سیاسەت بە هزری ناسیاسی ناکرێ..

 

 

 

 

 

 

تاڤگە سابیر

 


دەکرێت سیاسەت بە چەند دزێك بکرێت و پێیان بڵێن " ئەوە کلیلەکە" دوایش ، کە کوردستانیان تاڵانکرد سەرسامیبن..!

دەی ئەوان لە ڕابووردوودا ئەوەیان نەشاردۆتەوە ، کە هەر ئەو کارانە دەزانن ..

چۆن دەکرێ لەباربردنی ئەزمونی حوکم لە کوردستان ،بەتاڵانبردنی  سەروەت و سامانی وڵات و بە هەدەردانی وزەو ئەگەرەکانی دروست بوونی ئەم نیشتیمانە بەردەوام بێ لەلایەن کۆمەڵە کەسێک ، کە پێشتر بە هەزاران شێواز سەلماندویانە ، کە ئەوان دروستکەرنین ، ڕوخێنەرن ..!

ئەوان  شارەزای حوکمکردن نین ، خاوەنی دیدو دنیابینیەکی مەدەنی و عەقڵانی نین، بگرە مێژوویەکیان هەیە لە تاڵانکردن و فەرهودکردنی کوردستان . بابڵێن ئەوە کوردستانە و حوکم بکە و دواجار کە شکستیان هێنا، شکست لە بەڕێوەبردن و دابیکردنی خزمەتگوزاری وپێداویستییەهەرە سەرەتاییەکاندا ، شکست هێنان لەپەروەردەوپێگەیاندنی نەوەکانی کورد،شکست لە ناساندن ودۆزینەوەو ئاشنا بوون بەمێژو،فەرهەنگ وکولتورو زاراوەو زمانی کورد  بۆ سەربڵندی تاکی کورد وشانازی بەکوردبوون ، بۆدروستکردنی کەسایەتی بەهێزی کورد .. 

بەڵام سەرکەوتوون لە فەسادو تاڵانکردنی سەروەت و سامانی سەرخان وژێرخانی کوردستاندا ، ناتوانێ بڵێت "ئێمە هیچ لێپرسراونین" یان بەلانیکەمەوە ناتوانێن بڵێن " ئێمە بەشداری ئەو شکەستەمان نەکردووە" پارتی و یەکێتی بەپلەی یەکەم لێپرسراون لەم هەلومەرج و بارودۆخە خۆ ئەگەر بەمانا سادەکەی دیموکراسیەتیش بێت ، دەبێت پارتی و یەکێتی خۆیان بەلێپرسراو بزانن دەربارەی واقیعی " هەرئەوە شک ئەبەین ! " کە واقیعێکە باس لە ناعەدالەتی و فەسادو ترۆرو تۆقاندن و هەرەسهێنانی هەموو ماناو پرنسیپەکان دەکان و جۆری حوکمیش باس لە حوکمکرنێک دەکات کەلەمێژە شکستیانهێناوە لە بەرهەمهێنانی هێزی سیاسی دیموکراسی وگۆڕانکاریە کۆمەڵایەتییەکان.

یەك هێزی " سیاسی" بە دوو باڵی لێکجیابووەوە، دوو گروپ یان دوو باڵ ، بەڵام یەك هێز یەك جەوهەر ، یەك زەین ، سەربەیەك تایپی هێز، یەك ستراکچەری عەقڵی هەموو هەوڵێك بۆ ناونانی یەکێکیان بە مۆدێرن.. " یەکێتی" و ئەویدەکەیان بە کۆنەپەرست " پارتی" هەوڵێکە زیاتر لە پروپاگەندە دەچێت نەك خوێندنەوەی جدیی لێپرسراوانە ، یەکێتی پارتیەو پارتی یەکێتیە دیارە لە جەوهەردا ، هەردووك لە جەوهەدا یەك هێز پێکدەهێنن ، یەك تایپی هێزن ، کە زادەی کۆمەڵگەی کوردیە ، ئەوەی دەمێنێتەوە کەگوایا جیاوازییە لە نێوانیاندا ، لە ڕاستیدا هەندێ وردەکارییە ، کە لەخودی جەوهەرەکە یان ماهیەتی هێزەکە ناگۆڕێت ، ناسینەوەو پۆلێنکردنی هێزەکان خۆی زانستەو شارەزایی پێویستەو هەرگیز بابەتی " ڕا " ی من و " ڕای" تۆ نییە ، بەڵام ئێمە ئاگاییەکمان لەم زانستە نییە.

