دکتۆر جەلیلی جەلیل مرواری نێو کۆمەڵگای کوردەواری


حەمید بەدرخان


نەمسا مەملەکەتی زۆربەی  زاناو دانایانی کوردە .شوێنگای هونەرپەروەران و کەلتووروانانی نەتەوەو گەلانی دیکەیە، شوێنی موزەو سەدان شوێنەواری کۆنە .
لە درێژەی سەردان و بەسەرکردنەوەی زانا و دانا و روناکبیرانی کورد لە وڵاتی نەمسا ، دوێنێ رۆژی هەینی ، 31/03/2023 لە ڤیەننای فرە کەلتووردا کە بە دڵگیرترین وڵاتانی ئەوروپا ناوزەد دەکرێت ،  لەتەک بەڕێزان دانا شەدەڵە ، سەرۆکی ناوەندی  کەلتوری کوردی لە نەمسا و دکتۆر خوسرەو ، ئەکادیمیست لە بواری پەروەردە، لە شارۆچکەکەی خۆی لە ڤیەننا سەردانی زاناو دانا و ئەکادیمیست و کوردۆلۆژ  دکتۆر جەلیلی جەلیلمان کرد ، ئەو کوڕی بنەماڵەیەکی خانەدانە، ئەو کوڕی جاسمێ جەلیلییە، کاتێک باوکی  ئەندامی پارتی کۆمێنیستی سۆڤیەتی دەبێت و لەکاتی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە ساڵی 1988 بە چەکی کیمیاوی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە کە بووە شەهیدکرانی  5000 پێنج هەزار کەس ! بە سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی شۆرەوی ،  گۆرباتشۆف دەڵێت : سەرۆک گەلەکەم ، گەلی کورد لە کوردستانی عیراق بە چەکی  کیمیاوی لە نێوبراوە! پێویستە حزبمان هەڵوێستیی هەبێت ؟ ئەگەر ئێوە هیچ هەڵوێستێکتان نییە، من دەست لە کاروباری حیزب دەکێشمەوە ؟!
لەهەمانکاتیشدا هەموو بنەماڵەکەیان هونەردۆست و نووسەر و رۆژنامەنووسبوون بەتایبەتی رەوانشاد دکتۆر ئۆردیخانی جەلیلی و دکتۆر جەمیلە جەلیلی خوشکیان کە هەردووکیان بە دەیان کتێبیان لەسەر مێژووی کورد و هونەر و مۆسیقا و کەلتوری کوردیی و داب و نەریتی کوردانی ئێزدی بڵاوکردۆتەوە، سەرەڕای سەرپەرشتی کردن و بەڕێوەبردنی رادیۆی کوردی لە یەریڤان .
کاتێک بۆ جارێ سێیەم چاوم پێیکەوت لە نێو کتێبخانە و ماڵەکەی خۆی ، هەمیشە دەم بەخەندە و نوکتە و خۆشخوانییەکەی ئارامی بە ئێمە دەبەخشی، کاتێک سەیری کتێبخانە و ئینستیوتی کۆردۆلۆجیەکەی دەکەیت زۆر دڵشاد دەبیت، کە کورد خاوەنی ئەو بەها زانستییە ، هەرچەندە تەمەنی بەرەو نەوەد ساڵییە و  بەرەو هەڵکشانە ، بەڵام ئەو تەندروستیی زۆر باش بوو، هەردەیگوت من لاوم ...
قسەمان زۆرکرد دەربارەی ژیان و کتێبخانە و رۆژنامەی کوردستانی دایک 1898-1902، چونکە کاتێک مەدالیای فێستیڤاڵی بەدرخانم لە نێو مەدالیاکانی دیکەی کە پێشکەشی کراوە، ئەوەم  بەبیرهاتەوە کە ساڵی 2005 لە فێستیڤاڵی بەدرخان لە دهۆک د.جەلیلی جەلیل، هەردوو ژمارەی 10 و 12رۆژنامەی کوردستانی دۆزییبۆوە و  پێشکەشی منی کرد و ئەو رۆژە رامانگەیاند و  بڵاومانکردەوە .
مخابن دیاری و کتێبەکانی بۆ ئەوم هێنابوو لە هوتێل بیرم چووبوو بۆی ببەم ، بەڵام دکتۆر خوسرەوی بەڵێنی ئەوەی پێدام کە کتێبەکان لە من وەربگرێت و بۆی ببات .
زۆریش دڵخۆشبوو کە بەڕێز بەکر فەتاح باڵوێزی عیراق لە نەمسا تەندروستی پرسیارکردووە .
دانیشتن و قسەکردن لەگەڵ گەورە زانایانی کورد هەمیشە جێگای سوودلێوەرگرتنی ئەزموونی ئەوان و دەبێتە هەوێنی چەندین پڕۆژەی کەلتووری و هونەری .
بۆیە گفتی ئەوەی پێدام کە پڕۆژەی داهاتوومان چاپکردنی ئەو نامانەی لەلایەن چەندین کەسێتیی ئەکادیمی و سیاسیی لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕکراوە، لە کتێبێکدا رێکبخرێت و چاپ و بڵاویان بکەینەوە .
شایانی گوتنێیە هەمووجار رێمان بەنەمسا بکەوێت، برای خۆشەویستمان دانا شەدەڵە ماندوو دەکەین و هاوسەفەرمان دەبێت ...بەهیواین لە ئایندە بتوانین چەندین پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ ناوەندی کەلتووری کوردی لە نەمسا سازبدەین .
لەهەمانکاتیشدا بۆ ئێوارەکەی لە نزیکەوە چاوم بە بەڕێز دکتۆر عەلی مازوچی کەوت، کە ئەکادیمیست و کوردپەروەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و مهابادیە، نزیکەی چڵ ساڵە لە وڵاتی نەمسا دەژی، مخابن بەهۆکاری نانخواردن و قسەکردن لەسەر بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگای کوردەواری بیرمانچوو ،وێنەیەک بۆ یادگاری بچرکێنین .
 تێبینیی : لەیادی رۆژی رۆژنامەنووسیی کوردی دیدارێکی تایبەت لەگەڵ دکتۆر جەلیلی جەلیلم سازکردوە، دەربارەی ژمارەی 19ی رۆژنامەی کوردستانی نۆبەرە 1898 بڵاودەکەمەوە، کە قسەی نوێ دەکات دەربارەی ونبوونی ئەو ژمارەیە کە تاکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە . چاوەڕوانبن  لە 21/04/2023بڵاودەکرێتەوە .