پشکۆ ناکام
.....نازانم پێشتریش هەر وا بوە یان دیاردەیەکی تازەیە کە کورد بە "وەهم"ەوە خۆی سەرقاڵ کردبێ و بە دەیان وەهمی سەیر و عەجایب کە باشترین بابەتی نوکتەن ، لە فەیس بوک و ووتار و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی تا ئەگاتە کتێب ، " پیری هونەرمەندان" ئەڵێ: هیچ میللەتێ بەقەد کورد نە لە مۆسیقا ئەزانێ نە حەزی لێیەتی..!! بەم قسەیە ، ببورن بەم نوکتەیە وای بۆ ئەچم کە مۆسیقاژەنەکانی مەراسیمە دینی وهونەرییەکانی یۆنانی کۆن" ئەغریق" بە خزمایەتی ئەگەڕێنەوە سەر" برایانی زیزی " و "بیتهۆفن " لە بنەچەیا خەڵکی شارەزوور بوە و لەترسی عەسکەری بە جێ ی هێشتوە و ڕووی کردۆتە نەمسا .. برادەرێکی تر ڕەگەزی کورد ئەوەنە ئەباتە دواوەوە کە ئەکەد و سۆمەر" شارستانیەتی سۆمەر نەک جگەرەی سۆمەر" تێئەپەڕێنێ و بەڵگەش بەردێکی هەڵكەنراوە کە پیاوێکی جامانە بەسەری تیایە ، کار وا بڕوات ئەگەینە ئەو قەناعەتەی کە کورد پێش " دینۆ ساور" هەبوە و ناوی "کوردۆساور" بوە وەک ئیشارەتێک بۆ پەیوەندی بەینی کورد و ساوەر..لەوانەیشە ئادەم و حەوا کە ویستبێتیان چپە چپێ بکەن بۆ ئەوەی خوا تێنەگا بە زازایی قسەیان کردبێ ، دال نوقتەیەکی زانکۆ "خولە پیزە"مان لێ ئەکا بە یەکەم جەنگاوەری بیری نەتەوایەتی و ئەو پۆلیسانەی کوشتونی لە تۆڵەی داگیر کردنی کوردستان و لەت لەتکردنەکەی بوە واتا بە مەفهومی عەشایەری ئەکرێ "خ. پیزە" بە "بسمارک"ی کورد ناو ببەین ، کەسێ کە نە زمان زان ، نە مێژوو ناس نە ئەکادیمییە ، و جگە لە کوردی و عەرەبیە دوکەڵاوییەکەی هیچ زمانێکی تر نازانێ پێمان ئەڵێ : کوردی دەوڵەمەن ترین زمانی دونیایە !! ئەرگومێنت و بەڵگەی زانستی "یۆخ"، ڕەنگە دەوڵەمەنی زمانی کوردی بە هەموو دیالێکتە تێگەیشتبێ کە لە سەیتەرەکانی نێوان سلێمانی و زاخۆ یەتە بەر گوێ.. هەقی خۆشمانە کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان شکات بکەین کە چۆن کوردی وەک بەر فراوان ترین زمانی جیهان نەخراوەتە پێش چینی و ئینگلیزی و ئیسپانی ، گەر چاکیان نەکرد لە دادگای فیدڕاڵی شکاتیان لێ بکەین .، لەوانەیشە کاتی خۆی چین مەفرەزەیەکی پارتی زانی ناردبێ بۆ کوردستان و زمانەکەیان دزی بێ و بۆ ئەوەی دزییەکە ئاشکرا نەبێ پیتەکانیان کردوە بە ڕەسم !!
نەتەوەییە ئازاکانی نەوەی کاوە نەخشەیەکی کوردستانیان هەیە کە پێ ی ئەڵێن لە دەریاوە بۆ دەریا ، کە لەوبەر یۆنانەوە دەست پێ ئەکا تا ئەگاتە عبادان بە شگ العربەوە ، لەم بوارەشا"شایەر"ێک ڕای وایە لە ئێران زیاتر لە چل ملیۆن کورد هەیە لە حاجی هۆمەرانەوە تا خوزستان..ڕەنگە ئەم شایەرە تووشی ئەو نەخۆشیە بوو بێ کە چاو بە دەبڵ و سێ بەرابەر شت ئەبینێ و ژمارەکان وەک معاشی حیمایەکانی زەڕبی دوو سێ ئەکا ..
دەسەڵتدارانی بە ناو هەرێم زوو زوو ئەڵێن قەوارەی هەرێم دەستکەوتی ڕووبارێ خوێنە ،ئەوان کە خۆیان و ماڵ و مناڵیان بە هاوینیش خوێن لە لووتیان نەهاتوە هەر خۆیان بوون لیتر بە لیتر خوێنی چواردە ساڵی کوردیان بە دیاری برد بۆ "شاهنشاه ێریا مهر"و ئەویش ڕژانیە ناو "شگ العرب" تا بە " خلیج الفارس" ناو ببرێ ، ئێستاش خوێنی دوای ئەو قۆناغە لە ناو بۆرییا کراون و ئەمجارە بە دیاری ئەچێ بۆ "کۆشکی چنکایە" یەی ئەنکەرە ...
ماوەیەکیش بە وەهمی " ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردی" بە کوردیان ڕابوارد و عێڕاق و کوردستان لە " دوو دراوسێ ی باش " هاتۆتە سەر" لاتێک و بەخێوکەرێکی باش" و وەهمی تاپۆیەکی ڕەش کرا جارێ کراوە بە خۆڵەمێشی تا ڕۆژی خۆی بە مەقەڵی دەرئەهێنرێ..
ئەم وەهمانە کە لێرە و لەوێ ئەبینرێ و ئەبیسترێ وەک ئەو سێبەرە وایە کە لە ڕووناکی یان هەتاوا ئینسان خۆی ئەبینێ و گەورەترە لە خۆی ، ئەو ڕووناکییەی وای کردوە کورد لە "وەهمی گەورەیی" خۆیا بژی ڕووناکییەکەی لە ئەنکەرە و تارانەوە هاتوە و ئەوەش قەوارەی واقیعی کورد خۆی نیە
بەڵکو " سێبەر "ەکەیەتی....
سەرچاوە : سپیمیدیا