"شەڕی دەسەڵات هەمیشە شەڕێکی ئاڵۆزە، باڵانسکردنی لەدروستکردنی تەونی جاڵجالۆکە دەچێت بەسەر کونی ئەژدیهاوە"
ڕۆمانی کۆشکە سوورەکە لەنووسینی نووسەر و شاعیر هیوا قادرە، لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە 2021 بڵاو کراوەتەوە. خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە خوێندنەوەیەکی ئاسایی نییە بەڵکو هەر لەدووای چەند لاپەڕەیەک توانای نووسەر دەردەکەوێت کە چۆن بە شارەزاییەکی ووردوو زمانێکی پڕی بڕوا بەخۆبوونەوە خوێنەر لەناو دێڕەکانیدا بەند دەکات. جۆرە بەندکردنێ کەدووسەری هەیە، لەلایەکەوە دەخوازیت ڕاستەوڕاست بێ پشوو تا دووا لاپەڕە دەست لە خوێندنەوەی هەڵنەگریت، لەهەمانکاتیشدا خەمی ئەوەتە کە زوو بەرەو کۆتایی بڕوات.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر تووشی چەندەها سەرسووڕمانمان دەکات. بۆ یەکەمجار نووسەرێکی کورد خۆشەویستی وعەشقێکی تابوو دەنووسێتەوە کە تائێستا لە ئەدەبی کوردیدا بوونی نەبووە. ئەوەی جێی سەرنجی زیاترە نووسەرێکی پیاو ئەو عەشقە دەهۆنێتەوە. چ جۆرە عەشقێکە با لێگەڕین خوێنەر خۆی بیدۆزێتەوە.
لە کۆشکە سوورەکەدا ئاشنای کەسایەتی مەنسوور ئاغا دەبین، وەکو یەکێ لە کارەکتەرە سەرەکیەکانی ناو ڕۆمانەکە. ئەو پیاوەی لە کەسێکی شۆڕشگێڕەوە بووە بە سیاسی و بازرگان، لە پێشمەرگەی شاخەوە بۆ هەندەران و گەرانەوە بۆ کوردستان. مەنسوور ئاغا کەسێکە زوو پەی بە نهێنی یارییەکانی ناو حیزبە کوردیەکان دەبات، لە نێوان سیاسەت و بزنسدا، تا دێ زیاتر شوێنی خۆی دەکاتەوە. بەقووڵی مەلەی تێدا دەکات، بەوەشەوە ناوەستێ خەیاڵی دروستکردنی کۆشکێک لەسەری دەدات و دەیکات بەشوێنی حەسانەوە بۆ بەرپرسە دەوڵەمەندو نەوتفرۆشەکانی هەرێم. ئەوەی سەیرە خودی کارەکتەری مەنسوور ئاغا خۆیەتی. تێگەیشتن لە کەسایەتیەکەی ئاسان نییە زیاتر لەو ماسییە لووسە دەچێت کەپێت وایە لەناو دەستدایە بەڵام نازانی چۆن دەخزێت و لەدەستت دەردەپەڕێت. هەندێ جار ڕقت لێیەتی، هەندێ جاریش بەزەییت پیادا دێتەوە. گاهی واش هەیە سەرت لێدەشێوێت بیر دەکەیتەوە دەبێت ئەم کەسە کێ بێت، بەتایبەتی کاتێ ئەو ژنانەی لەشیان دەفرۆشن وەکو پیاوە شەهوەتبازەکانی تر مەحکومم ناکات.
مەنسوور ئاغا لوغزێکی گەورەی ناو کۆشکە سوورەکەیە، سەرەڕای سەروەت و سامانەکەی، پەیوەندیە تایبەتیەکانی بە بەرپرس و سیاسی و دەوڵەمەندەکانی هەرێمەوە، لە سێبەرێک دەچێت کە هەرگیز هەتاوی بەرنەکەوتبیت. کۆشکە سوورەکە ترس دەخاتە دڵەوە دیاردەکان دەناسینەوە. پێت خۆشە نووسەر دارعەسایەکی ئەفسوونای بگرێت بەدەستیەوە وەکو موسا و موعجیزە دروست بکات. رێگا نەدات لەوەی ڕوودەدات ڕووبدات.
