رۆژی جیهانی دژ بە چەكداركردنی منداڵان

 

 

 

عەلی مەحمود 

رۆژی جیهانی دژ بە چەكداركردنی منداڵان

 12ی فیبریوەری رۆژی جیهانی دژ بە چەكداركردنی منداڵانە, هەموو مرۆڤێك بە پێی یاسای مرۆیی جیهانی مافی خۆیەتی تەمەنی منداڵی لە دەرەوەی شەڕو ترس بەرێتە سەر بە خوێندن و یاری و نازی دایك و باوكییەوە.

كۆمەڵگای مرۆڤایەتی تێدەكۆشێت  هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە, چەك نەكرێتە شانیان و لە ململانێی چەكدارییەكان چ دەوڵەتی و چ ناوخۆیی بەشدارییان پێ نەكرێت و ژیان و ئاسایشیان پارێزراو بێت.

ئێستا لە جیهاندا دەیان هەزار منداڵی كەمتر لە 18 ساڵ چەكداركراون و لە ململانێ چەكدارییەكان بەكار دەهێنرێن لە ولاتانی ئەفریقیاو ئاسیا, عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە لە لایەن داعشەوە منداڵان لە كاروباری سەربازی بە بەربڵاوی بەكار هێنراوە, كە تا ئیستا چارەنووسی هەزاران منداڵی ئێزیدی نادیارە لە ساڵی 2014 ەوە, بەشێكیان لە كردارە چەكدارییەكان بەشدارییان پێدەكرێت, تا كاری خۆ كوژی.

نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە گشتی ٢٦ هەزار و ٤٢٥ پێشێلكاری بەرامبەر منداڵان لە بارودۆخی ناكۆكی و ململانێی چەكداری لە سەرانسەری جیهان پشتڕاستكردەوە, واتە ڕۆژانە ٧٢ سەرپێچی یان لە هەر كاتژمێرێكدا سێ سەرپێچی. 

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزای قورسی دیاریكردووە بۆ ئەو كەس و لایەنانەی منداڵان چەكدار دەكەن و لە ململانێ چەكدارییەكان بەكاریان دەهێنن, یاخود ئازاریان دەدەن یان وەك داعش دەیان رفێنن, چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ بە پێی پەیمانامەی رۆما وەك تاوانی جەنگ سەیر دەكرێت.

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان سزای توندی بەسەر ئەو كەسانەدا سەپاندووە كە منداڵان چەكدار دەكەن و لە شەڕە چەكدارییەكان بەكاریان دەهێنن، یان ئەشكەنجەیان دەدەن یاخود دەیانڕفێنن.

رێككەوتنامەی (ئۆپاك) كە لە مانگی ئایاری ٢٠٠٠ پەسەندكرا، لە لایەن ١٧٢ وڵاتەوە پەسەند كراوە، كە هەموویان بەڵێنیان داوە كە هیچ كەسێك لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە وەرنەگرن  لە هێزە چەكدارەكان .

تا ساڵی ٢٠٢٢ نەتەوە یەكگرتووەكان پشتڕاستی كردەوە كە نۆ هێزی چەكداری دەوڵەتی منداڵان لە شەڕەكاندا بەكاردەهێنن: كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی، مالی، سۆماڵ و باشووری سودان , فەلەستین و سوریا و یەمەن ,ئەفغانستان, میانمار, بە پێی هەواڵەكان ئێستا لە سودانیش مندالان لە كردە سەربازییەكان  بە بەرفراوانی لە ململانێ چەكدارییە ناوخۆییەكان بەكار دەهێنرێن. 

تا ساڵی ٢٠٢٢ نەتەوە یەكگرتووەكان ١٢ وڵاتی دەستنیشان كردووە كە منداڵان بە شێوەیەكی بەرفراوان لەلایەن لە لایەن گروپە چەكدارییەكانەوە بەكاردەهێنرێن.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە پراتیك بەرەو رووی چەكداركردنی مندالان بۆتەوە, تۆماس لۆبانجۆ" سەركردەی سوپای نیشتمانی رزگاری كۆنگۆ" بە 14 ساڵ زیندانی و قەرەبووی قوربانیان حوكم درا لە رێكەوتی 10ی یۆلی 2012 لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە , بەتاوانی چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ .

لێرەوە داوا لە سەرجەم پارتە كوردستانییەكان دەكەین پابەند بن بە هەڵوێستی نێونەتەوەییەوەو منداڵانی كەمتر لە 18 ساڵ لە ریزەكانیان بە هیچ بەهانەیەك وەرنەگرن, بە چەكداركردنی منداڵان وێڕای ئەوەی دەچنە لیستی رەشی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە, بەمەش هەر كردارێكی وا دەیانباتە ریزی تاوانكارانی نێونەتەوەییەوە, بە تایبەتیش چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ.

-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید-  kwg

-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی –  Koncicc

-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN

-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD

-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC

-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www

-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان