رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی لە لالش

بەهۆی هاتنی کۆرۆناوە کوردانی ئێزدی دوو ساڵە بێبەشن لە ئاهەنگگێرانی چوارشەممەی سوور. دوای کۆچی دوایی شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل، بابەشێخی ئێزدییان، سێشەممە، 19-4-2022 وەک یەکەم جەژن عەلی ئیلیاس، وەک بابە شێخی نوێی ئێزدییەكان بە داگیرساندنی ئاگر و نزاکردن لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو. 

 جەژنی چوارشەممەی سوور یاخود سەری ساڵی ئێزدی، یەکێک لەو بۆنانەیە کە ساڵانە کوردانی ئێزدی لە سێیەمین چوارشەممەی مانگی نیسان (بە رۆژژمێری زایینی) تێیدا ئاهەنگ دەگێڕن. لەو رۆژەدا ئێزدییەکان لە ناوچە جیاجیاکانەوە سەردانی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانیان دەکەن. 

 دوای تەواوبوونی رێوڕەسمە ئایینییەکان لەو رۆژەدا، خەڵک دەچنەوە ماڵەکانیان و پاشان بۆ پیرۆزکردنی ئەو جەژنە سەردانی یەکدیی دەکەن و خواردنی تایبەت دروست دەکرێت. ئێزدییەکان لەو رۆژەدا گوڵ لەسەر سەریان دادەنێن.  

 مانگی نیسان لەلای کوردانی ئێزدی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەو مانگەدا هیچ رێوڕەسمێکی بووک گواستنەوە ئەنجام نادەن. لەم جەژنەدا هێلکە رەنگ دەکەن و کچ و کوڕ دەچنە دەشت و دەر و گوڵی نیسان دەکەن و لە یەخەی یەکدی دەدەن.

 دوای رەنگکردنی هێلکەکان، پیاوەکان توێکڵی هێلکەکان دەخەنە نێو زەوییەکانیان بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان "بەرەکەت" بکەوێتە رزق و رۆزییان.

 چەندین چیرۆک لەسەر جەژنی چوارشەممەی سوور هەن، لەم جەژنەدا 366 چرا هەڵدەکرێن، وەکو ئەوەی کە ساڵنامەی رۆژهەڵاتی کوردانی ئێزدییە 366 رۆژە.

 

 

سەرچاوە: rudaw