دووه‌م فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ رووسیا به‌ به‌شداری 54 فیلم به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

بڕیاره‌ 29ی ئه‌م مانگه‌ دووه‌م فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیا، به‌ به‌شداری 54 فیلمی كوردی چوار پارچه‌ی كوردستان و وڵاتانی ئه‌وروپی به‌ڕێوه‌ بچێت.
25ی حوزه‌یران، دانه‌ر ئه‌بوبه‌كر نوێنه‌ری كاربه‌ڕێكه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووسیا، به‌ ''وشه‌''ی راگه‌یاند، 29ی ئه‌م مانگه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رۆژی چوارشه‌م تا 13ی ته‌مووز، دووه‌م فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ هه‌ردوو شاری مۆسكۆ و سانپترسبۆرگی رووسیا به‌ به‌شداری 54 فیلمی كوردی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

هه‌روه‌ها گوتی، ڕێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌ دوو كچه‌ كوردی ئێزیدین له‌ كوردانی سۆڤییه‌ت به‌ناوی گوڵیزار گه‌رده‌نه‌ری و زینا برۆیان، سپۆنسه‌ری فێستیڤاڵه‌كه‌ش، ئه‌لێگ برۆیان سه‌رمادارێكی كوردی سۆڤییه‌ته‌ كه‌ خه‌رجی به‌شێكی زۆری فێستیڤاڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌.  

وه‌ك زیاتر خستیه‌ روو، نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی له‌ رووسیا، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیاندا بووه‌ و هه‌موو هاوكارییەکی مه‌عنه‌وی و ته‌كنیكییان پێشكه‌ش ده‌كات بۆ سه‌ركه‌وتنی فێستیڤاڵه‌كه‌، فیلمه‌كانیش له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، له‌ هه‌شت وڵات و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی به‌شدارن و به‌رهه‌م هاتوون.

ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، له‌ ماوه‌ی رابردوودا رێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ ڕێی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌ت له‌ رووسیا، بانگهێشتی هه‌ردوو فێستیڤاڵی سلێمانی و دهۆك كرابوون، بیروڕا و بیرۆكه‌ی هاوبه‌شیان گه‌ڵاڵه‌ كردبوو بۆ زیاتر پێشخستنی پێوه‌ندییه‌كانی كوردستانی و ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردانی سۆڤییه‌تیان تێدا ده‌ژین، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی كولتوور و هونه‌ری كوردی و ناساندنیان به‌ خه‌ڵكی بیانی.

 

 

سەرچاوە: wishe