دۆزینەوەی لایەنە باشەکانی مرۆڤ

 

هێمن عبدالقادر

 

 

هۆزێک هەیە لە زیمبابۆی ناوی (بامباد)ە ، توێژەرانی بواری (ئیثنۆگرافی-گەلناسی) دەڵێن لە کۆندا ئەم هۆزە کەمترین ڕەفتاری شەڕەنگێزی و خراپەی تێدابووە ، ئەگەر کەسێکیش لە هۆزەکە کارێکی خراپی لەدەست بقەومایە ، خەڵکەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەستیان لە کار هەڵدەگرت و لە ناوەڕاستی گوندەکەیان کابرایان ئەهێنا و بە چواردەوریدا خڕ ئەبوونەوە ، پاشان یەک لە دوای یەک بە ژن و پیاو و منداڵ  ، دەستیان دەکرد بە ژماردنی کارە باشەکانی ئەو کەسە.

هەر یەکەو چیرۆکی خۆیی لەگەڵ تاوانبار بۆ ئامادەبووان دەگێڕایەوە ، ئیتر هەر یەکەو بەجۆرێک ، یەکێک ئەڵێت ڕۆژێک نەمتوانی دەغڵ و دانەکەم کۆکەمەوە ئەم کەسە زۆر یارمەتی دام ، ئەوی تریان ئەڵێت منالەکانم برسی بوون ، ئەم کابرایە یان ئەم ژنە لە ڕاوهاتەوە لەو خواردنەی دروستی کردبوو بەشی مندالەکانی منیدا ئیتر بەم جۆرە تا دوایی .

دوای دوو ڕۆژ مەراسیمەکە کۆتایی دێت و بەخێر هاتنەوەی کەسەکە دەکرێتەوە بۆ ناو هۆزەکە، ئەم رێوڕەسمە ، کەسی تۆمەتبار بەتوندی دەخاتە ژێر کاریگەری لایەنە باشەکانی و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەستی رێزگرتن لەخۆی.
....................................
کەسانێک کە خەڵکی هاندەدەن و کارەباشەکانی خەڵک بیر دەهێننەوە و کەمتر ڕەخنەدەگرن و کەمتر سزا دەدەن ئەوانەن کە دەتوانن ، ژیان و پەیوەندیەکان باشتر بهێڵنەوە

کۆمەڵگایەک ، کلتورێک ، خیزانێک ، کە هانی کەس نادات بۆ چاکە و هیچ چاکەیەکی کەسیش ناهێنێتەوە بەر چاوی میدیا و ماس میدیا  و سوپاسی هیچ فەرمانبەر و خواردەستەیەکی خۆی ناکات ، تەنها بەدوای هەڵە و کەموکورتیەکاندا دەڕوات بۆ ئەوەی سزایان بدات ئەو کۆمەڵگا و کلتورە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی (شێت) و (جنیودەر) و ڕقاوی و تۆڵەسێن و جیابوونەوە و منداڵی پەرتەوازەی زیاتر بێت
........................
شکۆیەک لە دەروونی هەمووماندا هەیە بە سزا زیاتر دەشکێ ، بە سزا زیاتر دووبارەی دەکەینەوە ، بە لۆمەکردن خراپتری ئەکەین ، بە قسەی ناخۆش و لوتکردن زیاتر تێکی ئەدەین 
سزای بێڕەحمانەی خەڵکی نەک تاوانبار ڕاست ناکاتەوە ، بەڵکو تاوانبار هەڵەکەی دوبارە دەکاتەوە بە داهێنانی زیادەشەوە ، 
چەند کەسمان ئاوا کرد ببێت بە جنێو فرۆش لێی نەگەڕاین پێی بلێین تۆ هی ئەمە نەبوویت ، چەند کەسمان وا لێکرد (بکەوێتە بازاڕاوە) ، خۆی بکوژێت ، لەبەر ئەوەی هیچ کەسێک نەبوو پێمان بلێت ، تۆ ئەکرێ باشتر بیت ، فریوی کارێکت خواردووە هەلەیەکت کردووە ، هەموومان هەلە ئەکەین وەرە باچاکی کەینەوە ، نا یەکسەر بیکوتە ، تەپڵی بۆ لێدە ، لایڤی لەسەر بکەرەوە ، دۆسیەکانی بەرە بۆ دادگا ، لە پەیجەکان بڵاوی بکەرەوە ، ڕاگەیاندنی بێئیشی بۆ بخەرە کار ، هەموومان کۆمەڵگامان وێران کرد ، کەس نەیتوانی بمانخاتە ژێر کاریگەری بیرهێنانەوەی باشیەکانمان ، هەموویان هەر کوتیانین ، سەرەنجام هەمووان بووین بە دڕندە ، بووین بە گورگ ، بە گلادیتەر ، بە جەنگاوەرێک کە هەزاران هەزار فرتوفێڵی کوشتن و سڕینەوەی بەرامبەرەکەمان فێر بووین، گەشتینە شوێنێک جاری وایە خۆمان لە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆمان دەترسین
..................................
کورد ئەلێ (سەگ دڵی خۆش ئەبێت بە داری گوڵەوە ببەسترێتەوە)

ئینسان لە خراپترین دۆخدا هەر لانی کەم چەند جوانیەک بە چواردەوریەوە بن کەمتر ئاوەزی خراپ ئەبێت .
چون ئیتر لە خراپترین مرۆڤیشدا هێشتا چەند خاڵێکی باش هەر هەیە.

هەموو ئەوانی ئالودە دەبن ، بەردەوام سەرخۆشن ، خۆیان ئەتەقێننەوە ، ئەکەونە زیندان ئەبنە زبڵنوس و زبڵگۆ ، بکوژی کارامە ، هەموو ئەوانەن کە لە ژیاندا کەس پێی نەوتن ، بیریان نەخستنەوە کە ئێوەش مرۆڤێکی باشن.

حەمدی وتەنی 
تەربیە و تەعلیم ئەباتە ڕیزی ئینسان وەحشیان 
بێ عیلم ئینسان لە ژێر بارا خەریکی میحنەتە 

پەروەردە و رێز و شکۆ دڕندەترین و هەڵتەرین مرۆڤیش ئەکاتەوە بە مرۆڤ ، وەلێ ئیتر بێ ئەم پەروەردە و رێزگرتنە ناچار  ئەبێت هەموومان هەر لەم میحنەت و ئازارەدا بژین کە تێیداین.

نوقتە سەری دێڕ...