شه‌وی یه‌ڵدا به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن یۆنسكۆوه‌ تۆمار كرا

شه‌وی یه‌ڵدا كه‌ به‌ درێژترین شه‌وی ساڵ هه‌ژمار ده‌كرێت و له‌لایه‌ن كورد و ئێرانییه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌فغانه‌كان یاد ده‌كرێته‌وه‌، به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن یۆنسكۆوه‌ تۆمار كرا.
له‌ یۆنسكۆ دوو جۆر شوێنه‌وار هه‌یه‌ كه‌ تۆمار ده‌كرێ، جۆری یه‌كه‌میان ئه‌و شوێنه‌واره‌یه‌ كه‌ ده‌بینرێت یان ماده‌یه‌، وه‌ك پارچه‌ی شوێنه‌واری و قه‌ڵا و كۆمه‌ڵێك شتی تر، جۆرێكی تریش هه‌یه‌ ماده‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆنه‌ یان نه‌ریتێكی تایبه‌تییه‌ و یه‌ڵداش له‌و چوارچێویه‌دا تۆمار كراوه‌.

به‌گوێره‌ی ڕادیۆ فەردا، پێشتر ئێران به‌ ته‌نیا داوای له‌ یۆنسكۆ كردبوو یه‌ڵدا بخاته‌ لیستی شوێنه‌واره‌كانی، به‌ڵام ره‌ت كرابووه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ بوو به‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌ریته‌كه‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌، به‌ هاوكاری ئه‌فغانستان پێشكه‌ش كرا و له‌لایه‌ن یۆنسكۆوه‌ په‌سند كرا.

یه‌ڵدا به‌ كۆنترین جه‌ژنی ئێرانییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ له‌ دوای خۆرئاوابوون له‌ 30 ره‌زبه‌ر یان دواین رۆژی پایز، ده‌ست پێ ده‌كات و تا هه‌ڵاتنی خۆر له‌ یه‌كه‌م رۆژی زستان درێژه‌ی ده‌بێت، له‌و شه‌وه‌دا خه‌ڵك له‌ ده‌وری یه‌كتر كۆ ده‌بنه‌وه‌ و قسه‌ی خۆش ده‌كه‌ن و چێژ له‌ كۆڕه‌كه‌یان وه‌رده‌گرن و به‌ شه‌وچله‌ و خۆراكی جۆراوجۆر ده‌یبه‌نه‌ سه‌ر. 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 10ی ره‌زبه‌ره‌ و 20 رۆژی تری ماوه‌ شه‌وی یه‌ڵدا ده‌ست پێ بكات كه‌ ده‌كه‌وێته‌ 21ی كانوونی یه‌كه‌م. ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و شه‌وه‌ یاد ده‌كرێته‌وه‌ و رێوڕه‌سم و ئاهه‌نگی جیاوازی بۆ رێك ده‌كرێت.

 

سەرچاوە: wishe