كتێبە نەفرەتلێكراوەكان یان كتێبی تەمەن!

ئیدریس عەلی
كتێبە نەفرەتلێكراوەكان كامانەن و كێ نەفرەتی لێ كردوون؟ بۆچی بە درێژایی مێژوو كتێبگەلێك هەبوون كە بیروباوەڕە ئایینی و دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان لێی ترساون، وەك ئەوەی هێزێكی پڕ چەك و جبەخانە بن و هێرشیان هێنابێت و تخوبی ملهوڕیی ئەوان بخەنە مەترسییەوە، لەشكر و سوپایان لە دژ كتێب و دانەرەكانیان بەكار هێناوە؟ چما كتێب كە لەنێو دووتوێی لاپەڕەكانیدا چەند دێڕ و وشە و ئایدیایەكی هەڵگرتووە، دەتوانێت ترس بخاتە دڵی ستەمكاری و كۆنەخوازی؟ یاخود كۆمەڵگە لەخشتە بەرێت بجۆریكی دی ئاڕاستەی بكات؟ گەر وا نییە، ئەو سیحر و جادووە چییە لە كتێب و لاپەڕەكاندا هەن كە وا پایەكانی دەسەڵات دەلەقێنێت و ئاگر لە پووشی مۆراڵی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی كۆمەڵگە بەردەدات و دۆخی چەقبەستوو دەكاتەوە؟
بێگومان ڕۆڵ و كاریگەریی كتێب لە مێژووی كۆن و نوێدا، بارتەقای بزووتنەوە كۆمەڵەیاتییەكان، جێگای مەترسی بووە لەسەر سیستمە سیاسی و ئایینی و دیكتاتۆر و ستەمكارەكان، چونكە لانی كەم كتێب بێمنەتتر و بەكاوەخۆتر دەتوانێت پەردە لە ڕووی ناشرینی و دزێوییەكان، گەندەڵی و ناعەدالەتی، هاوكات بیروباوەڕی كۆنەخوازی كە وەك كۆڵەكەیەكی بنچینەیی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی ستەمكاری و گەندەڵیی حوكمڕانە مشەخۆرەكانی سەر خوێن و گیانی مرۆڤ هەڵداتەوە و جەسورانە ڕووبەڕووی ئالەنگارییەكانی قۆناغ و سەردەمی خۆی ببێتەوە، لە دیوێكی دیكەوە، كتێب وەك دەریچەیەك، تیرۆژی ڕووناكی خۆی دەهاوێت بۆ پنتە تاریك و نادیارەكان و بە جۆرێك لە جۆرەكان ڕاستەوخۆ دەرگا داخراوەكانی سەر هزر و ئەندێشە دەكاتەوە، ئەم چەمكانە بێگومان دەبنە هۆكاری هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و ئەم هۆشیارییەش لە ڕەگەوە عەرشی نادادی و ستەمگەری و یۆتۆپیای ئایدیالی هەڵدەتەكێنێت، بۆیە دەبینین هەمیشە ئەو كۆمەڵگایانەی كە كتێب تیایاندا وەك هەر كاڵایەكی دیكە بەها و نرخی تایبەت بە خۆی هەیە، تاكەكانی نە بە حوكمی كۆنیی هەزاران ساڵە، نە بە ستەمكاری و نادادی ڕازی نابن و ڕەوتی پێشكەتن پتر بەرەو پێشەوە دەبەن.
لە ماوەی پێشوودا دوو كتێبی ئێجگار ناوازە و پڕ لە زانیاریی یەك نووسەر كە (عەلی حوسێن)ە، لە لایەن دوو وەرگێڕی ئێجگار لێهاتوو و شارەزا (سەباح ئیسماعیل و ئازاد بەرزنجی) بە چاپی دوو ناوەندی ڕووناكبیریی وەك (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و ناوەندی غەزەلنووس) بە ناوەكانی (لە حزووری كتێبدا و كتێبە نەفرەتلێكراوەكان) كەوتنە نێو كتێبخانەی كوردییەوە، یەكێكیان (لە حزووری كتێبدا) چیرۆكی ئەو كتێبە مەزنانەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە ڕۆڵیان هەیە لە بونیادنانی ڕۆشنبیرییەكی فرەڕەهەند و فراواندا، ئەوی دیكەیان (كتێبە نەفرەتلێكراوەكان)ە، كە ئاشنامان دەكات بە مێژووی نەفرەتی دەسەڵاتدارە ئایینی و مێشكداخراو و دیكتاتۆرەكان لە كتێب و دانەرەكانیان، ئەم كتێبە پێمان دەڵێت ڕۆژگارێك كیشوەری ئەوروپا و خۆرئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەكەوە لانكەی شارستانییەت و زانست و داهێنانی هونەری بوون، لە لایەكی دیكەشەوە زادگەی وەحشییەتگەری و قەتڵ و خۆشكردنی ئاگری دووبەرەكی بوون بۆ كوشتنی هزر و هۆشمەندی.
  كتێبە نەفرەتلێكراوەكان كە كاك (ئازاد بەرزنجی) بە شێوەیەكی بێئەنداز و جوان و سەرنجڕاكێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، لە جۆری ئەو كتێبانەیە كە لەسەر سێ ئاست تینوێتی خوێنەر دەشكێنن: ئاستی یەكەم ئەوەیە كە هۆكاری نەفرەتلێكردنەكەمان پێ دەڵێت... ئاستی دووەم  كۆمەڵێك نووسەر و بیرمەند و ڕۆشنبیری گەورەی دونیامان پێ دەناسێنیت و ئاشنامان دەكات بە پێگەی ئەدەبی و فیكری و ئاستی داهێنانیان... سێیەمیش ئەوەیە لەو دوو ڕێگەیەی پێشووەوە مێشكی خوێنەر پڕ دەكات لە زانیاری و مەعریفەی جۆراوجۆر، بێگومان ناكرێت شێواز و تەكنیكی نووسینی ئەو نووسەر و ڕۆژنامەوانە عەرەبەش (عەلی حوسێن) بە هۆكارێكی بنچینەیی جوانی و پڕ چێژی و گرنگی كتێبەكە نەزانین كە هەوڵی داوە بە شێوەی چیرۆكئامێز حیكایەتی كتێبە نەفرەتلێكراوەكان و نووسەر و بیرمەندەكانمان بۆ بگێڕێتەوە، بە تایبەت كە زمانی نووسینی، زیاتر لە زمانی ڕۆژنامەوانی، واتە سادە لە ڕووكەشدا، بەڵام قووڵ و فرە ڕەهەند لە ناواخن و مانادایە... هاوكات ئەوەی دووبارە ڕۆحی جوانی و جاویدانیی وەبەر ئەم كتێبە پڕ بایەخەدا كردووەتەوە، زمانی ورگێرانی كوردییەكەی ئازاد بەرزنجییە، بێگومان ئەم جۆرە كتێبانە بە هەموو وەرگێڕێك وەرناگێڕدرێت، بەڵكو وەرگێڕێك لە عۆدەی دێت، خاوەنی ڕۆشنبیرییەكی فراوان بێت و كتێبناس و گەڕیدەیەكی بێئامانی نێو دونیای كتێبان بێت.
من دەست لە شەرحكردنی ئەم كتێبە هەڵدەگرم و ناخوازم وردودرشتی نێوەرۆكی بابەتەكانی بەرهەڵدا بكەم، لێدەگەڕێم نووسەر و خوێنەری كورد خۆیان، لە ڕێی خوێندنەوەی خۆیانەوە بەر زانیارییە تایبەتییەكانی كتێبەكە بكەون، دڵنیام ئەم كتێبە گەر لە لایەكەوە بۆ چێژ بێت، لە سەد لاوە بۆ زانیاری وەرگرتن و شۆڕبوونەوەیە بە ڕۆژگارێكی دێرین و نوێدا، ئاشنابوونیانە بەو دەسەڵاتە ستەمگەرانەی كە بە ناوی خودا و ماف و نەتەوە و نیشتمان و پیرۆزییەكانەوە، نەفرەت لەو فەیلەسووف، نووسەر، بیرمەند و ئەندێشەمەندنە بكەن، كە لە مێشكی هەر تاكێكی ئەم گێتییەدا مۆمێكیان بۆ هەمیشە هەڵكردووە.

 

 

سەرچاوە: galawej