زانكۆیه‌كی كه‌نه‌دا دكتۆرای شانازیی یاسای به‌ كوردێك دا

 

سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی ئه‌لبێرتای كه‌نه‌دا، بۆ یه‌كه‌م جار بڕوانامه‌ی دكتۆرای شانازیی له‌ به‌شی یاسای به‌ كوردێك دا.
جه‌لال به‌رزنجی نووسه‌ر و شاعیر كه‌ له‌ كه‌نه‌دا ده‌ژیت، بۆ ''وشه‌'' باسی له‌وه‌ كرد كه‌ دوێنێ هه‌ینی له‌ پێدانی خه‌ڵاته‌كه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌ و ماڵپه‌ڕی زانكۆكه‌ش به‌ فه‌رمی هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، بڕیاره‌ له‌ 23ی مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ له‌ ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌دا له‌ هۆڵی جبوولی، بڕوانامه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكرێت و له‌و رۆژه‌دا وتارێك پێشكه‌شی ده‌رچووانی ماسته‌ر و دكتۆرای زانكۆكه‌ ده‌كات.

به‌گوته‌ی به‌رزنجی بڕوانامه‌ شانازییه‌كه‌، گه‌وره‌ترین پله‌ی رێزلێنانی زانكۆیه‌ كه‌ ده‌درێ به‌و كه‌سانه‌ی به‌رهه‌م و كه‌سایه‌تی و بۆچوونه‌كانیان كاریگه‌رییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

ئه‌و ده‌ڵێت،  ''پێش من پله‌كه‌ دراوه‌ به‌ نێلسۆن مه‌ندێلا، دالای لاما و دیڤید سوزوكی و خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ خه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌ هه‌ژمار ده‌كرێت.''

به‌رزنجی پێی وایه‌، خه‌ڵاته‌كه‌ به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ پێی دراوه‌ كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ میدیای كوردستان گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان پێ نه‌دراوه‌.
بەرزنجی لە ساڵی 1953 لە هەولێر لەدایک بووە، لە سەرەتای حەفتاکانەوە دەنووسێت. دەیەی نەوەدەکان سکرتێری یەکێتی نووسەرانی کورد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ''نووسەری کورد'' بووە. لە ساڵی 1988ەوە لە کەنەدا دەژیت. ساڵی 2002 کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردی/ کەنەدیی دامەزراندووە.  چەندان جار کتێبەکانی لە کەنەدا بوونەتە پڕفرۆشترین و چەندان خەڵاتی کەنەدیی نێونەتەوەیی ئەدەبییان بردووەتەوە.  بەشداری دەیان کۆنفراسی ئەدەبی نێودەوڵەتیی کردووە. دەیان شیعر و چاوپێکەوتنی بە ئینگلیزی لە گۆڤارە ناسراوەکانی کەنەدا بڵاو بووەتەوە. ئەندامی نووسەرانی نێودەوڵەتی، سەندیکای نووسەرانی زملبێرتا و کۆمەڵەی پیاسەی شاعیران و کۆمەڵەی شاعیرانی کەنەدایە.

سەرچاوە: wishe- سلێمان تاشان