رووداو دیجیتاڵ
26ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ بە دروشمی (ئازادی.. بەردەوام) لە سلێمانی لە رۆژانی 12 - 14ـی تشرینی یەکەمی 2023، بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت.
د. ئیبتسام ئیسماعیل قادر، سەرۆکى بنکەى رووناکبیریى گەلاوێژ، لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت، "ئەم سـاڵیش، وێـڕای ئاسـتەنگە مـادی و مەعنەوییـەکان، وێـڕای ئـەوەی فەرهەنـگ و کەلتوور و رۆشـنبیری کەوتووەتە خواری خوارەوەی لیستی گرنگیپێدانی فەرمیی لە هەرێمی کوردستان، دیسانەوە، بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ 26ـەمین فێسـتیڤاڵی نێودەوڵەتی ساڵانەی خۆی سازدەکات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-10-2023، فێستیڤاڵەکە بە نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی فێستیڤاڵی گەلاوێژەوە دەستیپێکرد.
دواتر هەریەکە لە سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ، مەلا بەختیار، وەکو سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، یەکێتیی نوسەرانی عێراق و لیژنەکانی هەڵسەنگاندن بۆ هەرسێ بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ (شیعر، چیرۆک، لێکۆڵینەوە) گوتارێکیان پێشکێش کرد.
بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ لە ساڵی 1996 لە شاری سلێمانی دامەزراوە؛ رێکخراوەکە وەکو خۆی دەڵێت، بایەخ بە ئەدەب، هزر، کەلتوور و رۆشنگەرى دەدات.
سەرچاوە : ڕووداو