زیارەتی گۆڕی شەریف پاشای خەندان لە ئیتالیا

 

 

د.جاسم خۆشناو

 

ئەوڕۆ ١٦/٠٦/٢٤  بە یاوەری دوو دۆست و هاوڕێی ئیتالی خەلکی شاری کەتەنزارۆ Catanzaro، سەردانی گۆڕی بێنازی شەریف پاشای خەندانم کرد، چەپکە گوڵێکم دانا سەر گۆڕەکەی و فاتیحەم لەسەری خوێند. دوێنێش سەردانی ئەو خانو ،ڤیللەیە م کرد کە بە پێی زانیاریەکان دوا سال و دوا رۆژەکانی ژیانی لێ بەسەر بردووە.
ژەنەڕال شەریف پاشا لە ١٥ ئۆکتۆبەری ١٨٦٥ لە ئەستەنبول لە دایک بووە، لە ٢٢ دیسەمبەری ١٩٥١ لە شاری کەتەنزارۆی ئیتالیا کۆچی دوایی کردووە.
یەکێک لە کەسایەتیە وشیار،  سیاسەتمەدار، دیپلۆمات و نیشتمانپەروەرانی کوردە. بەشداری لە کارو چالاکی هەموو رێکخراوە کوردستانیەکانی دوا قۆناغی دەولەتی عوسمانی دەکات. لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و کۆنفڕانسی ئاشتی بە هەول و تێکۆشانی شەریف پاشا، بە باش و خراپ، لە پەیمانی سیڤەر بەلێن بە دامەزراندنی دەولەتی کوردستان دەدەن.
دوای پەیمانی لۆزان و پارچە  پارچەبوونی کوردستان شەریف پاشا لە هەوڵەکانی ناوەستێ، بۆیە بە باوکی دیبلۆماسی مۆدێرنی کورد ناسراوە.
شەریف پاشا ڕوو لە ئیتالیا دەکات و، نهێنیەکی زۆر لەو سەردانە هەیە و تاکو ئێستا، وەک پێویست، ڕوون نەبۆتەوە، گوایە پەیوەندی سۆزداری لەگەل ئافرەتێک، فەڕەنسی یان لەم وولاتە ناسیویەتی. هەبووە دوو گیان  بووە. بە پێی زانیاریەکانی بەدەستی من گەیشتووە ناوی  Selvige Bridge بووە، بۆ ئەوەی لە   چاوی خەلک بە دووربن روو دەکەنە ئیتالیا.   کچێکیان بە ناوی مەلیکە  یان مەلەک خانم لە ١٥/٥/١٩٢٢ لە شارۆچکەیەکی بچوک، بە ناوی مۆنتێ چیانۆ Monteciano ی سەر بە پارێزگای سیەنا Sienaی نزیک شاری فڵۆڕانس لە دایک دەبێ. نهێنیەکە لەوەدایە بۆ دێنە ئەم شارۆچکە بچووک و لا بەلایە؟

 مەلیکە خانم لە ٢٥/١١/١٩٤٨، لە شاری رۆما، هاوسەرگیری لەگەل میرێکی ئیتالی، بە ناوی کۆنتێ کارلۆ پێکۆڕینی مەنزۆنی Conte Carlo Pecorini Manzoni دەکات و دوو کچ و کوڕێکیان دەبێت. مەلیکە خانم لە ٧ حوزەیرانی ١٩٧٢ لە شاری کەتەنزارۆ کۆچی دوایی دەکات، مندالەکانی مەلیکە خانم ئەوانەن.

 ئەنتۆنیێتە Antonietta، کە بە کەریمەش بانگکراوە، لە ١٤/١١/١٩٤٩ لە شاری رۆما لە دایک بووە. لە ٢٠١٣ بە یەکجاری لە دەولەتی مۆنتێ کارلۆ دەژی.

پەتریسیا  Patrizia، بە سەعیدە ناسراوە، لە ٩ تەموزی ١٩٥٢ لە شاری کەتەنزارۆ لە دایک بووەو چەندجار بە تەلیفۆن قسەم لەگەل کردووە بەلام زۆر داخراوە و ڕوو بە ڕوو نەمدیووە.

براکەیان ناوی ئومبیرتۆ Umberto، لە ١٢ نەورۆزی ١٩٥٨ لە کەتەنزارۆ لە دایکبووەو لە ١٥ ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە، بە پێی زانیاریەکان لە سوپای فەڕەنسا سەرهەنگ بووە، باوکیان کارلۆ ژەنەڕالی سوپای ئیتالی بووە، لە ١٩٤٦ ئەوکاتەی گەلی ئیتالی، لە رێگای راپرسی، دەنگی بە کۆماریدا و کۆتایی بە بنەمالە پاشایەتی هات کارلۆ پێکۆرینی مەنزۆنی دەست لە سوپا دەکێشێتەوە.
بنەمالەی پێکۆڕینی مەنزۆنی Pecorini Manzoni  لە ئیتالیا بەناوبانگن.  
لێرە ناکرێ بە درێژی باسی شەریف پاشا بکەم، لە ماوەیەکیتر دەگەڕێمەوە سەری.
زۆر کەسیتر بە وتار و کتێب باسی ژیان و تێکۆشانیان کردووە، لەوانە:

* پڕۆفیسۆر میرێللا گەللیتی، Mirella Galletti 1949 - 21012
* دکتۆر فەرهاد پیربال  "ژەنەڕال شەریف پاشا" 

* Baran Zeydanlioglu بە تورکی و کرمانجی

* رۆهات ئالەکۆم، دە سال لە ژیانی ژەنەڕال شەریف پاشا
Sherif Pasha, The Stormy years of Kurdish Diplomat. Avesta Punlications.

