یه‌كێك له جوانییه‌كانی شیعر ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ هه‌میشه به گه‌نجی ده‌هێڵێته‌وه، بۆیه هه‌رگیز بڕوام وا نییه كه‌سێك هاوڕێی شیعر بێت، یاخۆ له‌گه‌ڵ شیعر ته‌مه‌نێكی گوزه‌ر كردبێت، پیری بتوانێ زه‌فه‌ری پێ ببات.
جه‌مال شارباژێڕی یه‌كێكه له‌و شاعیره دیارانه‌ی له ساڵانی په‌نجا و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه ده‌نووسێت، به ئێسته‌یشه‌وه هه‌ر جواننووسه، هه‌میشه وشه جوان و ناسكه‌كان وه‌ك تۆپه‌ڵه به‌فری زستان كۆ ده‌كاته‌وه و ده‌یوه‌شێنێ بۆ نووسه‌ر و ئه‌ده‌بدۆستان.
به‌م ساڵانه‌ی دوایی شاعیر به‌رهه‌مێكی به‌ناوی "فریشته‌كانی هۆسپیتاڵ" نووسی، هاوشێوه‌ی به‌رهه‌می ملوانكه‌ی هه‌زار ده‌نكه‌ی شارباژێڕه له جوانیدا، بێگومان شاعیر و نووسه‌ری ڕاسته‌قینه تا سه‌رئێسك و تا دواهه‌ناسه له‌گه‌ڵ داهێنان ململانێ ده‌كه‌ن. بۆ نموونه: عه‌بدوڵا گۆران له دواساته‌كانی ژیانیدا له‌ناو خه‌م و ئازاره به‌رهه‌می "بێشكه‌ی منداڵ" ده‌نووسێت، به‌شێوه‌یه‌كی زه‌قیش داهێنانی تێدا ده‌كات.
له "فریشته‌كانی هۆسپیتاڵ"دا شاعیر باسی ئه‌و ناخۆشی و نه‌هامه‌تییانه ده‌كات كه له ئه‌نجامی هه‌ڵكشانی به‌ره‌و ته‌مه‌نێك دووچاری ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له پاڵ ئه‌ویشدا بیر له ساته جوانه‌كانی ژیان و خه‌م و ئازاری نیشتمان ده‌كاته‌وه، بۆ نموونه: له ده‌ستپێكی هۆنراوه‌كه ده‌ڵێت:
نه‌مژماردوون
به‌ڵام
له هه‌ر شۆخه‌كانیان
چاوكاڵ و شین و ڕه‌ش و تۆخه‌كانیان
یان هه‌ڵمبژاردوون
یان خۆیان خۆیان پێ ناساندووم
هه‌ندێكیشیان ئارامییان لێ ساندوومل
ێره‌دا شاعیر باسی ئه‌و شۆخانه ده‌كات كه له‌ناو ده‌ریای یاده‌وه‌رییه‌كانیدا وه‌ك په‌ری بوونه‌ته میوانی ماڵی شیعره‌كانی، یاخۆ وه‌ڬ مرواری و مه‌رجان ره‌ونه‌قیان به ده‌ریای شیعره‌كانی به‌خشیوه.
من له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كۆپله‌یه، ئه‌و شیعری ئه‌حمه‌د هه‌ردیم بیر كه‌وته‌وه كه ده‌ڵێت:
له‌سه‌ر لووتكه‌ی بڵندی گه‌نجی وه‌ستاوم
شریتی عومری ڕابردووم وه‌كو خه‌و دێته به‌رچاوم
واته جه‌مال شارباژێڕیش له‌سه‌ر لووتكه‌ی ته‌مه‌نێك وه‌ستاوه و ئه‌و ڕابردووه له‌ناو ده‌ریای یاده‌وه‌رییه‌كانیدا وه‌ك خه‌یاڵ دێنه پێش چاوی.
شاعیر له شوێنێكی تر ده‌ڵێت:
له هه‌موو ڕه‌شپێستێكیش
ئه‌سمه‌ر و سپی و ڕه‌ش و ئاڵ
پرچیان یان هۆنراوه‌ته‌وه
یان به خاوی به‌ریان داوه‌ته‌وه
بۆ ماچی شان و مل و باڵ
لێره‌دا شاعیر ڕۆڵی وێنه‌كێش ده‌بینێت، وێنه‌یه‌كی جوان له وشه، ڕه‌نگه كاریگه‌ریی ئه‌و ئه‌وینه بێت كه له ناخیدا چه‌كه‌ره‌ی كردووه، یاخۆ هه‌ر شتێك له چوارچێوه‌ی خۆشه‌ویستی و ئه‌ویندا كۆ بێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئازاریش بێت هه‌ر جوانه. یاخۆ له‌لایه‌كی تره‌وه گرنگی بوونی ئافره‌ت ده‌سه‌لمێنێت لای شاعیر كه وه‌ك هێمای جوانی له نووسینه‌كانیدا به‌كاری هێناوه.
