عەبدولڕەحمان مستەفا: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک كورد بە یەك لیست بەشداریی بكات دەبێتەوە بە زۆرینە

عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووی كەركووك، لە چاوپێكەوتنێكی (باسنیوز)دا ڕایدەگەینێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كورد بە یەك لیست بەشداریی بكات هاوشێوەی ڕابردوو دەبێتەوە زۆرینەی ئەنجوومەنەكە و دەشڵێ، ئەو هەڵبژاردنە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئیدارەیەكی تازە بۆ كەركووك دابنرێت.

سەرەتا دەربارەی ئەوەی كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە كەركووكیشەوە ئەنجام بدرێت و گرنگیی ئەو هەڵبژاردنە لە كەركووك لە چیدا دەبینیتەوە؟ پارێزگاری پێشووی كەركووك، گوتی: بەڕاستی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ كەركووك، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ ئەم ماوە درێژە كاریگەریی نەرێنیی زۆر هەبووە لە سەر ئیدارەی كەركووك، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە دوای ئەو هەموو ساڵە هەڵبژاردن لە كەركووك ئەنجام بدرێت كە لە ساڵی 2005ەوە ئەنجام نەدراوە.

گوتیشی: بەپێی دەستوور ئەنجوومەنی پارێزگا، ئیدارەی كەركووك دیاری دەكات و بەبێ نەبوونی ئەو ئەنجوومەنە ناكرێت بەرپرسانی پارێزگا دابنرێت بەتایبەت لەبابەتی دانانی پارێزگار و قایمقامەكان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكان، بۆیە زۆر گرنگە ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێ و ئامادەكاریی باشی بۆ بكرێت.

دەربارەی ڕۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگاوە، عەبدولڕەحمان مستتەفا، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەنجوومەنی پارێزگا دەزگایەكی چاودیرە بەسەر حكوومەتی خۆجێیەوە و چاودێریی كارەكان و پڕۆژەكان دەكات و هەڵوێستی دەبیت لە بەرامبەر هەر كردەوەیەك و تەنانەت پڕۆژەكانی پارێزگا دەبێ لە ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەر بچن و پەسەند بكرێن و دابەشیان بكات بەسەر ناوچەكاندا و زۆر گرنگە ئەو ئەنجوومەنە هەبێت بۆ ئەوەی ئەنجوومەن و ئیدارەیەكی تازە بۆ كەركووك دابنرێت.

سەبارەت بەوەی چ پەیامێكت هەیە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی كەركووك بە یەك لیست بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەن بۆ ئەوەی دەنگی كورد لە كەركووك بەفیڕۆ نەچێت و كورد هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگای كەركووك ببێتەوە بە زۆرینە، پارێزگاری كەركووك، ئەوەی خستە ڕوو: بە یەگرتوویی دەكرێ هەموو شتێك بكرێ، ئەگەرنا بەرپەرتەوازەیی و هەر لایەنێك و بۆ خۆی بە لیستێك بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكات، زیانێكی زۆر دەكەین، بەڵام بە یەكگرتویی و یەك لیستی، بەتایبەت لەسەر یاسای تازەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا تەنیا دەنگێكیش كاریگەریی گەورەی دەبێت، بۆ ئەوەی لیستەكە سەركەوتوو بێت، بەڵام ئەگەر بە پەرتەوازەیی بێت، دەنگیێكی یەكجار زۆرمان دەفەوتێت.

پارێزگاری پێشووی كەركووك ڕایشگەیاند: ئەگەر بێت بە یەك قەوارە و یەك لیست بین دەنگمان نافەوتێت و لەوانەیە وەك هەڵبژاردنی 2005ی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك جارێكی تر زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنەكە بەدەست بخەین، بۆیە داواكارم لە هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە كەركووك یەكهەڵوێست بن لەسەر ئەو بابەتە و بە یەك لیست بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە بكەن و لە یەكگرتوویی دەستكەوتمان دەست دەكەوێت، بەپێچەوانەوە لە زیان زیاتر هیچمان دەست ناكەوێت.

بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق و بە كەركووكیشەوە ئەنجام بدرێت و لە ساڵی 2005-وە بەهۆی داواكاریی لایەنەكانی توركمانی و عەرەبییەوە تایبەتمەندی دەخرایە پاڵ كەركووك و ئەو هەڵبژارنە نەدەكرا.

 

سەرچاوە : باسنیوز