هەروەك چۆن سەرکرایەتی پارتی و یەکێتی چەندین ساڵە سەرقاڵی کوشتنی سیاسەتن وە سەرقاڵی ترۆرکردنی سیاسەت لەوەدا ، کە گشت کێشە سیاسەکان و مەدەنییەکان و کۆمەڵایەتییەکان لەفەزای گشتیەوە دەگوێرێتەوە بۆ دانیشتنە تایبەتییەکانیان لە سەری ڕەش یان قەڵاچوالان، دوو شوێنی نا سیاسی و بە دوور لەشەفافیەتی مەدەنی و سیاسی ، واتە هەوڵی بە عەشایەرکردنەوەی سیاسەت ، سەرقاڵی ترۆرکردنی سیاسەتن لەوە کەپێشوەخت و بێسازدانی گفتوگۆیەکی عەقڵی و بێ دبەیتێکی مەدەنییانە لەسەر کێشەکان ئەوان بڕیاریانداوە.

لەبنەڕەتدا عەقڵ پێماندەڵێت لە هەلومەرجێکی تەندروستداو لەفەزایەکی مەدەنی و سیاسیدا ئەم هێزە ، لەسەر جۆرێك بنەمای بازرگانی دەژین کەلەم دەڤەرەدا پێیدەڵێن ' سیاسەت" لەپاڵ دوو کۆمپانیادا ،دوو کۆبوونەوەی نا سیاسی و نا مەدەنیدا ، کە پێیاندەڵێن یەکێتی و پارتی .

کاتی هاتووە ئەو دوو کۆمپانیایە لە کێشەکان ئاگاداربکرێنەوەو بیانبەنەوە سەرکێشەکان لە کۆشك ، تەلاری " سەرکردەکان" دا نا ، بەڵکو لە فەزای گشتیداو لە ڕێگای سازدانی ئەرگومێنت و ململانێ و کێشمەکێش لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کۆی جڤاتەکەدا ، ڕاستیەکیش کە دەبێ بوترێت ،کە تەنیا ئەو دوو کۆمپانیا گەورەیە لەم کارەساتە لێپرسراونین ، بەڵکو هەرچی گروپ و دەستەوتاقمە بەناو سیاسیەکان ، بەناو " حیزیی" یەکان هەیە لە کوردستاندا بەشدارن لەم هەلومەرجە نالەبارە بە دوورە لەسادەترین پرەنسپەکانی سیاسەت و ئەخلاقی کوردبوون ، کەئەمڕۆ باڵادەستە لە کوردستاندا.

لەدیدی منەوە هەموولایەك ، هەموو دەستەوتاقمێك ، دامودەزگایەك ، رێکخراوێك ، بەشێکی لێپرسراوێتی ئەو هەلومەرجەی دەکەوێتە سەرشان، هەموومان کەم تا زۆر لەم ستەمکارییە بەرپرسیارین لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا پێچەوانەی کۆمەڵێك نووسەرو " ڕۆشنبیر"و شاعیر" ، کە هەر زۆر زوو مەفتونی " دەسەڵاتی سیاسەتمەدارەکان " بوون و بازیانهەڵدایە ناو هاوپەیمانێتیەکەوە لەگەڵیان و بوونە بەشێکی دانەبڕاو لەو هەلومەرجە تازایەی کوردستان ، ئێمە چەند نووسەرێك و لێکۆڵەرەوەیەك بووین ، کە لەوماوەیەدا هەوڵمانداوە خوێندنەوەی دیکەمان بۆ " سیاسەت" و ' حوکمی کوردی" و ئەو هەلومەرجە هەبێت لە ڕێگای بەرهێنانی دامودەزگای چەمکی تازەوەو ، تا ئەو شوێنەی کە توانای عەقلی و فیکریمان ڕێگەی پێداوین و لە هەستکردنمانەوە بە لێپرسراوێتی و وەك ئەرکی فیکری و هاونیشتمانییانەی خۆمان و وەك کەسانی لێپرسراو بەرانبەر بەویژدانی خۆمان و بگرە زیادەڕۆیی نییە گەربڵێن وەك ویژدانێکی زیندوو لە قۆناغێکی پڕ لەقەیراناوی بێویژدانیدا وە سەرقاڵی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی و ئەو شتەبووین ، کە ڕۆژگارێك ناومانناو " دەستەڵات" ڕاستی شتەکان و مەسەلەکان، واتە وتنی ڕاستی بە " دەسەڵات" و هەمیشەش چاومان لەبەمەدەنیکردنی کۆمەڵگاکەمان بڕیووە.

