دۆخی کەرتی تەندروستی و ماڵە باجێنەکە (House of Cards)ی هەرێمی کوردستان

 

 

 د. دەشنێ نەریمان

 

 

 

لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەكانماندا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ باشتركردنی دۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی 5ی ئەمساڵدا بانگهێشتكراین بۆ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەری کونسوڵخانەی ئەمریکادا لەبارەی گرفت و دیوە تاریک و گەندەڵیەکانی ناو کەرتی تەندروستی، ئەمەش دوای ئەوەی وەزیری تەندروستی ئەرکی کێشابوو، دیوە گەش و بریقەدارەکەی پێنیشاندابوون.

کاتێک لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی بەشداری کۆبونەوەکە بوون لە ڕێگا گفتوگۆی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەمان کرد، هەریەکە و قسەکردن لەسەر تەوەرێکی گرتە ئەستۆ، تا بتوانین بە هەموومان دەرەقەتی باسکردنی ئەو هەموو کێشە و گرفتانە بێین چونکە ترساین کاتمان کەم بێت و کۆبونەوەیەکی خێرا و تەشریفاتیمان لەگەڵ بکەن و فریا نەکەوین تیشک بخەینە سەر هەموو کێشەکان، بەڵام کە گەیشتینە کونسوڵخانە و پێشوازیان لێکردین، دواتر کۆبونەوەکە دەستیپێکرد هەر لە دەسپێکەوە دیاربوو کە بە جدی ئەیانەوێ گوێبگرن و کاتێکی زۆریان داینێ تا هەموو قسەی خۆمان بکەین.

لێرەدا دەرفەتی ئەوەم نیە هەموو وردەکارییەکان بگوێزمەوە، بەڵام هەموو کێشەکانی ناو کەرتی تەندروستی هەر لە قۆرغکاری سیاسی و حیزبیی بازاڕی دەرمان و هەموو جومگەکانی ناو کەرتی تەندروستییەوە تا کێشەی دانەمەزراندن و پوکاندنەوەی کەرتی گشتی تەندروستی و بێ جڵەوەی کەرتی تایبەت و  دۆخی خراپی ئابووری خەڵک، کە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری زۆر سەرەتاییەوە دەناڵێنن و لەولاشەوە بۆ ساناترین جۆری چارەسەر ناچارن پەنا بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان بەرن و ئەوانیش درێغی ناکەن لە ڕوتاندنەوەیان، لەو تەوەرە سەرەکیانەبوون کە قسەمان لەسەر کردن.

ئەمە سەرباری ئەو قۆرخكاری و بێمتمانەییەی كە حزب و كۆمپانیا حزبییەكانی دەرمان و تەندروستی لەم هەرێمەدا دروستیانكردووە کە وایانكردووە خەڵك تەنانەت بڕوایان بە زانست و چارەسەرە پزیشكییە زانستییەكان نەمێنێت و پەنا ببەنە بەر ڕیگاچارەسەری كۆنەپارێز و نەریتی كە زۆر كات مەلا و شێخەكان و حزبە ئاینییەكان نوێنەرایەتی دەكەن.

بۆ نموونە، ڕۆژانە لە ماڵپەڕە ئەلكترۆنییەكانەوە دەبینین بە ئاشكرا و بە بەرچاوی وەزارەتی تەندروستییەوە ڕیكلام بۆ لێدان و سزادانی چارەخوازانی دەروونی دەكرێت كە دۆخی نەخۆشان نەك هەر باش ناكەن، بەڵكو خراپتریان دەكەن و ئەمانیش وەك كۆمپانیا حزبییەكانی دەرمان، لەو ڕێگەیەوە سەرمایە و قازانجێكی زۆر كۆدەكەنەوە، یانیش ئەو هەموو نەخۆشخانەیەی هێزە ئاینییەكان كە بە ناوی خێرخوازییەوە جارێكیتر دین بە خەڵك دەفرۆشنەوە و برەو بە ئایدۆلۆژیا و ڕەوتە سیاسییە ئیسلامییەكانیان دەدەن.

لە ڕاستیدا، ئەو نابەرپرسیارێتییەی كە ئەم حكوومەتە و حزبەكان لە كەرتی تەندروستیدا دروستیانكردووە هۆكارێكی سەرەكییە لە لەدەستدانی متمانە بە زانست و پەرەدان بە ڕێكاری مەترسیدار بە ناوی چارەسەر و زانستەوە.

وەک چۆن هەمیشە لە چارەسەری نەخۆشەکاندا بەدوای هۆکاری نەخۆشیەکەدا دەگەڕێین، کاتێک بە وردی قسەمان لەسەر یەک بە یەکی هەموو نیشانەکان کرد، گەشتین بە تەشخیسی نەخۆشیەکە و تاکە هۆکاری هەموو ئەم نەخۆشیانە هەردوو ڤایرۆسی مەترسیدار یەکێتی و پارتیبوون.

جگە لەوان هێچ هۆکارێکی ترمان شک نەبرد هۆکاری نەهامەتیەکانی ئەم هەرێمە و  خەڵکەکەشی بێت.

