زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دیداری کوردناسی سازدەکات

 


زانكۆی ئەمریكی لە عێراق – سلێمانی (AUIS)، دیداری یەکەمی کوردناسی لە كۆتاییەكانی مانگی (ئەیلول/9) لە سلێمانی سازدەکات، كە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و زانایان، توێژەرانی ناودار لە کوردستان، عێراق ، ناوچەکە و جیهان بانگهێشتکراون. هەروەها دیدارەكە لەسەر بنەمای "دیداری سلێمانی" بنیاتنراوە و دەبێتە چالاکیەکی ساڵانە.

زانكۆی ئەمریكی لە عێراق – سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆكە، دیداری یەکەمی کوردناسی لە 25 تا 27ی (ئەیلول/9) 2025 لە بارەگای زانکۆ لە سلێمانی سازدەکات. ئەم دیدارە بۆ گفتوگۆی شارەزا و توێژەر و هونەرمەندان و نوسەرانی ناوخۆی کوردستان و جیهانە سەبارەت بە مێژو، کۆمەڵناسی، هونەر و کلتور و ناسنامەی کورد. 

 

لەسەر بنەمای "دیداری سلێمانی" بنیاتنراوە و دەبێتە چالاکیەکی ساڵانە

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم دیدارە دەبێتە چالاکیەکی ساڵانە، و ئاماژەیە بۆ بایەخی AUIS، وەک ناوەندێکی دیاری ڕەخنەیی فکری و زانستپەروەر بۆ دیالۆگی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی ئاست بەرز لە کوردستان و ناوچەکە. كە دیدارەكە لەسەر بنەمای "دیداری سلێمانی" بنیاتنراوە کە بۆتە کۆڕبەندێکی بەناوبانگی دیالۆگ بۆ شرۆڤەی سیاسەتی ناوچەیی و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا، ئامادەبوان باس لە ڕەهەندەکانی کوردناسی دەکەن لە بوارەکانی بیری سیاسی و ئەنترۆپۆلۆجیا و ئەدەب و زمان و هونەر. زانایان و توێژەرانی ناودار لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بانگهێشتکراون بۆ دیداری کوردناسی، کە ئامادەسازی دەکرێ بۆ بەشداربونی فراوانی توێژەر و هونەرمەندانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە دەیانەوێت هاوبەشی بکەن لە پەرەپێدانی ئەم بوارە گرنگە مەعریفیە.

پێشانگایەکی هونەری ڕێکدەخات بۆ پێشاندانی هونەری شێوەکاری

ئەوەشیخستەڕو، جگە لە لایەنی ئەکادیمی، "دیداری کوردناسی" پێشانگایەکی هونەری ڕێکدەخات بۆ پێشاندانی هونەری شێوەکاری هاوچەرخی کوردی و نمایشێکی تایبەت بە مۆسیقا و ئاهەنگێکی ناوازەی کوردی پێشکەش دەکات، ئەم چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییە بە هاوکات لەگەڵ خولی دوەمی فێستیڤاڵی (ئاوازی گەلان لە هەواری شار) بەڕێوەدەچێت. 

دەشڵێت، "لەم فێستڤاڵە موزیکییەدا تیشک دەخرێتە سەر دەوڵەمەندی کەلەپوری هونەر و مۆسیقای کوردی و پەیوەندیی مێژویی بە کولتور و میوزیک و شارستانییەکانی گەلانی دەوروبەر، هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی هونەر و مۆسیقا وەک پردێک لە نێوان گەلاندا دەکرێتەوە". 

پێشانگای کتێب و پلاتفۆرمی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی پێشکەش دەکرێت

زانكۆی ئەمریكی باسی لەوەشكرد، لە کۆڕبەندەکەدا پێشانگای کتێب و پلاتفۆرمی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی پێشکەش دەکرێت و تیشک دەخرێتە سەر نوێترین بڵاوکراوەکان و بەشدارییە ناوازەکان لە بواری خوێندنی کوردیدا و دەرگا بەڕوی دەنگی زانستی نوێ و پێشەنگدا دەکرێتەوە.

ماری لابرۆس، بەڕێوەبەری سەنتەری کەشکۆل لە زانكۆی ئەمریكی-سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمە یەکەم کۆبونەوەی هەمەلایەنە کە بەتەواوەتی تایبەتە بە بابەتەکانی کوردناسی، و ئامانجمان تەنها تیشک خستنە سەر دەوڵەمەندی و هەمەچەشنی مێژو و کولتوری کورد نییە، بەڵکو ئامانجمان دامەزراندنی زەمینەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی دروستە کە دەشێت بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی گشتی و دیالۆگی ناوچەیی.

ئامانجمان ئاڵوگۆڕ و ناساندنی کولتوری نێوان کورد و گەلانە

دەشڵێت، "ئامانجمان ئاڵوگۆڕ و ناساندنی کولتوری نێوان کورد و گەلانە لەڕێگای کۆکردنەوەی دیارترین بیرمەند و داهێنەرەکان لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەدا کە ئەمەش دەبێتە ڕێگایەک بۆ هەماهەنگی و کارلێکی فکری لەگەڵ ئەزمونی کوردیدا بەو پێیەی ئەزمونێکی مایەی بایەخ و گرنگی جیهانییە و دەرفەتی وەرچەرخان و گۆڕانکاریی هەیە".

لایخۆیەوە بیلال وەهاب، سەرۆکی زانكۆی ئەمریكی لەوبارەیەوە دەڵێت، "کۆڕبەندی توێژینەوەی کوردی ئاماژەی پابەندی زانکۆیە بە توێژینەوەی زانستی جدی، هەروەها شانازیکردنە بە دەوڵەمەندی و زیندویی و هەمەچەشنی لە ژیانی ڕۆشنبیری کوردیدا".

سەرچاوە : خەندان