ساسان ده‌روێش دوابه‌رهه‌می خۆی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

بڕیاره‌ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس ساسان ده‌روێش دوابه‌رهه‌می خۆی له‌ دوو كتێبدا بڵاو بكاته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م ئاشتی شێركۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئاشتی له‌ هه‌ولێر، به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، "بڕیاره‌ سبه‌ی چوارشه‌م یه‌كی حوزه‌یران، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس ساسان ده‌روێش، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا له‌ ناوه‌نده‌كه‌مان دوا به‌رهه‌می خۆی كتێبێكی دوو به‌رگه‌، له‌ دووتوێی هه‌زار و 200 لاپه‌ڕه‌دا بڵاو بكاته‌وه‌".

ڕوونی كرده‌وه‌، "له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نووسه‌ر له‌سه‌ر كتێبه‌ نوێیه‌كانی ده‌دوێت و به‌ خوێنه‌رانی ئاماده‌بووی ده‌ناسێنێت، هه‌روه‌ها دواتر به‌ واژووی خۆی به‌دیاری پێشكه‌شیان ده‌كات."

ئاماژه‌ی دا، "ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ سه‌عات پێنجی عه‌سر له‌ناو هۆڵی كتێبخانه‌ی ئاشتی ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌ردوو ڕۆڵه‌ی شه‌هیدی فه‌رمانده‌ خاڵه‌ عه‌فان (ژینۆ و ژاڵه‌)یش به‌شدار ده‌بن".

به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه‌" كتێبه‌كان دوو به‌رگن و به‌ناوی (ڕاستییه‌ شاراوه‌كانی نێو یاداشته‌كانم) شه‌ڕی ناوخۆ و 13ی حوزه‌یرانی خوێناوی ناو شاری سلێمانی. باسی ڕۆژانی سه‌ختی ئه‌وكات ده‌كات و وه‌ك مێژوویه‌كی به‌ڵگه‌دار بۆ نه‌وه‌كانی دواتر بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ تا ئێسته‌ تاوانباران و بكه‌رانی ڕووداوه‌كان نه‌گیراون و شه‌هیدانیش قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

شه‌هیدی فه‌رمانده‌ "خاڵه‌ عه‌فان" ناوی ته‌واوی عوسمان قادر منه‌وه‌ره‌، پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژانی سه‌خت بوو له‌ سلێمانی، له‌ شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆدا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌و كاته‌ی سلێمانییه‌وه‌ شه‌هید كرا. له‌ كاتی ناشتنیشی له‌ 13ی حوزه‌یرانی 1994 ترسی خستبووه‌ دڵی دوژمنه‌وه‌، له‌ ڕێپێوانێكدا هه‌زاران كه‌س ئاماده‌ی بوون ته‌قه‌ كرا و چه‌ندان شه‌هید و برینداری تریشی لێ كه‌وته‌وه‌.

 

 

سەرچاوە: wishe