فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت

لە ماوەی دوو ساڵدا جاری دووەمە کە سینەمای Karo-Otober لە ناوەندی مۆسکۆ میوانداریی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کوردی دەکات، فیستیڤاڵەکە بە هاوبەشی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 13ی تەممووز بەردەوام دەبێت.
نازیم نادیرۆڤ، ئەندامی ژووری فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆسکۆ لە بەشی کورتەفیلم دەڵێت، "هەموو فیلمەکان کاریگەریی زۆریان لەسەرداناوم؛ بۆ نموونە فیلمی 'حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس' کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداری دەکات؛ بالۆرا شێوازێکی میوزیکی کوردییە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت، چونکە من خۆم شارەزایم لە میوزیکدا هەیە، من ئەو فیلمەم بە نزیک لە خۆمەوە بینی، فیلمی '13 هەزار هەنگاو' کە ئەویش لە ئێرانەوە بەشدارە و باسی کۆڵبەرانی کورد دەکات و لە لووتکەی ژیاندا تۆمارکراوە، هەموو فیلمەکان ناوازەن و ئاستی هونەریان زۆر بەرزە".

ئەمساڵ جاری یەکەمە کە فیستیڤاڵەکە لە رێگەی ژوورێکەوە بەڕێوەدەبرێت و لە پێنج بەشدا خەڵات پێشکێش دەکرێت.

میوانان بەشێوەیەکی فراوان بەشداری دەکەن، خوێندنەوەکان بە کوردی و بیانی دەبن لە رێوڕەسمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکە؛ جاری یەکەمە سینەماکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەرهێنەرەکان و ئەکتەرەکانیش راستەوخۆ بەشدار دەبن لە فیستیڤاڵەکەدا.

رێکارەکانی فیستیڤاڵەکە بۆ هاتن و چوونی سینەماکارانی باشووری کوردستان نیگەرانی لێکەوتەوە، چونکە تەنیا توانیویانە بەرهەمەکانیان بنێرن بەبێ ئامادەبوونی خۆیان.

محەممەد حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری هەرێمی کوردستان کە سپۆنسەری فیستیڤاڵەکەن پەیامێکی لە رێگەی ڤیدیۆیەوە ناردبوو، هەروەها نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەخۆ پیرۆزبایی حکومەتی پێشکێشی میوانان کرد.

لە سەرەتای فیستیڤاڵەکە هونەرمەند کەریم گەردەنزەری گۆرانی پێشکێشی ئامادەبووان کرد، دواتر بە پێشاندانی فیلمی 'رێ'ی یەیڵماز گیونەی فیستیڤاڵەکە بە فەرمی دەستی پێکرد.

 

سەرچاوە: rudaw