هەوراز محەمەد، ڕایگەیاند، ئێستا لە قۆناغی دوای ڕێکەوتننامەکانی دابەشکردنی کوردستان داین، ئەرکی هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی کورد ئەوەیە، کە نەفرەت لە تەواوی ئەو ڕێکەوتننامانە بکەن و کاربکەن بۆ هۆشیارکردنەوە و ڕابوونی تاکەکانی کورد بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان و گەیشتن بە ئازادیی.
100 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، پەیماننامەکە لە نێوان تورکیا و ئەو وڵاتانەدا واژۆکرا، کە براوەی جەنگی جیهانیی یەکەم بوون، تێیدا کوردستانیان کرد بە چوار پارچەوە و دابەشیان کرد بەسەر تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا، لە ئێستاشدا 100 ساڵی پڕ لە جەنگ و داگیرکاریی و هەوڵی توانەوەى کوردان تێدەپەڕێت، لە ئەمڕۆشدا دەوڵەتی داگیرکەریی تورک هەوڵی داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەدات، لەبارەی هەڵوێست و ڕۆڵی هونەرمەندان لەدژی ئەم سیاسەت و داگیرکارییانە هەوراز محەمەد، دەرهێنەرى سینەمایی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
هەوراز محەمەد دەڵێت: کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرپرسن لە جینۆساید و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کورد، هەموو ئەو کارەساتانەی لەماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا لە هەریەکێک لە پارچەکانی کوردستان ڕوویانداوە دەرئەنجامی ئەو پلانگێڕییانەی کۆمەڵگەی جیهانییە بەرامبەر بە کورد، جینۆسایدەکانی وەک ئەنفال و ڕاگواستن و بەعەرەب کردن و سڕینەوەی زمان و شوناسی کورد، هەموو هەوڵەکانی سڕینەوەی ڕەچەڵەک و مێژووی کورد، بۆ سڕینەوەی ئەو شارستانییتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، کە کورد سەرمەشقی بووە.
دەشڵێت: لەماوەی ئەم 100 ساڵەدا تاکەکانی کورد بە شۆڕشەکانیان هەوڵیان بۆ سەربەخۆیی و ئازادبوون و خاوەندارێتی لەخۆیان داوە، بەڵام نەیان توانییووە بگەنە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆیان، ئەگەر چی لەدوای ساڵی 1991وە، لە باشووری کوردستان و لەدوای شۆڕشی گەلانەوە لە ڕۆژئاوا، حکومڕانییەکی تاڕادەیەک خۆسەریی هەیە، لە پارچەکانی دیکەش شۆڕش دەکرێت.
ئەو دەرهێنەرە باسی لە ڕۆڵی هونەر و هونەرمەندان کرد و وتی : لەناو ئەم شۆڕشانەدا هەمیشە هونەرمەندان ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە، پایەی بنەڕەتی بوون بۆ گەیاندنی پەیامە سیاسییەکان بە جەماوەر، هەمیشە بیر لەوە کراوەتەوە، کە هونەر وەک کەرەستەیەک بەکاربهێنرێت بۆ گەیاندنی پەیامەکان و هۆشیارکردنەوەی گەل، هاوکات، دەوڵەتانی داگیرکەر هەوڵیانداوە لەڕێی سینەما و دراماکانیانەوە، کورد وەک چەند خێڵێکی ناو جوگرافیاکانی خۆیان دەربخەن و نکۆڵی لە هەبوونی بکەن وەک نەتەوە.
هەوراز محەمەد باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا لەسەرئاستی کۆمەڵگەدا هۆشیاری هەیە، هونەرمەندانیش وردتر کار بۆ نیشاندانی ئێش و ئازارەکان و ئەو کارەساتانەی بەسەر کورد هاتوون دەکەن، هەم بە کۆمەڵگەی خۆمان و هەم بە جیهانیش، هەوڵدەدەن لەڕێی هونەرەکەیانەوە توانا و خۆڕاگری و تێکۆشانی تاکی کورد بە دنیا نیشان بدەن.
وتیشی، ئێستا ئێمە لە قۆناغی دوای ڕێکەوتننامەکانی دابەشکردنی کوردستانداین، ئەرکی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی کوردە، کە نەفرەت لە تەواوی ئەو ڕێکەوتننامانە بکەن و کاربکەن بۆ هۆشیارکردنەوە و ڕابوونی تاکەکانی کورد بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان و بوون بە خاوەنی سەربەخۆیی خۆیان.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا هیوای خواست ئەم سەدەیە سەدەی سەرکەوتنەکانی کورد ئازادیی کۆمەڵگە، ئازادی ژنان، پێکەوە ژیانی گەلان و نەمانی ئەو نەهامەتییانە بێت، کە بەسەر مرۆڤایەتی و ئاینە جیاوازەکاندا دێت.
سەرچاوە: rojnews