانیشیان وەهم، جۆرەها خەیاڵمان هەیە، بەڵام لێرەدا تیشك دەخەینە سەر خەیاڵ و ئالوودەبوون بە سۆشیاڵ میدیا.
ئەو كەسانەش خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندین كە بریتین لە:
 سۆشیال میدیا بەڕێژەیەكی زۆر بەكاردەهێنن لەچاو كەسی تردا، دەكەونە پەیوەندی لەگەڵ كەسانێك بە خەیاڵ، كەسانێكی بێهۆشن و خەیاڵیان لای خۆیان نییە، زوو تووڕە دەبن و تێكەڵ نابن، حەزیان بە دانیشتنە كۆمەڵایەتییەكان نییە، حەزیان بە راوێژ و گفتوگۆ نییە، لە ژیانی واقعیدا پەلە دەكەن، بێ هۆكار بەگژ كەسانی دەوروبەریاندا دەچنەوە، هەمیشە ئەو كەسایەتییە خەیاڵییەی خۆیان بۆخۆیان هەڵبژاردووە لا پەسندترە.
لەڕاستیدا ئەو كەسانە وەك رۆبۆتێك وان لە ژیانیاندا كات لەگەڵ خەیاڵەكانی خۆیان و كەسانێك بەسەر دەبەن نازانن  چین و كێن، هەمیشە تەنهان ئەگەریش لەگەڵ سەد كەس دانیشتبن، بەپێچەوانەشەوە راستە ئەگەر بە تەنیا بێت قسە بكات و لە خەیاڵاتی خۆیدابێت هەست دەكات سەد كەس لە چواردەوری كۆبوونەتەوە.
ئەم جۆرە ئالوودەبوونە خەیاڵاوییە بەشێوەیەكی گشتی هۆكارێكی یاریدەدەرە بۆ لاوازبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، قسەیەك هەیە لەم بارەیەوە دەڵێن ئەو كەسە خەیاڵییەی تۆ پێوەی ئالوودەیت و تەواوی كاتەكانتی پێ دەدەیت رەنگە بەیانی بە بەردەمتدا تێپەڕێت تۆ سڵاوێكی لێ نەكەیت لەكاتێكدا سەدان خزم و دۆست و  ئازیز و هاوڕێی واقیعیت كردووە بەقوربانی ئەم پەیوەندییە.
 ئەو خەیاڵ پڵاوی و ئالوودەبوونە بە كەسە خەیاڵییەكان چەندین لێكەوتەی نەرێنی لێدەكەوێتەوە ئەوانیش  لەڕووی دەروونی، كۆمەڵاتی، ئابووری و ئاینییەوە، چونكە خەیاڵی زۆر وا لە مرۆڤ دەكات بەرەو تاكلایەنی و گۆشەگیریی و بێئومێدی و بێهۆشی  و بێبەرنامەیی  هەنگاو بنێت.
ئالوودەبوونمان بە خەیاڵاتەوە وای لێكردووین لەم ساتەی تێیداین نەژین، جەستەیەكی بێ گیان بین لەناو حەقیقەتدا و پەروانە ئاسا خەیاڵیش بین بە رۆح.

 

سەرچاوە: کوردستانی نوێ