نەبەز گۆران
گوندەكەی ئێمە_بیارە_ ماڵەكانی بە شاخەكانەوەن، مێژووییەكی درێژی هەیە، ڕیشەی ناوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هۆریاییەكان.
ئێمە با پیرانمان هوشیاربوون، بیركردنەوەیەكی كشتوكاڵییان هەبووە، زەوییە تەختەكانیان بۆ كشتوكاڵ و باخ بەكارهێناوە، شاخەكانیش بۆ ماڵ.
كورد ناتوانێت دەست لە شاخ هەڵگرێت، شاخ تەنها هێمای شۆڕش و بەرگریكردن و خۆشاردنەوە نییە، شاخ هێمای لانكەیەكە بۆ ماڵ. كاتێك باپیرانمان بیر لە ماڵ دەكەنەوە، بۆ ئەو لانكەیە دەگەڕێن، لە قەدپاڵی شاخەكاندا دەیبینن.
كاك بەختیار عەلی_ لە كتێبی گوتاری مانەوەدا، لە بەشی دووهەمدا سەرنجی لەسەر ئەم سیستەمی خانووبەرەیەی گوند داوە، لە كتێبی ڕیشە مێژووییەكانی گوتاری مانەوەدا، هەوڵمداوە ڕیشەی ئەم تێگەیشتنە كەمێك ڕوون بكەمەوە.
ئەشێت دیدگایەك هەبێت، ماڵ لە شاخ، بە جۆرێك لە خۆشاردنەوە تەماشا بكات، دیدگایەكی دیكە هەیە، ماڵ لە شاخ، بەو ڕۆحە بەرز و سەركەشە دەبینێت، مرۆڤی كورد هەمیشە ئارەزووی لە بەرازییە، دەیەوێت لە بەرزاییەوە بۆ دونیا و خۆی بڕوانێت، ئەگەر سیستەمی بیناسازییەكەشی زۆر سروشتی بێت، بەڵام بەرزایی هێمایەك بە شكۆمەندی مرۆڤەكە دەبەخشێت.
باپیرانمان، بەو دیدگایەوە ماڵ نابەنە شاخ، دەستكاری سروشت بكەن، بە پێچەوانەوە هەوڵێك دەدەن بۆ تێكەڵبوونێكی تەواوەتی سروشت و لەناو سروشتدا خۆیان دەتوێننەوە. ئەو نیگایەی تەنها شاخ بە هێمای شۆڕش و لانكەی بەرگری و سروشت دەزانێت، نیگایەكە بە تەواوەتی قوڵ نەبووەتەوە لە شرۆڤەی گوندەكانی كوردستان و تێنەگەیشتوە لەو ڕیشەیەی مێژوویی كورد هەیەتی، بۆ ماڵ لە قەتپاڵی شاخ.
ئێمە بۆ ئەوەی شاخ و ماڵ بناسین، دەبێت ئەو ڕشە مێژووییە بناسین، لە گوندە دێرینەكانەوە ئایدیاكەی دارێژراوە، لەوێوە بڕوانین بۆ سیستەمی بیناسازی و خانووبەرە و تێگەیشتن لە سروشتی ئەم مرۆڤەی، ناوی كوردە و بپرسین: بۆچی هەمیشە دەیەوێت بەرزایی ببێتە شوێنی ڕوانین و شوێنی ئارامییەكەی كە ماڵە؟!
بۆ زیاتر تێگەیشتن لە ئایدیای شاخ و ماڵ.
خوێنەر دەتوانێت ئەم دوو كتێبە بخوێنێتەوە.
_گوتارى مانەوە/ بەختیار عەلی
_ڕیشەمێژووییەكانی گوتاری مانەوە/
سەرچاوە : خەندان