ڤینۆس فایەق
«بیر لەوە بكەرەوە خەڵك ئێستا لەسەر فێیسبوك چیدەكەن، بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ هاوڕێ و كەسوكاریان. بەڵام لەهەمانكاتدا هەر یەكەیان سەرقاڵی دروستكردنی ناسنامە و وێنەی تایبەتی خۆیانن، كە لە هێما بازرگانییەكان دەچێت. ئەوان پەیوەندی بەو جەماوەرەوە دەكەن كە دەیانەوێ پەیوەندی پێوە بكەن. خەریكە دەبێتە عەیبەیەك ئەگەر وانەبیت». - مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری سەكۆی فێیسبوك-
هاوڕێیەكم هەیە فێیسبوكی ناوناوە (فییس بوك) بەواتای (كتێبی پیس)، بە هۆڵەندی وشەی «فیس» مانای «پیس» دەگرێتەوە. ئەو باوەڕی وایە فێیسبوك بووەتە جێگەیەكی پیس، چونكە زۆربەیجار بەر بابەت و هەواڵی سەیر و سەمەرە دەكەویت كە نەك سوودی نییە، بەڵكو زەرەر و زیانی زۆری بۆ خوێنەر هەیە، بەتایبەت ئەگەر هەرزەكار، ناهوشیار و كەسانێكی كەم رۆشنبیری بەكاری بهێنن. من رام وایە هەر كەسە خۆی بڕیاردەدات چۆنی بەكاربهێنێت و بە چ ئاڕاستەیەك پیایدا دەگەڕێت. بەڵام هاوڕێ هۆڵەندییەكەم باوەڕی وایە كە جێگەكە پیس بوو ناتوانیت خۆت لە پیسی لادەیت، دەبێت بەجێیبهێڵیت.
كە باش بیرم لە قسەكانی كردەوە گەیشتمە ئەنجامی ئەوەی لەسەر فەیسبوك شتێك نەماوە بەناوی ژیانی تایبەت و خسووسییەت. ئەوەی پێی دەگوترێ بەهای ئینسانی هیچ نرخێكی نەماوە. هەرچی وردەكاریی ژیانی تایبەتی زۆر خەڵك لەبەرچاوی هەموو بەكارهێنەرانی فێیسبوكدایە، تا رادەی ئەوەی كەسێك كە هیچ لە ژیانی تایبەتی خۆی بڵاونەكاتەوە بە نەشاز و جیاواز وەسف دەكرێ.
كێشە گەورەكە ئەوەیە پێگەكانی وەكو فێیسبوك، ئینستاگرام، تیكتۆك وتەنانەت گۆگڵیش رووبەرێكی فراوانیان بۆ بەكارهێنەرانی فەراهەمكردووە بۆ ئەوەی ئەو بابەتانە ببینن و بخوێننەوە كە دەخوازن بیبینن و بیخوێننەوە، لەناو ئەم تۆڕەدا ناتوانیت بێلایەن بیت، بەڵكو هەمیشە لایەنداری بابەتێكی دیاریكراویت، و لەوێشەوە هەواڵە درۆ و هەڵبەستراوەكان و ریكلام و وێنە دەسكاریكراوەكان زیاترین شتن كە بەرچاو دەكەون، و ئادەمیزاد بەرەو جۆرێك لە دیماگۆگیەت دەبات، بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن خەڵك فێری درۆیان دەكات، فێری ساختەكردنی راستییەكانیان دەكات و هەندێكی تریشی فێری قسەكردن كردووە كە ئەگەر فێیسبوك نەبوایە هەرگیز دەنگیت نەدەبیست.
فێیسبوك و هەموو پێگەكانی تری وەكو فێیسبوك گەورەترین زیانی لە منداڵەكانمان داوە، لە جیاتی ئەوەی وەكو منداڵانی جاران لە كۆڵان یاری بكەن و خۆڵاوی بن و بە سەرێكی شكاو وجلێكی پیسەوە بێنەوە ماڵەوە و ژیان بە سروشتی ئەزموون بكەن، ئێستا بوونەتە رۆبۆتێك سەریان بەسەر ئامێرە زیرەكەكاندا شۆڕكردۆتەوە، تەنانەت ئەدەب و ئەخلاق و نۆرم و بەهاكان لەوێوە وەدەگرن. هیچ لەو منداڵانە ئامادە نین و حەوسەڵەیان نیە بۆ چەند دەقیقەیەكیش گوێ لە باوك و دایكیان بگرن، بەڵام لە توانایاندایە شەو بخەنە سەر رۆژ و لەناو ئەو پێگانەدا ون بن. چونكە لەوێ ئەوەی دەخوازن بیبیستن وبیبینن دەستیان دەكەوێت.
وابیردەكەمەوە كە لەسەر فێیسبوك ئەو هەموو پەیوەندی وزانییارییە هەبێت، ئیتر هیچ زانیارییەك بەهای نامێنێت، ئیتر هیچ هەواڵێك راتناچڵەكێنێت. تەنانەت كە هەموومان لە فێیسبوك هاوڕێین و هاوڕێكانی فێیسبوك لە هاوڕێ فیزیكییەكانمان زیاتر بن، ئیتر هاوڕێی فیزیكی چ نرخێكی ئەوتۆی نابێت، سەدان، بەڵكو هەزاران كەس لەسەر ئەكاونتەكەتە، بەبێ ئەوەی بەخۆت بزانیت ناوت لێناون «هاوڕێ»، ئەمە شتێكی سەیرە! هێندەی چاوەڕێی لایك وكۆمێنتێكی «هاوڕێیەكی فێیسبوك»یت، چاوەڕێی هەواڵێكی هاوڕێ فیزیكییەكەت نیت.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