ده‌رگای پێشكه‌شكردن بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ هه‌رێم ده‌كرێته‌وه‌


وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند،  له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ئاینده‌وه‌ ده‌رگای پێشكه‌شكردن بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێرخوازان بچن پیشكه‌شی بكه‌ن، كه‌ پڕۆسه‌ی پیشكه‌شكردنی به‌سه‌ر سێ بازنه‌دا دابه‌شده‌بێت، 

ئارام محه‌مه‌د، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند، له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ئاینده‌وه‌ ده‌رگای پێشكه‌شكردن بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێرخوازان بچن پیشكه‌شی بكه‌ن، كه‌ پڕۆسه‌ی پیشكه‌شكردنی به‌سه‌ر سێ بازنه‌دا دابه‌شده‌بێت، بازنه‌ی یه‌كه‌م، بۆ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵایه‌، بازنه‌ی دوه‌م بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، بازنه‌ی سێه‌میش بازنه‌ی پارالێڵه‌ كه‌ بۆهه‌مو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ دامه‌زراو و دانه‌مه‌زراو.

 ئه‌مساڵ شه‌ش هه‌زار كورسی بۆ هه‌رسێ ئاسته‌كه‌ی دیبلۆمی باڵا، ماسته‌ر و دكتۆرا كراوه‌ته‌وه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌مساڵ شه‌ش هه‌زار كورسی بۆ هه‌رسێ ئاسته‌كه‌ی دیبلۆمی باڵا، ماسته‌ر و دكتۆرا كراوه‌ته‌وه‌و به‌شی هه‌ره‌ زۆری كورسیه‌كان ته‌رخانكراون بۆ دیبلۆمی باڵا و نزیكه‌ی 1800 كورسی بۆ دكتۆرا دیاریكراوه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ زیاتر له‌ سێ هه‌زار كورسیه‌ بۆ ماسته‌ر ته‌رخانكراوه‌. 
150 هه‌زار دینار له‌ پێشكه‌شكارانی ماسته‌ر و دكتۆرا وه‌رده‌گیرێت و بۆیان ناگەڕێتەوە

په‌یوه‌ست به‌و 150 هه‌زار دیناره‌ی كه‌ له‌ پێشكه‌شكارانی ماسته‌ر و دكتۆرا وه‌رده‌گیرێت، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وتیشی، "وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بڕیاری ژماره‌ 86ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نیه‌ كه‌م و زیادی بكات، چونكه‌ پاره‌كه‌ ده‌چێته‌ ناو داهاته‌وه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ وه‌رناگیرێن ناتوانرێت ئه‌و پاره‌یه‌یان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌".

 

سەرچاوە: خەندان