سۆران حەمە ڕەش؛ پڕۆژەیەک بۆ سەرلەنوێ تێگەیشتنەوە لە مێژووی کورد و ڕزگارکردنی لە داگیرکردن

 

 

داستان بەرزان

 

 

مێژووی ئێمەی کورد وەک یەکێک لە گەلە بەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پڕیەتی لە ناڕوونی و هاوکات لە شتانێکی زۆر کە هێشتا ڕاستییەکانیان وەک خۆیان نەناسێندراون، جگە لەوەی ئەم کایە گرنگە ژیارییەمان کەمترین کات لەلایەن خۆمانەوە تۆمارکراوە، بەڵکو زیاتر لەلایەن گەلانی باڵادەستەوە بە ویستی خۆیان و بەو جۆرەی بەرژەوەندییەکانیان خواستوویەتی ئاماژەی بۆ کراوە، لەبەر ئەوە دەبینین زۆرجار مێژوونووسانی خۆمان بە ناچاری گەڕاونەتەوە سەر ئەو سەرچاوانەی ئەوان، یاخود ئەوەی ڕۆژهەڵاتناسەکان و ئەو کەسانەی بە مەبەستی جیاجیا ڕێگایان کەوتۆتە زێدمان و لە شێوەی گەشتنامە یان یادداشت و بیرەوەرییدا تۆماریان کردووە.

ئەوەی لەلایەن مێژوونووسانی گەلانی دیکەوەوە نووسراونەتەوە، بە تایبەت مێژوونووسانی (تورک، فارس، عەرەب...) بە زەحمەت مێژوویەکی بێلایەن و بێخەوشیان پێڕەوا بینیوین. ئەوەش لە خواستی داگیرکارییانە و ئارەزووی دەستبەسەراگرتن و تەنانەت سڕینەوەی ئەوانەوە دێت لە هەمبەر لایەنە جیاوازەکانی ژیاری ئێمە وەک ئایین، زمان، کولتوو، هونەر... تاکو دەگات بە کۆی مێژوومان و لەوێوە بۆ خاک و زێد و تەواوی ئەو پێکهاتە ڕیشەییانەی وادەکەن وەک گەلێکی سەربەخۆ و خاوەن شوناسی خۆمان دەربکەوین.

هەڵبەت ئەمە بەو واتایە نییە کە ئێمە مێژوونووسمان لە نەتەوەی خۆمان نییە، بەڵام بە هەموو پێوەرێک ڕێژەی ئەو مێژنووسانەی بە توانایەکی بەرزی کارکردنەوە بە شێوەیەکی زانستی بۆ گەلێکی وەکو کورد کە لە زۆربەری ڕووەکانەوە داگیرکراوە، بە ئەندازەیەکی بەرچاو کەمە و ئەو بۆشاییە زۆرەی کارکردن لە مێژوودا پڕ ناکاتەوە، تەنانەت بەشێکی زۆری ئەوانەشی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا پسپۆڕییان لە مێژوودا هەیە زیاتر کارەکانیان لە دنیا ئەکادیمییەکەدا دەسووڕێنەوە و کەمترین پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوەی ئەو ناوەندانەدا هەیە، کە سەرەنجام  کاریگەرییەک لەسەر تێگەیشتنی گشتی خەڵک بۆ مێژوو دروست ناکەن.

لەسەروو ئەوە جۆرە لە مێژوونووسان لە ڕابردوودا کە زیاتر هەندێک هێڵی گشتی مێژووییان گرتووە و زۆرتر لە خەمی لایەنی بنەچە و ڕەچەڵەکی (کورد)دا بوون، کەمتر بواریان هەبووە بۆ فراوانکردنی لایەنە جۆربەجۆرەکانی مێژوو، لە ئێستادا ئەوەی نووسەر و مێژوونووس (سۆران حەمە ڕەش) لە میانی کتێب و بەرنامە و چاوپێکەوتن و فیلمە بەڵگەنامەییەکانەوە دەیکات، هێڵێکی دیکەیە بۆ کارکردن لە مێژووی نادیار و دەستبەسەراگیراوی ئێمەدا، مێژوویەک کە ستەمی گەورەی لێکرواوە. بۆیە بە ڕاستی کارکردنی ئەم مێژوونووسە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە پێناو قوتارکردنی مێژوودا لە لابورەکانی زانکۆ و ئەکادیمییاوە بۆ سەرپلاتفۆڕمە هەمەجۆرەکانی میدیا، بە تایبەت لە ئێستایەکدا کە ڕووبەڕێکی گەورەی ژیان لە دنیای مەجازییدایە، مرۆڤی ئەمڕۆ ئەوەی لەسەر شاشەی مۆبایل و لاپتۆپ و تابلێتەکاندا بەرینەکەوێت و دەرکی نەکات پێی وایە بوونی نییە، واتە بۆ زۆربەی خەڵکی، شاشەکان سەرچاوەی سەرەتا و کۆتایی هەر زانیارییەکە.

