شاره‌زایه‌كى هه‌ڵبژاردن:" پارتی بەشداری هەڵبژاردنێک ناکات خۆی دەنگەکان نەژمێرێت"

ئاری محەمەد

شاره‌زایه‌كى هه‌ڵبژاردن لە یەکێک لە گرووپی هەواڵەکان سەبارەت بە مەترسی پارتی بۆ هەڵبژاردن نوسیویەتی:

پارتی بەشداری هەڵبژاردنێک ناکات خۆی دەنگەکان نەژمێرێت"

ناوبراومەترسیەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنى په‌رله‌مانى كورستان له‌ پێنج خاڵدا كۆكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: 


۱- لە دەستچونی یانزە کورسی کەمیینەکان، کە ئەمانە تۆماری دەنگدانی خۆیان نیە و ئاسایی ئەتوانرێت ئیستغلالی کورسیەکانیان بکرێت، بە حوکمی ئەوەی کاتی خۆی لەسەر داوای تورکیا و ڤاتیکان ئەم کورسیانە زیاد كراوه‌، قورسایی پێکهاتەکانیش لەسنوری پارتی هەتا ئێستا لەلایەن ئەوانەوە ئیستغلال کراوە، هاوكات زۆر پێکهاتەی تر له‌ كوردستان هەن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەنگەکانیان بۆ پارتی مسۆگەر نەبووە کورسی کۆتایان بۆ دانەنراوە وه‌كو ئێزیدی و کاکەییه‌كان و چه‌ند كه‌مایه‌تییه‌كى ترى ئاینى..

۲- بەهۆی دروستبونی کوردستان بەسه‌ر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، پارتی کورسی حیزبە بچوکەکانیشی لەدەستدا، حسک و شیوعی و بزوتنەوە و زەحمەتکێشان و هاوپەیمانەکانی ، ئەم حیزبانە جەماوەریان نەماوە، بەڵام پارتی ڕێژەیەکی زۆری بۆ خانەنشین کردون کە هەموو جار بەدەنگی خانەنشینەکانی کورسیەک ئەهێنن و دواتر قازانجەکەی ئەڕژێتەوە گیرفانی پارتی، بەڵام ئێستا بەهۆی بچوک بونەوەی بازنەکان و دابەشبونی دەنگی ئەم حیزبانە بەسەر هەر چوار پارێزگاکەدا ناتوانن بەدەنگی خانەنشینەکانیان کورسی بەرن.


۳- بونی چوار بازنەی هەڵبژاردن پارتی لە دوو بازنە بێ بەشکردوو شەڕی هەڵبژاردن دەگوازرێتەوە بۆ هەولێرو ناشتوانێت بە دەنگەکانی دهۆکی تەعویزی کەمی دەنگەکانی لەبازنەکانی تر بکاته‌وه‌، چونکە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە دهۆک کێبڕکێکاری توندى نەبوو بێجگە لە یەکگرتووى ئیسلامى، بەزۆر و بەتەزویر هەموو جار پارتی ڕێژەی دەنگدانی لە دهۆک بەرز ئەکردەوە و نزیکەی نیوەی فراکسیۆنی پارتی هەموو جار دەرچوانی دەنگدانی دهۆک بون ئەمجارە ناتوانێ ئەوە بکات.

٤- پارتی کارتی باری شارستانی زۆری بۆ سورییه‌كان و تورکه‌كان دەرهێناوەو لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەنگی ئه‌وانه‌ى به‌ده‌ست ده‌هێنا، کە مەرجی دەنگدان بونی کارتی باری شارستانی بوو، بەڵام ئەمجارە مەرجی  دەنگدان بونی کارتی بایۆمەتریە کە بۆ کارتی بایۆمەتریش پێویستمان بە ڕەگەزنامە جنسیە هەیەو ئەو دەنگدەرە تەزویرانەش جنسیەیان نیە و پێدانی جنسیەش دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم نیە و لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق  هەرچی جنسیە دراوە حکومەتی مەرکەزی هەموی سڕ کرد.

٥- بۆ مه‌سه‌له‌یى هەڵبژاردنیش کۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردن ئەنجام ده‌دات و پارتی ناتوانێت ئازادانە وەک جاران خۆی دەنگەکان بژمێرێ و کورسیەکان دابەش بکات، هەر بۆیە بەشداریکردن بۆ پارتى قورسە..