ده‌وڵه‌تۆکەکەی باوک و ده‌وڵه‌تۆکەی کوڕ:

 

 

 

شاسوار هەرشەمی

 

بەراوردێک لە نێوان دەوڵەتۆکەیەک لە نێوان باوک و ئێران، دواتر کوڕ و تورک..

 

ڕێک وەک گاڵتەکەی ئێستا و لە ساڵی ١٩٧٤ز، واتا ٤٣ ساڵ پێش ئێستا، دەوڵەتی ئێران نیازی وابوو، بە بەکارهێنانی مەلا مستەفا، کێشەکانی خۆی لەگەڵ عێراق چارەسەر بکات. ئەوەبوو هانیان دا تا لەجیاتی ڕێککەوتن، لەبەرامبەر هەندێک پارە و چەک، شەڕ هەڵگیرسێنێت. هەر ئەوەش نا، (دەوڵەتۆکە)یەکیشیان بۆ لەناو شاخان دروست کرد. وەزارەت لە کونە ئەشکەوت و بن بەردان، پەرت و بڵاو ببوونەوە. خەڵکێکی زۆریش کە بەبێ نەخشە و پلانێکی ورد چووبوونە ناو شاخان، لەو وەزارەتانە ناونووس کردبوو. سەیر ئەوە بوو، کە وەزارەتێکیان بۆ ئەوقافیش دانابوو. موچەش کە کۆمەکی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، لە رێگای ساڤاکی شاهنشاوە بە ڕێکی دەگەیشتە ناو کونە ئەشکەوت و ژێر چادر و خانوچکە قوڕەکانی وەزارەتەکان. هەر چ نەبێت، حکومەتەکەی مەلا مستەفا، نزیکەی ساڵێک خۆی گرت. 
دوای ٦ی ئاداری ١٩٧٥ز، ئێران مەلا مستەفا و دەوڵەتەکەی، بەرامبەر بە شەتتولعەرەب، گۆڕیەوە و لە بنەوە هەڵیوەشاندەوە. بە هەزاران ڕۆڵەی کورد، لە شەڕەکانی ٧٤ و ٧٥ کوژران. بە دەیان هەزاری دی، ئاوارەی ئێران و توران کران. حکومەتی عێراقیش، پتر لە ٥٠ هەزار کوردی، بۆ باشوری عێراق ڕاگواست. ئیدی دوای ئەوەش بوو کە کەوتە چۆڵکردنی هەموو دێهاتە سنوریەکان و سوتاندنی ڕەزو باغ و خانوی هاوڵاتیان. هەم دەوڵەت باش و هەم شۆڕش باش!

ئێستاش کوڕی مەلا مستەفا، بە دەست لەپشتدانی تورکیا، هەمان گەمەی ئه‌وێ ڕۆژێی باوکی دووپات دەکاتەوە. بەرەنجامەکەشی هێنانی سوپای تورکە بۆ هەرێم، بەناوی پاراستنی سنورەکانی. دوای ئەوەش دەریایەک خوێنمان پێویست دەبێت، تا بتوانین تورکان لەسەر خاکمان وەدەرنێین.

 

تێبینی: ئەم بابەتەم پێش حەوت ساڵ و لە ڕۆژانی پێش  ڕیفراندۆمە گاڵتەجاڕیەکە بڵاوکردۆتەوە و پێشبینی بەرەنجامەکەییم کردووە. ویستم جارێکی دیش، بەبیری ئێوەی بێنمەوە.