كڵێساكانی عەنكاوە

شارۆچكەی عەنكاوەی شاری هەولێر زۆربەی دانیشتوانەكەی كریستیانن و مێژوویەكی كۆنی هەیە، هەر لەكۆنەوە كڵێسای تێدا دروستكراوە كە تەمەنی هەندێكیان بۆ زیاتر لەهەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا چەندین كڵێسای سەر بەچەندین ئاڕاستەو نەتەوەی كریستیانی لێ دروستكراوە و بەردەوامیش ژمارەیان بەهۆی گەورەیی شارۆچكەكە زیاد دەكات.
مێژووی کڵێساکان
فاروق حەننا عەتو توێژەرێكی مێژوویی كریستیانی عەنكاوەیە و دانیشتووی شارۆچكەكەیە سەبارەت بەمێژووی كڵێساكان كتێبێكی بەناوی (عەنكاوە لەبیرەوەری دانیشتوانەكەی) نوسیوە دەڵێت: لەئێستادا 12 كڵێسای جۆراوجۆر لە عەنكاوە هەیە كۆنترینیان كڵێسای ماریوسف – ە مێژووی دروستكردنی بەوردی دیارنییە، بەڵام بەوتەی قەشە سەلیم تۆما برادۆستی پەیكەری بینای ئێستای كڵێساكە لەناوەڕاستی سەدەی پێنجەمی زایینی دروستكراوەو چەندینجار نۆژەنكراوەتەوە، بەڵام بینا كۆنەكە لە حەوشەی كڵێساكە بووە و لەسەردەمێكی زووتر دروستكراوە، هەروەك كڵێساكە بەجۆرێك كۆنە كە لەساڵی 925 ی زایینی قەشە هورمزد دوای كۆچی دوایی تەرمەكەی لەوێ دەنێژرێت واتا 1100 ساڵ لەمەوبەر هەبووە، مێژووی نۆژەنكردنەوەی گومەزەكەشی بۆ سەردەمی دەوڵەتی ئەتابەگیەكان واتا حوكمی سوڵتان مزەفەرەدین گۆرگبۆری دەگەڕێتەوە زیاتر لەهەشت سەدە لەمەوبەر.
ئەو توێژەرە كریستیانە ئاشكراشی دەكات بەهۆی زیادبوونی ژمارەی كریستیانەكان لەساڵی هەشتاكاندا كڵێسای مارگۆرگیس توانای خەڵكی زۆرتری نەبوو، بۆیە دووەم كڵێسای تێدا دروستكرا كە كڵێسای (ماریوسف) بوو لەگەڕەكی خالیدیەی عەنكاوە لەساڵی 1978 دەست بەدروستكردنی كراو لەساڵی 1980 تەواوكرا.
 دروستکردنیان 
فاروق حەننا ئاماژە بەوەش دەكات لەساڵی 2011 بڕیاردرا كڵێسای (ئوم مەعونە) لە گەڕەكی ئاشتی عەنكاوە دروستبكرێت و لەساڵی 2014 تەواوكرا، كڵێسایەكی تریش بەناوی (ماریوحەنا مەعمەدان) لەساڵی 2008 لەلایەن كڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری لەعەنكاوە دروستكرا، لەساڵی 2015 دا لەناوچەی 147 ی عەنكاوە كڵێسای (سوڵتانەی سەلام) ی كریستیانە سریانییە كاسۆلیكەكان دروستكرا، لەدوای ئاوارەبوونی کریستیانەکان لە ساڵی 2006 دا پەیڕەوانی كڵێسای سریانی ئەرسۆدۆكسی كریستانی لە ناوچەكانی پارێزگای موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان نزیكەی 250 خێزان دەبوون مەتڕان ئەگریگۆریس سڵێبا شەمعون سەرپەرشتیاری ئەبرەشیەی موسڵ یاداشتنامەیەكی پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و توانی رەزامەندی لەسەر دابینكردنی زەویەكی 5500 مەتری چوارگۆشە لەناوچەی 128 ی عەنكاوە وەربگرێت و كڵێسای (دایكی نور) ی لەسەر دروستبكرێت كە حكومەتی هەرێم بودجەی دروستكردنەكەی گرتە ئەستۆ .
ئەو توێژەرەی عەنكاوە باس لەوەش دەكات جگە لەو كڵێسایانە بەهۆی فراوانبونی عەنكاوەوە كڵێسای تر دروستكرا وەكو كڵێسای (ئەرمەنی ئەرسۆدۆكس) لەناوچەی 147 ی عەنكاوە و كڵێسای (رەسولیەكان) بەناوی (ماربوتڕوس و پۆڵس) کە هەر لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم دروستكرا.
سەلیم مەنسور گۆرگیس ماوەی پەنجا ساڵە خزمەتی كاروباری كڵێسا كلدانییەكانی عەنكاوە دەکات دەڵێت: كڵێسایەكی تر ئێستا لەسەر رێگای بەحركە دروستكراوە ناوی (مار تۆما) یە لەسەر بودجەی خێرخوازان دروستكراوە لەساڵی 2022 تەواوكرا.
مەراسیمە ئایینیەکان
سەبارەت بەمەراسیمی ئایینیەکان لەكڵێساكانی عەنكاوە سەلیم مەنسور وتی: لە ئێستادا پێنج كڵێسای كلدانی لە عەنكاوە هەیە مەراسیمی ئایینی تێدا دەكرێـت لە بەیانیان نوێژی بەیانی و ئێوارانیش نوێژی (رەمش) و دوعای تێدا دەکرێت، هەروەها مەراسیمی (قەداس) یش تێیاندا دەکرێت و كڵێساكان لە مەراسیمە ئایینەكاندا پڕدەبن لە كریستیان.
سەبارەت بەناوی كڵێساكان سەلیم مەنسور دەڵێت: كڵێسای مارگۆرگیس بەناوی كەسێك نراوە لە رۆما لەسەر بەرگریكردن لە مافی كریستیانەكان شەهیدیان بووە، كڵێسای ماریوسف- یش لەلایەن مەتڕان ئیستیفان ناوی نراوە و ماریوسف یەكێك بووە لەهاوەڵانی خاتوو مەریەمی دایكی عیسای پەیامبەر.
ئەو خزمەتكارەی كڵێسا رایگەیاند: پانتایی ماریوسف 10 هەزار مەتر چوارگۆشەیە ئەوكاتە 100 هەزار دیناری تێچووە لەكاتی دروستكردنیدا خەڵكێكی زۆری عەنكاوە وەكو خۆبەخش بەشداریان لەدروستكردنیدا كردووە و گەورەترین كڵێسایە لە هەرێمی كوردستان و سەرتاسەری عیراق.

راپۆرتی: رەوەست نەوزاد

سەرچاوە: knwe