هیوا قادر شاکاریکی نووسیوە لە دووای خوێندنەوەی شوێنەواری لەسەر هەستت دەمێنێتەوە. وێنە دروست کردن و نەخشاندنی سینارۆکانی توانای نووسەر دەردەخات لە هونەری نووسینی رۆماندا، زۆر شارەزایانە دەمانباتە ناو چەندەها چیرۆکی تر وەکو چیرۆکی چەند تابلۆی کلاسیکی یۆنانی و گرێدانیان بەئێستاوە. یان کاتێ فریدا کالۆی ژنە هونەرمەندی ناسراوی مەکسیکی کەلە ١٩٠٧ لەدایک بووە دەهێنێتە ناو ڕۆمانێکی کوردیەوە دڵ لەخۆشیاندا سەما دەکات.
لەگەڵ تەواو بوونی خوێندنەوەی رۆمانەکەدا بیرم بۆلای چیرۆکێکی منداڵان بەناوی "جلە تازەکەی قەیسەر" رۆیشت، ئەو چیرۆکەی باس لە دوو بەرگدووری ساختەچی دەکات کە چۆن دێنە لای قەیسەر و پێی دەڵێن ئەوان دەتوانن نایابترین و ناوازترین جلی بۆ بدوورن لەدنیادا، بەڵام پارەی زۆریان دەوێت. ئەو جلەی کە بەچاو نابینرێت بەڵکو تەنها ئەوانە دەیبینن کە گەمژەن. قیسەر بڕوایان پێ دەکا و هەواڵەکە لەناو شار بڵاو دەبێتەوە کە چاوەڕوانی چ جۆرە جلێکە. ڕۆژ دێت و دەڕوا بەرگدرووە تەڵەکەبازەکان هەرجارەی بە بیانوویەکەوە داوای پارەی زیاتری لێدەکەن. کاتێ جلەکان هەر تەواو نابێت ڕۆژێک قەیسەر خۆی دەچێت بۆ لایان. ئەوانیش قەیسەر ڕووتوقووت دەکەنەوە و وا دەریدەبڕن کە جلی لەبەردەکەن و بەباڵایدا هەڵدەدەن کە چەند جلە تازەکەی لێی هاتووە. ئەویش بۆئەوەی بەگەمژە دەرنەکەوێت هیچ ناڵێت، پیاوەکانیشی لەبەر هەمان هۆ بێدەنگن. کاتێ قەیسەر بە گالیسکەکەی پیاسەی ناو شار دەکات بۆ نیشاندانی جلە تایبەتیەکەی خەڵکی چەپڵەی بۆ لێدەدەن، کەس ناوێرێت لەل بکات، بەڵام لەو کاتەدا منداڵێک بەپێکەنینەوە دەست درێژدەکا و دەڵێت سەیرکەن، سەیرکەن پاشا ڕووت و قووتە.
لە خوێندنەوەی کۆشکە سوورەکەدا هەستدەکەم هیوا قادر جلە تازەکەی قەیسەرەکانی هەرێمەکەی بینیوە. پرسیار ئەوەیە ئایا قەیسەرەکان دان بە گەمژەیی خۆیاندا دەنێن یان جەماوەر دەبێت هاواری لێهەڵستێت و ئاماژە بە ڕووتیان بکات؟
ڕۆمانی کۆشکە سوورەکە شاکارێکە لە ئاستی رۆمانە جیهانییەکانی دنیادا. هیوادارم وەربگێردرێتە سەر زمانە گەورەکانی دنیا و لە سەر پەردەی سینەمادا ببینرێت. ڕۆمانێکە دەبێت بخوێنرێتەوە.
سەرچاوە: galawej