زمانی کوردی شوناس و فەرهەنگە

 

 

ئەسرین عاسی شوانی

 

زمان بە پێناسە و بنەمای سەرەکیی هەر نەتەوەیەک دادەنرێت و یەکێکە لە پایەکانی پەیژەی ناسینی نەتەوە، بەجۆرێک، لە ڕێگای زمانەوە، کولتوور و فەرهەنگ شوناسی نەتەوەکان لە جیهاندا دەناسرێتەوە.

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێ پۆلیسی پاکستان بە فەرمانی دەوڵەت لە 21ی شوباتی 1952 تەقەیان لە ژمارەیەک قوتابیی مانگرتووی زانکۆی بە ڕەگەز بەنگلادیشی کرد، لە کاتی مانگرتنیان و داواکارییان بۆ بەکارهێنانی زمانی بەنگلادیشی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی پاکستان، بەهۆی ڕێزنەگرتن لە داواکاری ‌و خۆپیشاندانەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە، چەندین قوتابی گیانیان لەدەست دا.

بۆیە لەلایەن ڕێکخراوی کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)، 21ی شوباتی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دەسنیشان کرا، وەک ڕێزێک بۆ سەرجەم زمانەکانی جیهان. بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ساڵی 1999 بە مەبەستی ڕێزگرتن و نرخ بەخشین بە سەرجەم زمانەکانی نەتەوەکانی جیهان (یونسکۆ) ڕۆژی 21ی شوباتی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی دەستنیشان کرد.

بەگشتی زانایانی بواری زمان، زمان بەو دیاردەیە شرۆڤە دەکەن و وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندیگرتن و لێکگەیشتن بەکار دەهێنرێت، بە ڕەگەزێکی سەرەکیی ڕۆشنبیری ناوی دەبەن، بۆ پاراستنی کولتووری نەتەوەکان و گواستنەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیكە.

بەپێی دوا زانیارییەکان بێت، لە جیهاندا نزیکەی شەش هەزار و حەوت سەد زمان هەن، مەترسیی لەناوچوونی زمانیش بەردەوامیی هەیە و بەپێی دوا ئامارەکان بێت لە ساڵی 1950وە نزیکەی 200 زمان لەناو چوون. پسپۆڕان و شارەزایانی بواری زمان پێیان وایە، لە سەد ساڵی داهاتوودا نیوەی زمانەکانی جیهان لە لێواری لەناوچوون و هەڕەشەی نەماندان، چونکە ئێستا 184 زمان لە جیهان کەمتر لە 10 کەس بەکاری دەهێنن.

سەبارەت بە زمانی کوردی، لەخۆشحاڵییەوە زمانێکی دەوڵەمەندە و چەندین زاراوە و دیالێکتیکی جیاوازی هەیە. هەرچەندە سەرەڕای هەڕەشە و قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە پارچەکانی کوردستان، زمانی کوردی کاڵ نەبووتەوە و لە بەرەوپێشچووندایە، چونکە لەلایەن نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و خوێندەوارانەوە زمانی کوردی پەرەی پێ دراوە و بەزیندوویی هێڵراوەتەوە.

وەک ئاماژەمان پێی دا، زمانی کوردی لە چەندین زاراوە و دیالێکت پێکهاتووە، کورد لە کوردستان بە چوار زاراوەی سەرەکی قسە دەکەن وەک:

- زاراوەی کرمانجیی باکوور (کرمانجی): بایەزیدی، بۆتانی، هەکاری، بادینانی، شەمدینانی، زاراوەی ڕۆژئاوا.

- زاراوەی کرمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی): موکریانی، سۆرانی، سلێمانی، گەرمیانی.

- زاراوەی کرمانجیی خواروو (لوڕ): لوڕی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسێنی، کۆهگڵۆ، لەک و کەڵهوڕ.

- زاراوەی گۆران: گۆرانی ڕەسەن، هەورامانی، باجەلانی و زازا.

سەرەڕای دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لەلایەن ڕێکخراوی کولتووریی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە، زمانی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان قەدەغەیە و مافی کولتووری و خوێندنیان بە زمانی کوردی وەک پێویست دەستەبەر نەکراوە، جگە لە باشووری کوردستان، كە زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی، زمانی فەرمی و ڕێگەپێدراوە، پێکهاتەکانی دیكەی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ڕێگەیان پێ دراوە بەبێ هیچ ڕێگرییەک بە زمانی خۆیان بخوێنن و قسەی پێ بکەن.

سەرچاوە : هاوڵاتی