كاتی خۆی جۆره هۆنراوه‌یه‌ك هه‌بووه پێیان گوتووه هۆنراوه‌ی لاسایی كه له شیعره‌كانی هه‌ژار موكریانی به‌رچاوم كه‌وتووه بۆ نموونه ده‌ڵێت:
مام بایز ڕۆژباش
(علیك السلام)
ئه‌مه یانی چی؟
جیرانی مه‌لام
نه‌مدی دوێنێ و پێر
به‌خوا چوومه شار
ئه‌وه‌ش ده‌مه‌ته‌قێ و گفتوگۆی ئاسایی نێوان دوو كه‌سه، به‌هه‌مانشێوه له "فریشته‌كانی هۆسپیتاڵ"ی جه‌مال شارباژێڕی له چه‌ند شوێنێدا گفتوگۆ و دیالۆگ دروست ده‌بێت، بۆ نموونه له شوێنێكدا ده‌ڵێت:
لێم هاته ده‌نگ
به ئینگلیزی پرسیاری كرد
(وێر ئاریو فرۆم)
واته خه‌ڵكی كوێیت؟
وتم باشووری كوردستان
وتی كام شار
وتم شاری هونه‌ر و ڕۆشنبیری
ده‌توانم تا ئاستێك بڵێم ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی جه‌مال شارباژێڕی، شیعرێكی چیرۆكئامێزی دراماتیكییه، چونكه له دووسێ شوێن گفتوگۆ دروست ده‌بێت، شیعری هه‌ردوو شاعیر زمانی گفتوگۆی تێدایه، به‌ڵام له ڕووی فۆڕم و ته‌كنیك و داڕشتنه‌وه ته‌واو جیاوازه.
له كۆپله‌كه‌ی تر ده‌ڵێت:
وتم ئه‌ی تۆ؟
وتی منیش وه‌ك تۆ كوردم
خه‌ڵكی باكورم
به‌داخه‌وه سلێمانیم نه‌دیوه
به‌هۆی سنووری ده‌ستكردی نێوانمان
هه‌رچه‌نده دراوسێین
شاعیر لێره‌دا ئاماژه به پارچه پارچه‌بوونی نیشتمان ده‌كات، به‌هۆكاری جیاجیا له سه‌رووی هه‌موویانیشه‌وه به‌هۆكاری سیاسی له‌یه‌ك دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، ڕه‌نگه شاعیر لێره‌دا ڕۆڵی پارچه‌یه‌كی كوردستان ببینێت، هه‌روه‌ها له‌م دێڕه شیعره ڕوڵی ئه‌و ئازارانه وێنه ده‌كات كه به جه‌سته‌ی نیشتمانه‌وه په‌نگیان خواردووه‌ته‌وه.
به‌بۆچوونی من نیشتمان وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك وایه كه پارچه پارچه بووه، به‌ڵام دواجار زمان ئه‌و هێزه كاریگه‌ره‌یه كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌ك ده‌خاته‌وه.
شاعیر له كۆپله‌یه‌كدا ده‌ڵێت:
نه من توركی ده‌زانم
نه ئه‌و عه‌ره‌بی
نه سۆرانی تێده‌گات
وه‌ك له پێشتر ئاماژه‌م به‌وه كرد كه زمانێك ده‌توانێ نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌ك بخاته‌وه، به‌ڵام ڕه‌نگه لێره‌دا كێشه‌كه به ئه‌ندازه‌ی خه‌ره‌ندێك قووڵتر بێت كه زمانێك ناتوانێ ئه‌و كاره بكات، وه‌ك شاعیر خۆی ئاماژه‌ی پێی كردووه ناتوانن به زمانی دایك بدوێن، به‌ڵام دواجار خۆشه‌ویستییان بۆ نیشتمان سه‌رله‌نوێ ئه‌و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه زیندوو ده‌كاته‌وه، چونكه خه‌م ده‌خۆن بۆ كوردستانێكی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆ، وه‌ك چۆن شاعیر له دێره شیعرێكی تردا ده‌ڵێت:
من و تۆ وا له‌م به‌شه‌داین
به‌ڵام، بۆ ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردی شه‌یداین
هه‌ندێك كۆد هه‌یه له شیعره‌كانی جه‌مال شارباژێڕی، فه‌زایه‌كی گه‌وره‌یان له‌ناو دنیای نووسینه‌كانی داگیر كردووه، ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت، بۆ نموونه "وشه‌یه‌ك و دوو مانا، كۆدی په‌ری"، له كۆپله‌ی وشه و دوو مانا ده‌ڵێت:
ئه‌و خۆشه‌ویسته ئه‌و لاوه
ژیان ده‌خاته ئه‌و لاوه
وشه‌ی"ئه‌و لاوه" له هه‌ردوو نیوه دێڕ هه‌ر هه‌مان وشه‌ن، به‌ڵام به دوو مانای جیاواز.