نەهامەتیەکانمان لێرەوەدەستپێدەکات ،هاتووین ناومان لە شتێكی پڕسەیروسەمەرە ناوە " دەسەڵات" ،

کە هەموو شتێکە جگەلە دەسەڵات..

 بەکۆبوونەوەی چەند گروپێك لەسەر خوانی فەرهودکردنی سامانی وڵات و ئاودیوکردنی ژێرخانی ئابووری و خاپورکردنی و دژایەتیکردنی بەرژەوەندی گشتی و فەزای گشتی و سوکایەتیکردن بە مرۆڤ و ژیانی و پرنسیپە پیرۆزو مەدەنییەکانمان و تووە " دەسەڵات کوردی"

بە کۆمەڵێ کەسی نا سیاسی و نا مەدەنی و نا هۆشیار بەرانبەر بە سیاسەت ( سیاسەت وەکو فەلسەفەو هونەرو زانست) ، ناهۆشیار بەرانبەر بەجیهان و ستراتیژیەت بەمانەمان وتووە " سیاسەتمەداری کورد یا سیاسیەکانی کورد" یا هەرناوێکی دیکەی لەم چەشنە بەچەند کەسێکمان وتووە " سەرەك " یان " سەرکردە" یان سکرتێر حیزب " ، ئەندامی سەرکرایەتی " کەلەڕادەبەرەر بێئاگان لە هونەری ، ڕابەرایەتیکردن ، لەڕادەبەدەر بێبەرین لە ئەخلاق و خاسیەتی سەرکردە، لەوانە دانایی ، خاوەن بوونی فەزیڵەتی مەدەنی و هۆشیاربوون و شارەزابوون لە کێشەو مەسەلەکان و مێژووی هەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز بۆ ڕابەرایەتیکردن بەر بەبنەمای غەریزە نا ، سەرۆک خێڵ نا ،بەبنەمای خودپەرستی و مەفتوونبوونی بەرژەوەندی خۆ نا..  بەڵکو بە بنەمای کۆمەڵێك پرنسیپ و بەهاو نوڕمی مەدەنی و عەقڵی و سیاسییانە، کە لەدواجاردا لەلایەکەوە گەردوونین و لەلایەکی دیکەوە پەیوەندییان بەو کۆمەڵە خەڵکەوە هیە کەئەمان گوایا ڕابەرایەتییان دەکەن یان نوێنەرایەتییان دەکەن.

هەروەها ماوەیەکی زۆرە کە ئێمە هەرکۆبوبوونەوەیەکی کۆمەڵێ کەسی بێپیشەو بێبەهرە ناوزەد دەکەین بە "حیزیی سیاسی" یان " کۆمەڵەی سیاسی" لەبەر هیچ نا، تەنها ئەو ناوەیان لەخۆناوە واتە ئێمە نەهاتووین لەبەر ڕۆشنایی هونەری سیاسەت و فیکرو فەلسەفەی سیاسەتدا ئیمتیحانی ئەو کۆبوونەوانە بکەین و پرسیاربکەین ئایا بەڕاستی ئەمانە " حیزیی سیاسی" بەمانای مۆدێرن پێکدەهێنن یاخود کۆنوونەوەی عەشایەری و خێڵەکین؟ ئێمە بێپرسیارکردن ناومان لەهەر کۆبوونەوەیەك ناوە " حیزب" _ یا ناونانەکانی ئەوانمان وەکو خۆی وەرگرتووە !) ، کە خاوەنی دەستەیەکی کارگێڕی بووبێت لەگەڵ هەبوونی دۆکیومێنتێك ، کە گوایا " پەیڕەو و پرۆگرامە" بێ تاقیکردنەوەو زانینی ئەوەی تا چەندە بانگەشەی ئەوان بۆ پرنسیپ و بەهاکان سیاسییانەیەو لەچوارچێوەی سیاسەتدا دەگونجێن ئایا پرنسیپی سیاسیانەن یاخود پەخشان یان ، کە فوکوڵێکی سادەن لەوئاستەن ، کە پێوەری  سیاسەت و مەدەنیەت و فەلسەفەی کێشمەکێشی سیاسی و جودی ئەمڕۆی کۆمەڵگە لەهیچ شوێنێکی ئەم جیهانە نایانخوێنێتەوە ؟