لە کاتی گفتوگۆکاندا من جگە لە قسەکانی خۆم، ئەرکی وەرگێڕانی قسەی هاوڕێیانیشمم لە ئەستۆبوو، لەناکاو هەستم بە نائومێدییەکی زۆر کرد و بە تەرجەمەکردنەکەمەوە دیاربوو و لێیان پرسیم ئایا ماندوو بووم؟! بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ئازاری ئەدام بێباکی حکومەت و حیزبەکانی دەسەڵات بوو لە ژیانی خەڵک و نا ئومێدیشبووم لە هەوڵدان بۆ گۆرینی ئەم دۆخە لە ڕێگەی دروستکردنی فشاری دەرەکییەوە، هەر ئەمەشم بە نوێنەرانی کونسوڵخانە وت.

ئەوەشم پێوتن کە ئێمە وەک خەڵکی کوردستان پێمانوایە ئەمریکا هاوپەیمانی خەڵکەکەمان نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هاوپەیمانی حکومەت و هێزە دەسەڵاتدارەکانە کە لە بەرەی دژ بە خەڵکدان، ئەم خاڵە بۆ ئەوان جێگای ڕەزامەندی نەبوو، بەوە پاساویان دایەوە کە هەمیشە ویستوویانە لە گۆشەنیگای خەڵکیشەوە دۆخی هەرێمەکە ببین بۆ ئەوەش هەمیشە لەگەڵ گروپ و ڕێکخراوەکاندا کۆبوونەتەوە.

وەڵامی من بۆ وەڵامەکەی ئەوان ئەوەبوو کە وەک خۆیان ئاگادارن تەنانەت ڕێکخراوەکانیش بە حزبیکراون و دەنگی ناڕەزایی هەمیشە بە هەموو جۆرێک کپدەکرێتەوە لەم هەرێمەدا.

  لە كۆتاییدا وەك ڕۆژنامەنووس و دكتۆر و ئەكتیڤیستێك كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە بە شانازییەوە لە پێشی ناڕەزایەتییە جۆربەجۆرەكاندا بووم، بەتایبەت ئەوانەی كە پەیوەندییان بە كەرتی تەندروستیی گشتییەوە هەیە، داوا لە خەڵك و جەماوەری كوردستان دەكەم كە چیتر چاوەڕوانی هیچ جۆرە فریادڕەسێك نەبن لە نموونەی حزبە كوردی و عەرەبییەكان، كۆنسوڵخانەكان و ڕیكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، چونكە ئەوە بۆ چەندین ساڵە هەموو ئەمانەمان تاقیكردووەتەوە و بە هیچ دەرئەنجامێكی پراكتیكی و واقیعی نەگەشتووین. بۆیە داوا لە خەڵكی ناڕازیی كوردستان دەكەم كە خۆیان بە هەموو فشار و هێزیانەوە نوێنەرایەتی لە دەنگ و ناڕەزایەتی و ژیانی خۆیان بكەن، چونكە ئەوە تەنیا خەڵك خۆیەتی كە دەتوانێت ببێتە ڕزگاركەری خۆی.

هەموومان ئاگادارین كە هەر ماوەیەك پێش ئیستا بوو كۆنوسوڵخانەی ئەمریكا ئاگاداریی كەوتنی ئەم هەرێم و قەوارەی وەك زەنگێك ڕاگەیاند (Iraqi Kurdistan's House of Cards Is Collapsing)، بەڵام نە حزبە باڵادەستەكان و نە حكومەتیش تەنیا یەك هەنگاوی ئەرێنییان نەنا بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك.

بۆیە حكومەت و حزبگەلێك كە خەمی قەوارەیەكیان نەبێت كە هی هەموومانە، ئەوا لە بەیانی زووتر نییە ئەم قەوارە بۆ خەڵك جێبهێڵن.

لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەرچاومانەوە بێدەسەڵاتی و بێباكیی ئەم حكومەتە دەبینین لەبەرامبەر لەشکرکێشی هێزە سەربازییەكانی توركیا بۆناو خاكی كورستان، كە پێشێلكردنی سەروەریی كوردستان و عێراقیشە و بۆ خەڵكیش بریتییە لە مەترسیی لە دەستدانی ژیانیان نەك هەر سەروەریی خاك.

هەروەها لە ساتی ئێستاشدا كە نزیكتر دەبینەوە لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان، پێویستە خەڵك زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەنگ و هەڵوێستەكانیاندا بكەن و جارێكیتر نەبنەوە بە خۆراكی میدیا و پروپاگەندە و دروشمەكانی حزبەكان.

ئەمەش بۆ كەسێكی وەك من و هەموو هاوڕێیانم كە پێكەوە چەندین ساڵە تێدەكۆشین لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵكدا، تاكە ئومێدە و بە هەموو شێوەیەك ئامادەی بەهێزكردنی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەكی لەو جۆرەین.

 

سەرچاوە : هاوڵاتی