بەرگی یەکەمی فەرهەنگی کوردیی خۆراسان لە نووسینی کەلیموڵڵا تەوەحودی، نووسەر و لێکۆڵینڤانی ناسراوی کورد چاپ و بڵاوکرایەوە.
لە فەرهەنگی کوردیی خۆراساندا هاوتای وشە، چەمک و دەستەواژە کوردییەکانی کوردی خۆراسان بە زمانی فارسی نووسراونەتەوە.
بەرگی یەکەمی فەرهەنگەکە لە پیتی "ئـ"ـەوە لەخۆدەگرێت تاوەکو "ش". فەرهەنگەکە 630 لاپەڕەیە و لە چاپی یەکەمیدا هەزار و 500 بەرگی لێ بڵاوکراوەتەوە.
کەلیموڵڵا تەوەحودی کە بە کانیماڵ ناسراوە، دەڵێت، ویستوویەتی وێنەی "مانگ سوڵتان" بە جلوبەرگی کوردی و ئەسپە جوانەکەی لەسەر بەرگی کتێبەکە چاپ بکات، بەڵام دوای چوار ساڵ لە هەوڵدان، دواجار رێگەیان پێنەداوە وێنەی ئەو ژنە کوردەی خۆراسان لەسەر بەرگی کتێبەکەی چاپ بکرێت.
کەلیموڵڵا تەوەحودی دەڵێت، پەیمانگەی کولتووریی کوردستان لە تاران ئەو کتێبەی چاپکردووە و بە نرخی یەک ملیۆن و 100 هەزار تمەن ( نزیکەی 20 دۆلار) خراوەتە بازاڕ، بەڵام دەزانێت ئەو بڕە پارەیە زۆرە بۆ ئەو کەسانەی کتێب دەخوێننەوە؛ بۆیە بڕیاریداوە لە مافی خۆی خۆشبێت بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر بتوانن بیکڕن و بە 600 هەزار تمەن (نزیکەی 10 دۆلار) دەیفرۆشێت. ئەو بڕە پارەیەش خەرجی چاپکردن و پشکی کتێبفرۆشییەکانە.
سەرچاوە ڕووداو دیجیتاڵ