شانۆیی کۆگای ژمارە چوار

 

 

کامیل محەمەد قەرەداغی

 

   کە هەر کۆمەڵگایەک بەرەو قۆناغەکانی سەرمایەداری هەنگاودەنێت ئیتر شێوازەکانی بەرهەمهێنانیش تیایدا گۆڕانکارییان بەسەردادێت .کە شێوازی بەرهەمهێنان گۆڕا، ئیتر بەها کۆمەڵایەتییەکانیس درزی لەرزۆک بوونیان تێدەکەوێت. مەسەلەی کارلێک لە نێوانی سەرمایە و بەهای کۆمەڵایەتیدا تەنها یەک شێوازی یەک ئاراستەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە سەرمایە و ئابوریەکەی سەرمایە دەتوانن کاریگەریی خۆیان بخەنە سەر نەریتەکان و بەوشێوەیە رەنگی خۆیانی بەسەردا بڕژن، کە خۆیان دەیانەوێت، مەرجیشە کە هەمیشە ئەو رەنگ و کاریگەرییانە نەرێنی و شێوێنەربن، بتوانن برینی نوێ دروست بکەن، بەڵام ەاتوانن برینێکی کۆن چاک بکەنەوە و شوێنەکەی بگۆڕن.

لەناو ئابوری و سەرمایەشدا تەنها یەک گوتەی زاڵ هەیە کە پارێزگاری لە مانەوە و بەردەوامیی خۆی دەکات، کە ئەویش گوتەی بەرژەوەندییە. بەرژەوەندی رەهەندێکە لە رەوتی سەرمایداریدا، کە وەک شادەمار خۆی دەبنیێت و کاریش دەکات، بۆیە ئەو وڵاتانەی کە سەرمایەدارین شەرم لەوەناکەنەوە ئەو پەیام و پەیڕەوەی خۆیان بە ئاشکرا رابگەیەنن، کە دەڵێن ئێمە هاوڕێی بەردەواممان نییە بەڵکو بەرژەوەندیی بەردەواممان هەیە. ترسناکیی ئەم پەیامە لەوێوە دەست پێدەکات، کە کاتێک هاوڕێی بەردەوام نەبوو، واتە ئەو کەسانەش کە هاوڕێتن یان خزم و کەستن، دەکرێت لە هەرچرکەساتێکدا ببن بە رابوردوو، لەبەرئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانتدا نەهاتونەتەوە یان نەگونجاون. کەی ئەوان نەگونجان، ئیتر مانەوەی ئەوان بۆ کەسی سەرمایەدار گرنگی و بەهایەکیان نییە، دەتوانێت باکی بەوە نەبێت کە بۆ بەردوامبوونی بەرژەوەندییەکانی خۆی گوێ بە لەناوچوونی ئەوانیش نەدات، یان ئەگەر پێوستیشی کرد بۆ خۆی ئاسان بێت لەناویان بەرێت.

بازاڕی سەرمایە و کاری سەرمایەداری وەک حەوزێکی لیخن وایە، کەدەکرێت بەدەر لە ئەو ماسییانەی بەچاو دەبیندرێن ماسیی تریش هەبن گەورەبن لە قووڵاییدا مەلەی خۆیان بکەن و نەشبیندرێن، بەڵام کە برسییان بوو ئەو ماسییانەی تر بخۆن کە دیارن. کەواتە ئەوان سەرچاوەی کاریگەریین، بەڵام لەرووکاری سەرەوە و دەرەوەی ئاوەکەدا ئەوان دیارنیین، ئەگەر خۆیان بە مەبەستەوە نەیانەوێت کەس نایانبینێت، بەڵام لە راستیشدا لەوێدان. بوونەکەیان بەڵگەنەویستە. دەیانەوێت هەبن، بەوشێوەیە کە لەلای خۆیان رەسەنایەتی وەرگرتووە کاری خۆیان بکەن، نەشبیندرێن، ئەگەر کەسێکیش بیەوێت راستیی ئەوان بخاتەپێشچاو و پێیان بڵێت سەری چاوتان برۆیە، ئەوا بە ئاسانی وەک ماسییەکی بێذەستەڵات پێستی دەکرۆژن.

چوارەم رۆژی ئەم مانگە لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی شانۆگەرییەکمان بینی، لە ئاستێکی هونەریی بەرزدا بوو. تیما سەرەکییەکەی زیندو و نوێ بوو، دیوە فۆرمالیستییەکەشی ستاتیکی و جوان بوو، لە هەردوو ئاستی فۆرم و ناوەڕۆکدا تا ئاستێکی باش چووبوە پێشەوە. ورەیەکی پێداینەوە، کە شاری رۆشنبیری دەتوانێت شانۆی باش و جوانی هەبێت. کۆگای ژمارە چوار شانۆییەک بوو، کە لەچەند رەهەندی جیاوازەوە کاری هونەرییانەی تیادا ئەنجامدرابوو. بابەت و ناوەڕۆک، نواندن، دیکۆر مۆسیقا، گۆرانیی زیندوو، رۆڵی ئەکتەر، هەموویان  پێکەوە و هەریەکەش بەجیا بیری لێکرابۆوە، هیچ کایەیەکی کاری نواندن و شانۆیی وا نەبیندران، کە بیری لێ نەکرابێتەوە و کاری لەسەر نەکرابێت.