له كۆپله‌یه‌كی تردا ده‌ڵێت:
به‌ڵام هه‌رچی ئه‌وانه‌ی بینیومن
له هۆسپیتاڵ
بێجگه له باربراو له فوراتی چاوكاڵ
ناگه‌نه گه‌ردنێكی بچووكی
په‌ری هه‌ست و خه‌یاڵ
دڵ بۆی عه‌وداڵ
واته لای شاعیر هیچ شۆخێك ناگاته په‌ری، به‌بۆچوونی من ئه‌م كۆپله شیعره هاوشان و هاوواتایه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆپله‌ی شاعیر كه ده‌ڵێت:
هه‌زار فریشته و حۆری جوان
به چاوێكی په‌ری ناده‌م
گه‌وره‌ترین كۆد كۆدی په‌رییه له شیعره‌كانی جه‌مال شارباژێڕی، به بۆچوونی منیش له هه‌رچی ڕوانگه‌یه‌كه‌وه باسی شیعره‌كانی بكرێت، ده‌بێت ئاماژه به چه‌مكی په‌ری بكرێت، چونكه كلیلی ئیلهام و داهێنانی شیعری مامۆستا جه‌مال به وه‌سیله‌ی په‌ری ده‌كرێته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌مه عه‌شقێك بێت له ڕابردوو، به‌پێی كات ئه‌و عه‌شقه په‌ڕیبێته‌وه بۆ ناو بابه‌تی نووسینه‌كانی و وه‌ك بابه‌تێكی ڕۆحی لێ هاتبێت، حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له كتێبی چۆن دڵت هات به جێم بهێڵی ده‌ڵێت:
پێش ئه‌وه‌ی بتبینم، له خه‌وما تۆم دیبوو
ده‌مێ بوو شێوه‌تم به خه‌یاڵ ناسیبوو
واته شاعیر پێش بینین له خه‌یاڵی خۆیدا وێنه‌ی كێشاوه
جه‌مال شارباژێڕیش له كتێبی په‌ری نامه ده‌ڵێت: ناوه‌كه‌ی سه‌رنجی ڕاكێشام، واته ده‌توانین بڵێین تا ئاستێك كه‌م هاوشێوه‌ی عه‌شقی مه‌جازی وه‌ك سه‌لما بۆ مه‌لای جه‌زیری.
له دوا دێڕی هۆنراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
ئه‌وا هه‌فته‌یه‌ك تێپه‌ڕی
هاوڕێ كۆتر خۆشه‌ویسته‌كانم
نانه ورده و چێشتی زیاد و
قوخ و هه‌رمێ و مۆزم پێشكه‌ش نه‌كردوون
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له شیعره‌كه‌دا به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه نه‌ك هه‌ر له خه‌می مرۆڤه، به‌ڵكو له خه‌می كۆتر و باڵنده‌یه، واته ڕۆحییه‌كی ئاژه‌ڵدۆستیی هه‌یه.
به دیوێكی تر كۆتر به‌تایبه‌تی كۆتری سپی ئاماژه‌یه بۆ ئاشتی، ئه‌گه‌ر كۆتره‌كان بشوبهێنین به‌كۆتری سپی، واته ژیانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان چه‌ند ناخۆش و پڕ له ناهه‌مه‌تی بێت، دواجار له‌گه‌ڵ دورشمی ئاشتی و ئارامیدان، یاخۆ له ژێر سایه و سێبه‌ری دره‌ختی زه‌یتوونێكه، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كۆیان ده‌كاته‌وه، چونكه دره‌ختی زه‌یتوونیش هاوشێوه‌ی كۆتری سپی دروشم و هێمایه بۆ ئاشتی.
به‌بۆچوونی منیش هێزی هیچ ئازارێك ناتوانێ مرۆڤه‌كان له‌ناو به‌رێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دڵیانیش نه‌بێت. ئه‌ی ئه‌وه نییه كوردستان له دووریی كه‌ركووك بێ دڵه و كه‌چی تا ئێسته هه‌ر ژیاوه، ڕه‌نگه هێزی خۆشه‌ویستی بێت كه كوردستانی له چاوه‌ڕوانی كه‌ركووك و خه‌ونێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی باوه‌شی كوردستان هێشتبێته‌وه، چونكه خۆشه‌ویستیی شته‌كان بۆ هه‌میشه به‌نه‌مری ده‌هێڵێته‌وه.
وه‌ك له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م به‌وه كرد، ئه‌م شیعره شیعرێكی چیرۆكئامێزی دراماتیكییه، چونكه ڕووداو و گفتوگۆی تێدایه. به‌ڵام له كۆتا و دواجار ده‌ڵێم ئه‌مه هه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆكردنی نێوان دوو كه‌س یاخۆ چه‌ند كه‌سێك نییه، به‌ڵكو دیالۆگ و گفتوگۆیه له نێوان پارچه لێكدابڕاوه‌كانی كوردستان كه باسی ئازار و نه‌هامه‌تیی خۆیان ده‌كه‌ن، واته شوێنه‌كان له‌ڕێی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان دوو كه‌س ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت، چونكه مرۆڤه‌كان دواجار ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و شوێنان كه لێی ژیاون.
ته‌لار تاهیر
سەرچاوە: wishe