نووسەر و مێژوونووس و زمانزان سۆران حەمە ڕەش هەر لە کتێبی (کورد کێیە؟)ەوە بنەمایەکی گرنگ بۆ مێژووی ڕەچەڵەکی کورد و شوێنی ژیان و بوون و ئەدگار و کاریگەرییەکانی لە مێژوودا دادەنێت، تاکو دەگات بە ساغکردنەوەی هەندێک بابەتی مێژوویی گرنگ کە لە لایەن گەلانی دیکەی ناوچەکەوە بۆ مەرامی تایبەت و بە ئەنقەست شێوێندراون، لەسەروو هەموویانەوە ئەوەی شێوەکارکردنی ئەم نووسەرە جیا دەکاتەوە لە مێژوودا بەکارهێنانی کەرەستەکانی دیکەی جیاواز لە کتێبە بۆ ناساندن و خستنەڕووی بابەتە مێژووییەکان، وەک دروستکردنی ڤیدیۆی تایبەت بۆ دیجیتاڵ میدیا یاخود بەرهەمهێنانی جۆرێک لە بەڵگەفیلمی تایبەتی مێژوویی کە وادەکات نەوەی نوێ ئاسانتر دەستی بە بابەتەکان بگات، ئەمە جگە لەو چاوپێکەوتن و لێدوانانەی لە ڕێگای تیڤی و یوتیوب و ئامرازەکانی دیکەوە بەردەوام دەیانگەیەنێت بە گوێگرانی.

خاڵێکی دیکەی جیاکەرەوەی ئەم نووسەر و مێژووناسە؛ ئەوەیە کە ئەو داتا و بەڵگە مێژووییانەی بەدەستی خستوون وایانکردووە بە جۆرێک لە دڵنیایی و پشتئەستوورییەوە بۆچوون و ساغکردنەوەکانی دەرببڕێت، ئەمەش گرنگە بۆ هەر کەسێک کە لە مێژوودا کاردەکات، چونکە زۆرجار لە کەسانی خاوەن پسپۆڕیی مێژووەوە بیستوومانە بەشێک لە توێژەران و مێژوونووسانی ئێمە لە ئەنجامی ئەوەی زۆر نەچوونەتە قوڵایی و ڕیشەی ئەو بابەتەی کاریان لەسەر کردووە، نەیانتوایوە زانیاریی پێویست و یەکلاکەرەوە بە دەستەوە بدەن، بەڵکو هەندێکجار بەدەستهاتووەکانیان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە و هەندێک لە بۆچوونەکانیان دۆخێکی ناجێگیریی تێدایە، لە کاتێکدا گرنگە مێژوو ڕاستییەکان لە شوێنی شیاوی خۆیاندا دابنێت و لە ناڕوونی و نادڵنیایی دەربازیان بکات.

بە کورتی ئەوەی پێویستە سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەم نووسەرەمان بخرێتەڕوو ئەوەیە کە ناوبراو بە جۆرێکی دیکە و لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە خەریکە بە مێژووی خۆمانمان ئاشنا دەکاتەوە، جیاواز لەوەی هەیە و ڕەنگە هەمووان لەسەر بەشێکیان کۆک بین، ئەم کارکردنەوەی ناوبراو پێویستییەکی سەردەمییانەیە و گرنگە پاش تێپەڕبوونی ساڵانێکی درێژ بەسەر ئەو نادادییەی دەرهەق بە مێژوومان کراوە کەسێکی وەها بێت و ڕاستییە مێژووییەکان بخاتەڕوو، دواجار دەکرێت کەسانی پسپۆڕ لەگەڵیدا بەشداربن بۆ هێنانە ئارای قسەوباسێکی زانستی و بەسوود کە ڕۆڵی هەبێت لە خستنەڕووی مێژوویەکی ڕاستەقینەدا، ئەوەی کاری کەسانی شارەزایە لەم نێوەندەدا ئەوەیە هەوڵ بدەن بۆ سەرلەنوێ ناساندنەوەی ئەو مێژووە بە جۆرێکی دیکە کە لە ئەنجامی بوونی سەرچاوی نوێ و ڕووانینی سەردەمییانەوە جارێکی دیکە بخرێنەوە ڕوو. خاڵی کۆتایی لەم باسەدا ئەوەیە کە جێگەی داخە زۆرجار ئەم هەوڵە جیدیی و گرنگانەی لێرەولەوێ دەردرێن لە هەر بوارێکدا، ئەوەندەی دژایەتی دەکرێن (بە تایبەت لەلایەن کەسانی بوارەکەوە)، هەرگیز هێندە پاڵپشتی ناکرێن و ئەوەی دەیکەن بەهەند لێیان وەرناگیرێت، بەڵکو لە ماوەیەکی کەمدا بەرەیەکی توندی لێدەگیرێت و ئەوەش وادەکات کەسەکە دوور بکەوێتەوە یان کارەکانی سنووردار بکات. ئێمە ناڵێین ئەوەی سۆران حەمەڕەش و هاوشێوەکانی دەیکەن لە بوارەکانی دیکەدا شایەنی هیچ سەرنجێک نین، بە تایبەت لەلایەن کەسانی هاوپیشە و پسپۆڕی بوارەکەیانەوە، بەڵکو ئەوەی مەبەستی ئێمەیە ئەوەیە لە جیاتی دژایەتی و بەرە دروستکردن لە دژیان، بوار و زەمینە بۆ ئەم هەوڵە تاکە کەسییانە خۆش بکرێت کە دەیانەوێت  جۆرێک لە دەستکاریی و نوێکاری لە کارەکانیاندا بکەن، چونکە بێگومان ئەگەر کەڵک لە توانای ئەم جۆرە کەسانە وەربگیرێت، دواتر دەتوانرێت لە ئاستێکی گەورەتر و دەستەجەمعیدا دەستەی پسپۆڕ و پیشەییان لێ دروست بکرێت بۆ زیاتر برەودانیان بەو بوارانەی کە کاریان تێدا دەکەن.

سەرچاوە : هاوڵاتی