کۆگای ژمارە چوار کە ناونیشانی شانۆییەکەیە پێماندەڵێت ئەم بابەتەی کە نمایشی دەکەین لە چوارەمین کۆگادا روودەدات، کەواتە دەتوانین بیر لەوەش بکەینەوە، کە سەرمایەداری کۆگای تری پێش و دوای ژمارە چواریشی هەیە، دەشێت لەناو ئەونیشدا چیرۆکی تری زۆر هەبن، کە دواجار مرۆڤەکان تیایدا دەبن بە قوربانی، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین هیی ناو چوارەمیانە، کە دوو ئەکتەری کارامە رۆڵی کەسایەتییە سەرەکییەکانیان دەبینی، هەژین دارا و بێساران جاسم، کە ئەمانە دوو هاوسەری گەنج بوون، یەکتریان خۆشدەویست، بەڵام هەرکاتێک لەبارەی خێزانی ماڵی ساراوە قسەیان دەکرد کێشەیان بۆ دروستدەبوو، تا ئەورادەیەی کە سارا دەستی لە هاوسەرە خۆشەویستەکەی بەرزدەکردەوە لێیبدات. باوکی سارا سەرماەدارێکی وەهمییە، کە لە هەمانکاتدا خەباتکارێکی دێرینی خەباتی نیشتمانییشە. بۆ نواندنی کەسایەتیی باوکی سارا لە شانۆییەکەدا تەنها کورسییەکی سەرویل دەبینین، کە کەسانێ تر هەن لە پشتەوە پاڵی پێوەدەنێن، خۆی وەک کەسایەتی راستەوخۆش دەرناکەوێت، بۆیە کەسێکی دیاریکراو نییە، کەچی دەشێت هەر کەسێکیش بێت. ئەم کەسایەتییە کە رۆڵێکی وەهمی بۆ نواندنەکەی دانراوە خۆی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام کاریگەرییەکەی هەیە و کارلەسەر رەوتی روداوەکان دەکات، ئەو کەسانەی لەوەوە نزیکن هەریەکەیان بەشێوەیەک هەوڵدەدات میراتگری یەکەمی بێت، بەڵام سارا کە کچەکەیەتی چاوی لەسەر ئەو مەسەلەیە نییە، سارا هەر مرۆڤێکی ئاساییە، هاوسەرگیریی کردوە، حەزدەکات لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆیدا لە ئارامیدا بژی. بەڵام هاوسەرەکەی ناتوانێت ئەو ئارامییە بۆ خۆی و بۆ ساراش دابین بکات، چونکە ئەو رۆژنامەنوسێکە ناحەقی و ستەمەکان دەبینێت و ناتوانێت لێیان بێدەنگ بێت. لە دیمەنێکدا بەرامبەر بە کەسایەتیی وەهمیی خەزوری وەستاوە، قسەی دڵیی خۆیی پێدەڵێ، بەڵام هێندە لە رەوشەکان بێزارە خۆیی لێ دەبێت بە سەگ، ئالەوێدا ئیتر نواندنی ئەم ئەکتەرە دەگات بە ترۆپک.

ئەودەمەی کە سارا لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆیدا دادەنیشێت لەفەیەکی جگەر دەخوات پێماندەڵێت ئەم ژنە تەنها نانێک و ژیانێکی سادەی دەوێت، کاری بەوەنییە باوکی خۆی چ سەرمایەدارێکی گەورەیە، بەڵام کەسانی ناو هەڵپەکارییەکەی جیهانی سەرمایە و پلانگێڕان ناهێڵن ئەو و هاوسەرەکەی بە ئاسایی بژین، تا دواجار هەردووکیان دەکوژن.

