شەرافەت، بەجێگەیاندنی ئەرکە

ئالبێر کامۆ بیرەمەندێکی ئەگزیستانسیالیستە. باسی شەرەف یەکێ لە باسە گرنگ و تازەکانە کە ئەم بیرەمەندە دای هێناوە. کتێبێکی گرنگ و دەورانسازی هەیە بە ناوی سیزیف، کە لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەیەکی فەلسەفییە لەسەر نهیلیسم و پووچیگەری. هەڵبەت ئەو لە نێوان پووچیگەری و بێهۆدەیی جیاوازی دادەنێت. بۆیە یەکسەرە دژی بێهۆدەیی دەوەستێتەوە. سیزیف، ناوی پاڵەوانێکی ئەفسانەیی نیوە خودا، نیوە مرۆڤی یۆنانییە. سیزیف پاش ئەوەی لە مەڵبەندی خواکان تووشی هەڵە دەبێ و نهێنیان ئاشکرا دەکات بەوەی سزا دەدرێت کە دەبێ گاشەبەردێک لە کێوێکی بەرز و هەڵەمووت بباتەسەرەوە و لە دوندی کێوەکەدا خانوویەک بەو بەردە ساز بکات. "خواکان، زانیبوویان هیچ سزایەک ترسهێنەرتر لە بێهۆدەیی نییە." سیزیف هەرچی بەیانییە هەتا ئێوارە ئەو کارە دەکات، بەڵام کاتێ لە دوندی کێوەکە نزیک دبێتەوە لەناکاو بەردەکە لە دەستی بەردەبێتەوە و دەچێتەوە خوارەوە. ڕۆژێکی تر لە بەیانییەوە سەرلەنوێ ئەو کارەی پێشوو دەست پێ دەکاتەوە. کەچی هەر جار، ئەم کارە دەکات سەر ناکەوێت و ئەمە دەبێتە چارەنووسی هەتاهەتایی. کامۆ دەڵێ من ئاشقی ئەو ئاگاهییەم، ئەو کاتەی بەردەکە دەچێتە خوارەوە، سیزیف درەنگێک دەکات و ڕادەمێنێ، کەچی پاشان قۆڵ هەڵدەماڵێتەوە و هەمتر تێ دەکۆشێتەوە. ئەو لە ڕێی ژینێکی ئاگامەندەوە مەرگی بە بارمتە گرتووە و خواکانی تووڕە و بێتاقەت کردووە. سیزیف سەرەڕای ئەوە دەزانێ سەر ناکەوێت، بەڵام مکووڕە لە دووبارە کردنەوەی تێکۆشانەکەی.
کامۆ دەڵێ ئەم چیرۆکە، چیرۆکی ئێمەی ئینسانە. هیچ مرۆڤێ ناتوانێ بە ویست و داخوزیەکانی بگات؛ ئێمە مەحکومین بەوەی سیزیفانە بژین. لەبەر ئەوەی، مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکە سروشت پێچەوانەی وازەکانی ئەو دەجوڵێتەوە. هەموو مرۆڤێک ئاواتیەتی بەبێ هەڵە، بەبێ تاوان، بێخەوش ژیان بکات و زۆر بژیت. بەڵام دیارە ئەمە بۆ کەس دەستی نەداوە و ناشدات. هەموان بەئاواتن شتەکان هەمیشە تازە و جوان و دڵڕاکێش بۆیان بێمێنێتەوە، کەچی هەموو شتێ پاش ماوەیەک ئەو واتایەی نییە کە پێشتر بویەتی. بەمبۆنەوە کامۆ دەڵێ مرۆڤ پێچەوانەی بوونەوەرەکانی تر لەم دنیایە غەریبە. غەریبی ئێمە لەبەر ئەوەیە ئەم جیهانە لە ئاست ویست و داخوازیەکانی مرۆڤ ڕوویەکی خۆش نیشان نادات. کامۆ دەڵێ شەرەفی مرۆڤیش ڕێک ئا لێرەیە. مرۆڤ، هەر وەک سیزیف دەزانێ سەر ناکەوێت، بەڵام هێشتا ئەو کارانەی کە مەحکووم بە شکستن لە ئەنجام دانیان پاشگەز نابێتەوە. شەرافەتی مرۆڤ بەوەیە دەست لەو کارانە بەرنەدات کە لە ناسەرکەوتنیان دڵنیایە. مرۆڤ هەرچی ڕۆژە لەگەڵ خۆی هەندێ بڕیار دەدات، کە وا بکات و فیسار بکات، کەچی باشباش دەشزانێ سەرناکەوێت، بەڵام هێشتا سیزیفئاسا پەیمان نوێ دەکاتەوە و تێ دەکۆشێ و بڕیاری بەرخۆدان دەداتەوە. ئەمە نەریتی مرۆڤی شەرافەتمەندە. "شەرافەت، بەجێگەیاندنی ئەرکە
".

مرۆڤی شەرافەتمەند، لە هەموو ژیانیدا هەندێ کار دەکات چاوەڕێی گەیشتن بە ئامانج نییە، بەڵام هێشتا چاوی لەو کارانەیە کە لەناویاندا سەرنەکەوتوو بووە. دەزانێ ئەو ئامانجە باشە، کەوایە لەپێناو باشی، دەست لە خەبات و تێکۆشان ناکێشێت با بە ئامانجیش نەگات. ئەگەر ڕۆژێک کەسێک بگاتە ئەو ئاکامە و بە خۆی بڵێت ئێمە زۆرمان کۆشا هەتا بێخەوش و بێتاوان بژین و ڕەنجی زۆرمان کێشا، بەڵام سوود و ئاکامێکی نەبوو، بۆیە لەبەیانییەوە بڕیاڕ دەدەم ئیتر لە دووبارەبوونەوە خۆم قوتار بکەم، لە بەیانییەوە ئەو کەسە ڕێک حەیوانە. مرۆڤ، تا کاتێ مرۆڤە لەپێناو ویست و وازی نەکردەدا لە تێکۆشان و خەبات نەوەستاوە.

"هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم

ئەگەر بێجگە لە ناکامی نەبینم بەرهەمێکی تر"

کەیهان عەزیزی

سەرچاوە: parantez