دەربارەى داواكەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم

 

Draw Media

د. عه‌بدولقادر ساڵح

سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە تیانووسى داواكه‌یدا بۆ دادگای فیدراڵی، داواى لە دادگاى باڵا کردووە حوکم بدات بە نادەستورىبوونى ماددەى (2) لە پەیڕەوى ژمارە (7)ى ساڵى 2024ى کۆمیسۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ هەلبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى عێراق، کە ماددەکە دوو بڕگەى سەرەکى لە خۆى دەگرێت و بریتین لە:

1. هەرێمى کوردستانى دابەشکردووە بۆ چوار ناوچەى هەلبژاردن کە بریتین لە (هەولێر، سلێمانى، دهۆک، هەڵەبجە).

2. ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستانى دیاریکردووە بە (100) کورسى و دابەشى کردووە بەپێى هەر چوار ناوچەکەى هەڵبژاردن.

بێگومان تۆمارکردنى داوایەکى لەم چەشنە جێگەى دەستخۆشییەو دروستترین رێگەى چارەسەرکردنى کێشەو ململانێکانە، جا ئیتر ئەنجامى داواکە هەرچى بێت، هەروەها لە رێکارەکانى تۆمارکردنى داواکەشدا، رەچاوى ئەحکامى ماددەى (93/ یەکەم) لە دەستورى عێراق کراوەو لەسەر ئەو بنەمایەش داواکە تۆمارکرداوە، کە ئەمەش خۆى لە خۆیدا هەنگاوێکى دروست و یاساییە بۆ تۆمارکردنى داواکەو تایبەتمەندى تێڕوانینى داواکە دەدات بە دادگاى فیدراڵى.

بەڵام ئەوەى لێرەدا جێگەى سەرنجەو دەکرێت بکرێتە پرسیار جەوهەرى و کاریگەرى لەسەر داهاتووى ئەم داوایە هەیە ئەوەیە: ماددەى (2) لە پەیرەوى تانەلێدراو لەبەردەم دادگاکە، لە بڕگە حوکمییەکانى (یەکەم و سێیەم) لە بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە سەرچاوى گرتووە لەداواى ژمارە (83/ موحدتیها 131 و 185/2023)، بەو مانایەى ماددە تانەلێدراوەکە لە دەقى بڕیارێکى پێشووترى دادگاکەوە وەرگیراوە. ئەمە جەوهەرى بابەتى داواکەیە لەڕووى ناوەڕۆکەوە، دیارە بە رەچاوکردنى بڕگەى دووەمى داواکە کە داواى دەرکردنى فەرمانسالارییەکى (أمر ولائی) کردووە بۆ راوەستانى رێکارەکانى کۆمیسیۆن تایبەت بە هەلبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تا کاتى یەکلابوونەوەى ناوەڕۆکى داواکە.

سەرچاوە : میدیای درەو