والی و ئارام دوو کەسایەتیی جوانی ناو شانۆکەن، هەردووکیان لە چینی سەرمایەداری دەستەڵاتدارن، هۆکاری سەرمایەداریەکەیان نزیکییەکەیانە لە باوکی ساراوە، والی هاوڕێ و هاوکاری بووە، ئارامیش برایەتی، بەڵام  برایەک کە خۆی بەڕوونی هاوار دەکات، دەڵێت: من هیچ مەبدەئکم نییە، هەموو مەبدەئێک لەلای من پارەیە. ئەوەی کە رەوتی ژیانی هەمووان و دوواییش روداوەکان دەشێوێنێت ئەوەیە مێردی سارا رۆژنامەنوسێکی وریایە، نایەوێت بەوشێوەیە بژی و بجوڵێتەوە کە ماڵە خەزوورانی دەیانەوێت. قسەشی لەگەڵدا دەکەن بەڵام سوودی نابێت، لە دیمەنێکی زۆرجوانی درامیدا دەبینین والی دەست دەبات، لە گیرفانی خۆیەوە عەترێک دەردەهێنێت و دەیڕژێت بە بەرگی رۆژنامەنوسەکەدا، دەیەوێت بۆن و کایگەریی خۆی بەسەر ئەودا بسەپێنێت ، بەڵام کارەکەی هیچ شتێک ناگۆڕێت. بۆیە بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات، پاش ماوەیەک دەیبەن و وونی دەکەن، لە کۆگای ژمارە چوادا دەیشارنەوە، بەڵام مەبەستی شاردراوەی پشتی ئەو شاردنەوەیە لەلایەن والییەوە وەک هەوڵێک دەبیندرێت بۆئەوەی دەست بگرێت بەسەر سارای ژنیدا. ساراس کە دەزانێت مێردەکەی لەکوێ بەندکراوە، دەچێتە کۆگای ژمارە چوار، چونکە ئەوێ بەشێکە لە موڵکەکانی باوکی، دەیەوێت لەوێوە بە ئاسانی مێردکەی خۆی بهێنێتەوە. بەڵام والی لەوشوێنەدا چاوەڕوانیەتی، دەیەوێت لەوێ قایلی بکات کە شووی پێبکات، بەڵام ئەوە هەرگیز لەلای سارا بابەتێک نەبووە بیری لێ بکرێتەوە، بۆیە کێشەکە لەوێدا قووڵتر دەبێتەوە. ئارام دێتە ژورەوە و والی لەناودەبات. بە دوو گولـلە سارا و مێردەکەشی  دەکوژێت.  دەنگی تەقاندنی دووایین گەلـلە لەوەدەچێت پێمان بڵێت بینەرانیش دەکوژێت. ئەو کە ناوی ئارامە، بە ئارامە لە کوشتندا، چونکە هەموو شتێک لەلای ئەو پارەیە. جگە لە پارە هیچی تر نابینێت.

ئەکتەرەکان زۆر بەباشی بۆ رۆڵەکانیان هەڵبژێردرابوون، هەموویان کاری باشیان کرد، تۆفیق ساڵەح، زەریا سامی، ژولیا حسەین، هەموویان بەسەر پانتایی شانۆکەدا زاڵ بوون ، فیگەری دیار و بەرچاویان هەبوو. جگە لەمانەش کۆمەڵێک گەنجی خوێندکار و ئارەزوومەندی شانۆ لە کارەکەدا بەشداربوون. بەشدارییەکەی ئەمانیش جوانییەکی تێدابوو، کە مایەی سەرنج بوو، ئەمانە ئەو کەسانەبوون کە کارەکانی سەر شانۆکەیان ئەنجام دەدا و بەشێک بوون لە نواندن، دیکۆر گۆڕین لە ئەستۆی ئەوان بوو، بە شێوازێکی هونەری ئەنجامیان دەدا. بەڵام هەموویان وەک دوو ئاماژەی جوان، یەک جۆر ماسکی سپییان لە سیمای خۆیان دابوو. ئاماژی یەکەم ئەوەبوو، کە ئەمانە کۆمەڵێک گەنجی تازەپێگەشتووی بواری نواندنن، دێن لە شانۆدا خزمەت دەکەن، بەڵام لە هەڵپەی ئەوەدانیین ببینرێن و بناسرێن، خۆبەخشانە ئەرکەکانی خۆیانیان ئەنجام دەدا. ئاماژەی دووەم پێیدەگووتین، کە هەمیشە چینی سەردەست و خاوەنسەرمایە کەسانێکی نەناسراو لە پشتیانەوە و لە بەردەستیاندا هەن کە بە بەردەوامی خزمەتیان دەکەن، بۆئەوەی لە سایەی ئەواندا بتوانن بژین، بەڵام ئەم کەسانە لە ناو خەڵکدا ناناسرێن، نابینرێن، ئەگەر بینراشن، ئەوا ماسکەکانیان سپی و بێگەردە، هیچی پێووەدیار نییە.

کۆی دیمەنەکان و پەیامەکانیان روون و سەردەمییانە بوون، هەندێک پرسیاریان وروژاند، وەڵامی هەندێک پرسیاریشیان دایەوە،  بەڵام دووایین پەیامیان لەبارەی کوشتنی ناحەقی ژنانەوە بوو، کە  دەیگوت دەشیت ئەوە ببینین ژنان بکوژرێن و دوواییش ببیستین کە بڵێن هۆکاری کوشتنەکەیان ئەوەیە خراپ بوون، بەڵام کە بەوردی سەیربکەیت تێدەگەیت هۆکارەکە ئەوەنییە خراپ بوبن، بەڵکو ئەوەیە کە ئامادە نەبوون خراپ بن.

دواجار دەتوانین بڵێین کۆی جوانی وردەکارییە هونەرییەکانی ئەم کارە شانۆییە بەرهەمی ماندوبوون و کاری دەرهێنەری وریا، دکتۆر دێرین حامیدە لەگەڵ ستافی کاری شانۆی تاڤدا، بۆیە لە ئێستاوە دەتوانین بڵێین چاوەڕوانی کاری باش لە دێرین و گروپی شانۆیی تاڤ بکەن.

سەرچاوە : ئاوێنە