دەسەڵات بێ مەعریفە پێی ناکرێ..

 

 ئەحمەد هەولێری

 

 

 

بە درێژایی مێژووی دەسەڵات، هەمیشە مەعریفە پانتایی خۆی هەبووە. دەتوانین بەسادەیی بڵێین ئەو زەمەنەی کە دەسەڵات دوور لە مەعریفە پیادەی هێز دەکات، ئەودەمە ناودەنرێ شەڕ یاخود کودەتا یاخود حاڵاتە ئاوارتەییەکان، بەڵام وەکو تر دەسەڵات بەبێ مەعریفە ئەگەری نییە.

هەموو دەسەڵاتێک لە پیادەدا جۆرێک لە مەعریفەی گەرەکە، مەعریفە هەم بۆ دەستپێکی دەسەڵات گرنگە هەمیش بۆ بەردەوامی و سەقامگیری هەیمەنەکەی. هەم لە کرۆکی دەسەڵاتدا گرنگە و هەمیش لە فەزای گشتیدا. هەم لە پەیوەندی لەگەڵ خۆیدا پێویستیەتی، هەمیش لە پەیوەندی لەگەڵ ڕەعیەتدا.

چونکە مەعریفە پەیوەستە بە بەرهەمهێنان و دوبارە بەرهەمهێنانەوەی شێوەیەكی نوێی هەژمون، واتە هەژموون و دەسەڵاتی تەكنۆلۆژی . لە دیدی هابرماسەوە پۆزەتیڤیزم و زانستگەرایی وەک جۆرێک لە مەعریفەی گشتگیر، شەرعییەت بە جۆرەكانی چاودێری و دیسپلین دەدەن لە کۆمەڵگەدا، ئەوەش لە ڕێگەی بانگەشەی زەروورەتی دەسەڵات، وە بێلایەنی زانست و زانینەوە.

دەسەڵاتی مۆدێرن دەست دەگرێت بەكۆمەڵێك مەعریفەوەو لە ڕێگەیانەوە چاودێری تاكەكان و كۆمەڵگە دەكات و ڕایان دەهێنێ لەسەر الرەملێ‌‌و گوێڕایەڵی، هەروەها لە پێناو پتەوكردنو پەرەپێدانی دەسەاڵتی خۆی دەسەاڵتی مۆدێرن ناچارە كۆمەڵێك دەزگاو دامەزراوەی مەعریفی بنیاتبنێت ، لە نمونەی ئەو دەزگایانە دەتوانین زانكۆو دەزگا پەروەردەیەكان وەربگرین كە كار دەكەن بۆ باڵوكردنەوەی مەعریفە لە پێناو پاراستنو درێژە پێدانی دەسەڵات و دوور خستنەوەی ئەو دامەزراوانەی تری دەسەاڵت كە لە الیەن چینێكی كۆمەاڵیەتی دەرەوەی دەوڵەت بەڕێوە دەبرێن

چونكە عەقڵ لە ناوەڕۆكی دەسەڵاتدایە و دەسەڵات و جۆرەکانی بەرهەم دەهێنێت. زۆرجاریش دەسەڵاتی تاكڕەو و دیسپۆتیزم و خۆسەپێنی بەرهەمهێناوە.

دەسەڵات و مەعریفە هەمیشە لەپەیوەندیدان، دەسەڵات لە ڕێی مەعریفەوە هەوڵی شاردنەوەی خۆی دەدات لە کەشی گشتیدا، هەوڵدەدات پایەکانی خۆی قایم بکات، لە ڕێی مەعریفەوە ڕەوایەتی بە ئامڕازەکانی خۆی دەدات، تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە. ڕەوایەتی بۆ یاسا و ڕێساکانی پەیدا دەکات.
لە ئاستێکی دیکەدا دەسەڵات هەمیشە بوارێک بۆ مەعریفە دەهێڵێتەوە کە بزاوتن بکات، بە تایبەت ئەو مەعریفەیەی کە لە ناوەندی ڕۆشنبیریدا قەتیس دەبێت و ناپەڕێتەوە بۆ ناو ڕەعیەت. چونکە دەسەڵات گرفتێکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو مەعریفەیەدا نییە کە بەو جۆرە قەتیس دەبێت لەناوەندی ڕۆشنبیراندا، ئەگەرچی هەستیاریشی هەیە. بەڵام ئەوە ئەرکێکە لە ئەستۆی دەسەڵات کە ناتوانێ توخنی نەکەوێت و بەجێی نەهێنێت. بۆیە سەیر نییە کە دەسەڵاتە دیسپۆتیزم و دیکتاتۆرەکان لە نموونەی دەسەڵاتە ستالینی و کلیپتۆکراسییەکان هەمیشە ناوەندێکی مەعریفیان هەیە و دەیان دەزگای چاپیان هەیە.

دەسەڵات لەڕێی هەردوو ڤێرژنەکەی پۆزەتیڤیزمەوە کار لە ڕەمەک دەکات و دەسەڵاتە مەعریفییەکەی بەکاردێنێت، پۆزەتیڤیزمە ئاینی و ئاسمانییەکە، و پۆزەتیڤیزمە زانستگەرا نائاینییەکە. چونکە پۆزەتیڤیزم تەنیا بایەخ و گرنگی بە دۆخی ئارا و ئەوەی هەیە، دەدات و دان بە سیستەمی كۆمەڵایەتی هەبوودا دەنێت و ڕێگە لە هەر گۆڕانێكی ڕادیكاڵی ڕاستەقینە دەگرێت، پۆزەتیڤیزم لە کۆتاییدا پەیوەستە بە بەرهەمهێنان و دوبارە بەرهەمهێنانەوەی شێوەیەكی نوێی هەژمون، واتە هەژموون و دەسەڵاتی تەكنۆلۆژی و هەژموونگەرایی.

سەرچاوە : دەنگەکان