محەمەد خۆشناو
یەکەم ئامراز بۆ خەمڵاندنی زیرەکی فەرمانڕەوا بریتیە لە سەیرکردنی ئەوپیاوانەی کە لە دەوروبەریدان . مکیاڤیللی
ئەگەر سەیری مێژووی سەرکرد و فەرمانڕەوا و پادشا و میرەکان بکەین ، ئەو وانانەمان فێردەکەن کە دڵسۆزیی و سەرڕاستیی و ڕاستگۆیی بەرانبەر خوا و نیشتیمان هەر تەنها بوونی سەرکەوتنی دەسەڵاتداری نیشتیمانیی مسۆگەر ناکات لە هێنانەدی ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ، دامەزراندن و چاککردنی دەستکەوتەکانی پڕۆژەی نیشتیمان ، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی ئەوە پێویستی بە بوونی دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری هەیە بۆ دەسەڵات و پڕۆژەکانی ، جا بۆئەوەی دەسەڵاتدار ئەو سەرکەوتنانە بەدیبهێنێت پێویستی بەوەیە کە دامەزراوەکان لە کەسانی هەڵپەرست و دووڕوو و خاوەن بەرژەوەندی خاوێنبکاتەوە ، ئەمانە ڕەسیدی دەسەڵاتدار لەکن گەل کەمدەکەنەوە ، کاتێک دەمڕاستێکی دەوڵەت درۆ بۆ بەرژەوەندی بەرپرسەکەی دەکات و دەسەڵات وانیشان دەدات کە هەڵە ناکات و هەڵپەرستیی لەڕێگەی داپۆشینی شکستەکەی و تۆمارکردنی سەرکەوتنی وەهمی دەسەڵات و هەروەها بە پاڵنەری هەڵپەرستی و دووڕوویەوە ئیجابیەکان ئەگەر هەبن گەورە دەکەن و ئەگەر نەشبن دایدەهینن ، هەر ئەوە دەسەڵاتدار و گەل بە هەڵە دەبات و ، ڕۆلێکی سلبی لە شیکردنەوەیەکی ناڕاستگۆ و ناوردبین و شێواندنی ڕاستیەکان دەگێڕێت ، لەوانەیە خستەڕووی ڕاستی «تاڵ» بێت ، بەڵام کە هەڵپەرست لە بەرپرسەکەی دەشارێتەوە یان بەش بەشی دەکات ئەمە تاڵێکی تووندتر و خەراپتر دروستدەکات ، مێژوو ڕۆلی خەراپی ئەو هەڵپەرست و دووڕوانەمان پێشاندەدات کە وڵاتیان بەرەو چ کارەسات بردووە ، هیچ کەسێکی بەویژدان لە یار و نەیاردا نیە بتوانێت زۆربەی سەرکردەکانی کورد تاوانباربکات لە نیشتیمانپەروەریی و پاکیی کەسایەتیان یان ئینکاری ئەوەبکەن کە ئەوان خەونێکی مەزنیان هەبوو و هەیە بۆ کوردوکوردستان ، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بخەینەڕوو کە دەبینین ئێستا لە خەڵک دابڕاون و هەندێک لە خەڵکانی هەڵپەرست و دووڕوو دەوریان داون و ئەلقیەکی ئاسنینی بەرزیان بەدەوریدا دروستکردووە ، هەڵپەرست و دووڕوەکان کە ڕەشەبای تاریکین بەهۆی نادڵسۆزیان لە پێدانی ئامۆژگاری و ڕۆلیان لە دەرکردنی بڕیاری گرنگ لەسەر بنەمای شیکارییەکی ناڕاست و نادروست بەرپرسەکە دەخاتە ناو هەڵە ، مێژوو پێشانیداوین کە زۆر لە سەرکردەکان لەلایەن دەوروبەرەکانیانەوە هەڵخەڵەتێنراون و نەیانهێشتووە ڕاستیەکانیان پێبگات تەنها ستایشکردن و ڕازانەوەی هەڵەکانیان نەبێت و هەموو ئەوانەی موخالیفی دەسەڵات بن یا رەخنەیەکی بونیاتنەر لە دەسەڵات بگرن بە شەڕێکی ڕەهای دادەنێن کە ئەمەش هەڵەیەکە و ئەنجامەکەی باش نابێت ، « سەروەت عەکاشە »ی وەزیری پێشووتری میسری«1921-2012 » لە کتێبی « یاداشتەکانم لە سیاسەت و کلتوور »دا دەگێڕێتەوە کە ئاگاداری « جمال عبدالناصر »م کرد لە هەڵپەرستەکان و ئەوانەی ئیستیغلالی دەسەڵات دەکەن کە لە دەوروبەری ناسر بوون کە بەناوی شۆڕش لە شۆڕش-یان دەدا ، ئەوانەی لە شەودا کاردەکەن ، ئەوانەی وایان لە خەڵک کرد ڕقیان لە شۆڕش و دەستکەوتەکانی ببێتەوە ، ئەوانەی وایانکرد ڕقیان لە عبدالناصر-یش ببێتەوە و ئۆباڵی بەرپرسیارێتی هەڵە و کارەساتەکانیان خستە سەر خودی کەسایەتی ناسر ، هەروەها عەکاشە دەڵێت ؛ عبدالناصر بەخەم و عادزیەوە پێی گووتم ؛ ئایا هەڵپەرست لە دەوروبەری من هەبوون ؟! سەروەت عەکاشە وەک پێشتر پێی گوتبوو ئەمجارەش بۆی دووبارە کردەوە : ئای چەند زۆر بوون و ناوەکانیشی بۆ ژماردن و داوای لە ناسر دەکات بەخێرایی لایاندات تاچیتر وڵات تووشی زەرەر نەبێت…. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە پێویستە بەپێی توانا فەزای گشتی بکرێتەوە و دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ فرەیی بۆچوون و ناسین و ئاگاداربوون لەسەر جۆرەها بۆچوون بۆ هەموو کێشەیەک بەرلەوەی یەکلابکرێتەوە تا دەستکەوتەکان بەر تێکدان نەکەون .
سەرچاوە : سپی میدیا