ساندهێرست ناوەندێك بۆ فرۆشتنی چەك و دروستكردنی پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

دوای ئەوەی ئەکادیمیای شاهانەی مەشقی سەربازی ساندهێرست لە ئینگلتەرا، نەوەیەكی دیكەی لە خولی مەشق و ڕاهێنانە سەربازییەكان پێگەیاند، بەڵام دیوێكی دیكەی ئەم زانكۆیە كاردانەوەی جۆراوجۆری لە میدیاكانی عەرەبی و جیهانیدا لێكەوتەوە.

لە ساڵی 1812ەوە ئەکادیمیای شاهانەی ڕاهێنانی سەربازی ساندهێرست لە نزیک لەندەن شوێنێک بووە کە ئەفسەرانی سەربازی بەریتانیای تێدا ڕاهێنانیان پێدەکرا". لەم قوتابخانەیەدا ئەفسەرەکان فێری کارامەیی پراکتیکی و تیۆری دەبن لە پرۆگرامێکی چڕدا کە 44 هەفتە دەخایەنێت و بەهاکانی سوپای بەریتانیا دەناسن.

"بەشێك لە سەركردەكانی عەرەب دەرچووی ئەم زانكۆیەن"

هاوکات لەگەڵ ئەفسەرانی بەریتانیا، ژمارەیەکی زۆر لە کادیرە بیانییەکان ساڵانێکی زۆرە لە قوتابخانەی ساندهێرست مەشقی سەربازی وەردەگرن. کوڕ و کچە گەنجەکان کە زۆرجار لە بنەماڵە پلە یەکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لەوانە مەلیک حوسێن، پاشای پێشووی ئوردن.

ئێستا چوار پادشای عەرەبی دەرچووی ساندهێرستن، ئەوانیش شا عەبدوڵڵای ئوردن، شێخ حەمەد لە بەحرەین، شێخ تەمیمی قەتەر و سوڵتان قابوس لە عومان.

لە نێو پاشاکانی پێشووی وڵاتانی عەرەبی، شێخ سەعد میری پێشووی کوەیت و شێخ حەمەد ئەمیری پێشووی قەتەر لە هەمان قوتابخانەی سەربازی بەریتانیا خوێندویانە.


لەلای ڕاستەوە سوڵتان قابوس و مەلیک عەبدوڵڵای دووەم و پاشای بەحرەین

  پەیوەندی قوتابخانەی ساندهێرس بەم وڵاتە عەرەبییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە بەریتانیا زلهێزێکی کۆلۆنیالیزم بوو لە ناوچەی کەنداوی فارس.

"زانكۆكە كاریگەری هەیە لەسەر فرۆشتنی چەك بە وڵاتانی عەرەبی"

مایکل ستیڤنز، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی بەرگری و ئاسایشی شاهانە (RUSI) دەڵێت ساندهێرست شوێنێکە کە سەرکردەکانی داهاتوو یەکتر دەناسن و هەروەها کاریگەری بەریتانیا لە ناوچەی کەنداوی فارس فراوانتر دەکەن.

ستیڤنز دەڵێت: "نوخبە سیاسییەکانی ناوچەی کەنداوی فارس ئەوەندە گرنگی بە ئینگلتەرا دەدەن کە گرنگی بە وڵاتانی دیکەی هاوشانمان نادەن، بۆنموونە گرنی بە وڵاتێكی وەك فەرەنسا نادەن، ئەم بابەتە توانایەکمان پێدەبەخشێت لە دەرەوەی تواناکانمان و سەنگی ڕاستەقینەی خۆمان، ئەمەش بەهۆی بوونی کەسانێک کە ماوەیەک لە ئینگلتەرا بەسەر بردووە و هێشتا لە پەیوەندیدان لەگەڵ هاوپۆل و مامۆستاکانیان".

 فەریق جەنەڕاڵ پیتەر سینکۆک، هاوپەیمانی سەربازی پێشووی بەریتانیا لە سعودیە، پێی وایە سەرنجڕاکێشە بۆ ئەو بەریتانییانەی کە وەک ئەو لە شوێنەکانی دیکەی جیهان خزمەتیان کردووە، کەسانێک بناسن کە پێشتر لە ساندهێرست بوون و دەشڵێت " ئەم بابەتە زۆر گرنگە، بەتایبەت لە بواری فرۆشتنی چەك بە وڵاتانی دیكە".


بەڵام بوونی دەرچووانی ساندهێرست لە وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس هەمیشە بە مانای گەرەنتیکردنی فرۆشتنی چەک نییە، لە ساڵی 2013، سەرەڕای دەستێوەردانی کەسیی دەیڤید کامیرۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمارات بڕیاریدا فڕۆکەی تایفون لە بەریتانیا نەکڕێت، بەڵام ئەم بڕیارەی ئیمارات كۆتایی هات و لە بۆنەیەکی دیکەدا هاوپۆلەکانی پێشووی زانکۆی ساندهێرست توانیویانە گرێبەستە سەربازییەکان مۆر بکەن.

"بنەمای سەرەكی سیاسەتی بەریتانیا ئابوورییە لە كەنداوی فارس"

جین کینینمانت، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی چاتام هاوس دەڵێت "پاشایەتییەکانی کەنداوی فارس بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگی دارایی، بۆ نموونە بەرزترین بینای لەندەن لەلایەن قەتەرەوە پارەی بۆ دابین كراوە، یان دامەزراوە ژێرخانییەکان و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی بەریتانیا بە پارەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەنجام دەدرێت، ئێمە ئارەزووی ئەوەمان هەیە، یان باشتر بڵێین، دەبێت لەبەر هۆکاری بازرگانی لەگەڵ خۆمان بیانهێڵینەوە".
 