* شەریف پاشای خەندان، بیرەوەریەکانی بەرهەلستێک، بەربەرەکانیی کۆمەلەی ئیتحاد و تەرەقی، لە بلاوکراوەکانی بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠٠٦، لل ١٦٢. زریان رۆژهەلاتی لە تورکیەوە وەریگێڕاوە.

زۆر نووسەرو توێژەریتریش لەسەریان نووسیووە.

بۆ پتەوکردن و سەلماندنی ناسنامەی گەلێک (بیجگە لە زمان، خاک، کولتور و بیرو مێژووی هاوبەش) پێویستە داستانەکانیش بە زیندووی بپارێزین، کەسایەتیەکانی وەک شەریف پاشا و بنەمەلەکەی، بە تایبەت  باوکی، سەعید پاشای خەندان کە ماوەیەک وەزیری دەرەوەی دەولەتی عوسمانی  بووە، بەرز رابگرین، دەبوایە ئەو ٣٠ سالە هەولی ناساندنی زیاتری بدرایە، دەکرێ لەم شارەی کۆچی دوایی کردووە قوتابخانەیەک یان شەقامێکی بە ناو بکرێ و پێشنیاری بۆ دەکەم.

کاتێک تەماشای وێنەکانی شەریف پاشا دەکەین بە دەیان مەدالیا و خەلاتی رێزلێنان، لەسەر سینگی، دەبینین. پێویستە بە دواچوون بکرێ و بزانین چیان لێ بەسەر هاتووە، پێویستە لە باشور، هەولی کردنەوەی مۆزەخانەیەک بە ناوی "بنەمالەی خەندان " بدرێت و هەولی کۆکردنەوەی نووسین و بەلگە و هەر شتێک، کە بەکاریان هێناوە، بدرێ.

من لە سالی١٩٨٥ سەردانی ئەو شارەو گۆڕەکەم کرد کە ١٢٠٠ کم لە شارەکەم دوورە.

بەیانی، ١٤ حوزەیرانی ٢٤ بەشداری کۆڕێک دەکەم لەم شارە، لە مۆزەخانەی سەربازی کە گەورەترینی هەموو ئیتالیایە.

ئەوڕۆ ژەنەڕالێکی خانەنشین، ژەنەڕال پەسکوالێ مەرتینێللۆ Gen Pasquale Martinello دەلیلم بوو، لە ١٩٩١ و ٢٠١٨ سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی، وەک شاندی ناتۆ، کردووەو زۆر بە سۆز و دۆستانە باسی گەلی کوردی دەکرد. هەندێ لە کتێب و نووسینەکانی خۆم بە ئیتالی پێشکەشکرد، دڵی زۆر خۆش بوو.

دونیایەکی بچووکە:
رۆژانی ٤- ٦ ئەم مانگە لەگەل لەنجەی هاوسەر و مناڵەکانمان سەردانی شاری میلانۆمان کرد، بە ئۆن لاین شوقەیەکمان حجز کرد، بە ناوی Palazzo Candiano
ڤیللە و بالەخانەیەکی یەکجار گەورە بوو، زۆر پاک و خاوین بوو.
لەقەبی مێردی کچەزاکەی شەریف پاشا، Patrizia هەمان ناوی هەیە Candiano

لە سەفەرەکەم بۆ شاری کەتەنزارۆ، هاوڕێکەم شوێنێکی لۆ حجز کردم، لە دەرەوە بە ڤیللە دەچێ، ئەوڕۆ لە کاتی نانخواردنی بەیانی لەگەل ، خاوەنەکە قسەمکرد، ئافرەتێکی تەمەن ٧٦ سال، دەرچووی بەشی یاسا لە زانکۆی فلۆڕانس و خانەنشینە، پێمگوت هاتووم بۆ بەدواچوون و توێژینەوە، کە باسی بنەمالە پێکۆرینی مەنزۆنی کرد، ڕووی گەش بووەوە، گوتی خانەوادەی من ناوی De Nobili بەگزادە، لەگەل بنەمالەی پەتریسیا زۆر تێکەلین، کاتی خۆی، سالانی ١٩٥٠ - ١٩٧٠، هەموو هەفتەیەک لەم ڤیللەیە بە یەکەوە نانیان دەخوارد، من و پەتریسیا هاوڕێی مندالین.
زۆر زانیاری پێدام.

سەرنج
رۆژی ١٤/٦/٢٠٢٤ چاوم بە کچەزاکەی شەریف پاشا، نە ناوی پەتریسیا، کەوت، لە وتارێکی تر باسی دەکەم.

 

 

سەرچاوە : ئاوێنە