شەڕ و بێنرخکردنی کتێبەکان

 

 جوان شێخ لەتیف

هەڵگیرسانی شەڕ مەترسیی گەورە لەسەر ژیان لە هەموو رووەکانییەوە دروستدەکات، هاوکات نەهامەتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەدرێژایی مێژوو شەڕی بێ ئاسەواری خراپ نەبووە، مرۆڤی زۆری تێدا بووەتە قوربانی، کوژران و برینداربوون، بەجێمانی منداڵانی بێ دایک و باوک، هەڵوەشاندنەوەی خێزان و خاپووربوون، قورسیی هەڵسانەوە لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕ، دەیان کاریگەریی خراپی دیکە لەسەر ژینگە و مەیدانی شەڕ تێداکراو.

یەکێک لەو شتانەی لە سەروەختی شەڕدا دەبێتە قوربانی ناوەندەکانی خوێندنە لە هەموو ئاستەکاندا، هەروەها لەناوچوونی کتێبخانەکان و سووتانی کتێبەکان و دوورکەوتنەوەی مرۆڤ و کتێبە لەیەکتر بەشێوەیەکی گشتی، ئەوە دەبێتە سەرەتایەکی خراپ بە ئاراستەی نەخوێندەواری و دواکەوتوویی و پەککەوتنی چالاکییە رۆشنبیری و فەرهەنگییەکان.
لە مێژوودا کارەساتی سووتاندنی کتێبخانە ناوازەکانی بەغدا و فڕێدانی بۆ ناو دەریا هەیە  لەلایەن سوپای مەغۆلەوە ساڵی 1258ی زاینی  لەکاتی داگیرکارییەکەیدا، ئەوە لە پاڵ کوشتارە زۆر و بێ بەزەییەکانیدا، پەڵەیەکی رەشە بە مێژوو و ناوبانگییەوە، هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە داگیرکەر چەندە رق ئەستوورە بەرانبەر کتێب و هۆشیاریی گەلان و هێشتنەوەیان لە بارودۆخی دواکەوتووییدا، چونکە کتێب و هۆشیاریی و رۆشنبیریی گەلان مرۆڤ بۆ ئازادیی و بەرگریی رەوا هاندەدات.
ئەگەر وردبینەوە لەو جێگەیانەی شەڕیان تێدایە، ژیانی ئاسایی دەوەستێت، برسێتی و قاتوقڕی باڵ دەکێشێت بەسەر کۆمەڵگەدا، ئیتر خەڵکی لەبری هەوڵدان بۆ دەستخستنی کتێب، بۆ نان و ئاو و مانەوە لە شوێنێکی ئارامدا هەوڵدەدات، کتێبخانەکان زۆرجار دەکرێنە سەبازگە و پڕ دەبن لە بۆنی خوێن و دووکەڵ، رەفەکان تۆز و خۆڵیان لەسەر دەنیشێت و کتێبەکان بێناز دەبن.
دەسەڵاتی داگیرکەر و شەڕخواز بە بەرنامە کتێب و کتێبخانەکان بێ نرخ دەکەن، زۆرترین بوودجە بۆ خۆ پڕ چەککردن خەرج دەکەن، راستە هێزی ئازادیخواز گرنگی بە کتێب و خۆڕۆشنبیرکردن دەدەن، بەڵام دەرفەتیان کەمترە و لەو ئاستەدا نابێت پانتاییەکی زۆری بۆ دابینبکەن، بەتایبەت لە گووند و شوێنە دوورەدەستەکاندا کە کتێبی بە ئاستەم پێدەگات و بواری رۆشنبیریی زۆر تەسک و ناکاریگەرە.
ئێستا لە سێ ناوچەی شەڕدا لەسەر ئاستی جیهان، کتێبەکان دەسووتێن؛ ئۆکرانیا، رۆژئاوای کوردستان و غەززە، هاوشانی کوشتنی مرۆڤەکان خوێندنگە و کتێبەکانیش دەسووتێن، تا چەندین ساڵیش ئاسەوارە خراپەکانی لەسەر خەڵکی ئەو شوێنانە دەمێنێتەوە.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