دکتۆر کریستیان کۆتیس ئولریچسن، لە دامەزراوەی توێژینەوەی بەیکەر لە ویلایەتی تەکساس پێی وایە، سیاسەتی بەریتانیا لە ناوچەی کەنداوی فارس لە سەرووی هەموو شتێکەوە لەسەر بنەمای بازرگانی دامەزراوە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و چاکسازی لە پلەی دووەمدایە.
 
لە ساڵی 2012  ساندهێرست یارمەتییەکی 25 ملیۆن دۆلاری لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وەرگرت بۆ دروستکردنی بەشەناوخۆیی نوێی خوێندکاران. بینا نوێیەکە بە ناوی شێخ زاید، یەکەم سەرکردەی ئیماراتەوە ناونراوە.

لە مانگی ئازاری ساڵی 2013، سەنتەری وەرزشی ساندهێرست ناوی "هۆڵی شێخ حەمەد"ی لێنرا، دوای وەرگرتنی هاوکارییەکی نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار لە میری بەحرەین کە خۆی دەرچووی ئەم قوتابخانەیە.

وێنەی بەشێك لە سەربازانی ساندهێرست لە ساڵی 1978

"بەریتانیا لەڕێگەی سەربازەكانی ساندهێرست پشێوی ناوەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا لە ساڵی 2001 سەردانی دیمەشقی کرد و ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەرمبوونی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و سوریا و لە ساڵی 2003 ساندهێرست پێشوازی لە ئەفسەرانی سوپای سوریا کرد. ئێستا بێگومان هەمووان دەزانن کە سوریا گۆڕاوە بۆ کابوسێکی جیهانی.

مایکل کۆکەرێلی ڕۆژنامەنووس، لەبارەی پەروەردەی عەقید موعەمەر قەزافی، سەرکردەی پێشووی لیبیا، لە قوتابخانەیەکی دیکەی سەربازی بەریتانیا دەڵێت " دوای سێ ساڵ قەزافی بەو زانیارییە سەربازییەی کە لەم قوتابخانەیە فێری بوو، دەسەڵاتی گرتە دەست لە وڵاتەکەی خۆیدا."

 لە ساڵی 2013 دا ڕووداوێکی هاوشێوە لە میسر ڕوویدا. کاتێک عەقید ئەحمەد عەلی دەرچووی قوتابخانەی ساندهێرست لە ساڵی 1990 وەک یەکێک لە ئەفسەرە سەربازییە باڵاکانی میسر هاوكاری عەبدولفەتاح سی سی كردو، محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئیخوانی میسڕی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

وێنەیەكی قەزافی،  لە بەریتانیا

 

"سەرۆك لە پرسەی سەركردەیەكی عەرەبی لە بڕیارەكەی پەشیمان بووەوە"

لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا حکومەتەکەی تۆنی بلێر، هەوڵیدا بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی کارمەندانی بیانی لە زانکۆی ساندهێرست. بەڵام ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پرسەی شا حسێن لە ساڵی 1999 بووە هۆی ئەوەی پلانێکی لەو شێوەیە لەبیر بکرێت.

ئارسەر دینارۆ کە لەو کاتەدا ڕاوێژکاری وەزیری بەرگری بەریتانیا بوو بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێک بوو لە بەرپرسانی قوتابخانەی ساندهێرست، دەڵێت: "لەو پرسەدا نزیکەی هەموو سەرکردەکانی جیهان لەوێ بوون، تۆنی بلێر سەرۆکوەزیرانمان لەوێ بوو، بینیم چۆن لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکان باسی وڵاتانی جیاواز دەکەن و  سەرسام بوو بەوەی سەركردەی وڵاتانی عەرەبی لەڕێگەی زانکۆی ساندهێرست، بوونەتە دۆستی نزیك و كارەكتەری سەرەكی بەریتانیا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەربۆیە لەبڕیارەكەی پەشیمان بووەوە".



بەشداری تۆنی بلێر، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی بەریتانیا لە پرسەی شا حسێن

"بەریتانیا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەڕێگەی زانكۆی ساندهێرستەوە تێکداوە"

ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو وڵاتێکی تر، ساندهێرست مەشق بە فێرخوازانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  دەکات، بەپێی ئامارێك كە لە مانگی ئایاری ساڵی 2014، لە ئەكادیمیاكەوە دزەی پێكراوە، بە %40ی   ئەو فێرخوازانەی پەیوەندی بە ئەكادیمیاكەوە دەكەن، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

مریەم ئەلخواجە، بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤی بەحرەین دەڵێت: "خەڵک لە داهاتوودا دەبینن کە بەریتانیا چۆن دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەڕێگەی زانكۆی ساندهێرستەوە تێکداوە، چونکە ویستویەتی فڕۆکەی تایفون و چەكی زیاتر بە بەحرەین و وڵاتانی عەرەبی بفرۆشێت، لەبری ئەوەی بۆ بەهاکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بوەستێت".

بەڕوكەش ئەکادیمیای ساندهێرست لە ئینگلتەرا، ناوەندێكە بۆ پێگەیاندنی سەربازی، بەڵام  لە ڕاستیدا دوو ئەركی سەرەكی هەیە، یەكەمیان ئاسانكاری فرۆشتنی چەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووەمیان جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی لە ڕێگەی دەرچووانی ئەكادیمیاكەوە لە وڵاتانی جیهان و  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت.

سەرچاوە : سنورمیدیا