درۆكردن

فوئاد سدیق

 

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی درۆكردن هەیە، بەڵام چەند درۆ دەكەین، بۆچی درۆ بكەین، منداڵ كەی دەست بە درۆكردن دەكات، ئایا پێویستە درۆ بكەین، ئەی ئەوانەی كە چێژ لە درۆكردن وەردەگرن، ئەو جیاوازییەی نێوان ژن و پیاو بۆ درۆكردن چییە؟ لە چ كاتێكدا درۆ دەكەین، ئەی لەبەرچی درۆ بكەین؟ ئایا هەر تاكێك لەكاتێكدا كە خۆی بە راستگۆ دەزانێت، كۆمەڵێك درۆشی نەكردووە؟ یان ئەوانەی زۆریش درۆ دەكەن، ئەی زۆر جاریش راستییەكان ناڵێن؟ ئەم دۆخە ئیزدیواجییەتە بۆ بەسەر كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هاتووە؟ ئایا راستە ئامانجی درۆكردن لای ژن و پیاو جیاوازی هەیە ؟ لەبەرچی ؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری دیكە لەبارەی درۆكردنەوە رووبەڕوومان دەبێتەوە.

هەوڵدەدەین لێرە، هەندێك رووناكی بخەمە سەر پرسیارەكان، بەو هیوایەی توانیبێتم وەڵامی پرسیارەكانم دابێتەوە.

بێگومان زۆربەی هەرە زۆرمان، ئەگەر نەڵێم هەر هەموومان، هەمیشە كۆمەڵێك نهێنی لای خۆمان دەهێڵینەوە، هێشتنەوەی ئەو نهێنییانە مانای ئەوەیە ناتوانین بە راستگۆیی لە رێگای گفتوگۆیەكی كراوەدا ئەو نهێنییانە باس بكەین، ئیتر بە هۆكاری جیاوازو لەگەڵ كەسانی جیاواز بە شێوەی جیاواز راستی و درۆكانمان باس دەكەین. زۆرجار راستی و درۆ تێكەڵ بە یەكدی دەكرێن، ئەمەش ئەنجامەكەی درۆكردنە. كەسێك كە درۆ دەكات، بۆیە درۆ دەكات، چونكە دەیەوێت ئەو راستییەی هەیە بیشارێتەوە. درۆ راستییەكە دەشارێتەوە. ئایا كاتێك درۆ دەكەین، لە ناخەوە ئاسودە دەبین؟ یان زیان بە خۆمان دەگەیەنین؟. كەواتە هەندێك كەس بەردەوام پێویستیان بە درۆكردن هەیە، بۆئەوەی حەقیقەتی خۆیان لای خەڵك نەزانراو بێت.

مێشێل دی مۆنتاین فەیلەسوفی فەرەنسی دەیگوت: من لە درۆكردندا برینێكی گەورەتر بەخۆم دەگەیەنم لەوەی كە بەو كەسە دەدەم كە درۆی لەسەر دەكەم. رالف واڵدۆ ئیمێرسۆن یش كە فەیلەسوفێكی ئەمریكییەو دەیگوت: هەموو پێشێلكردنێكی راستیی تەنیا جۆرێك لە خۆكوشتن نییە لە درۆزنەكەدا، بەڵكو چەقۆیەكیشە كە لە تەندروستی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەدرێت. بەڵام سامۆیل باتلەر ، رۆماننووسی ئینگلیز جیاوازتر قسەی لەبارەی درۆ كردووەو پێیوایە: هەر گەمژەیەك دەتوانێت راستییەكان بڵێت، بەڵام پێویستی بە پیاوێكی هەندێك ئاقڵ هەیە تا بزانێت چۆن درۆ بكات. بەپێی ئەو قسەیەی باتلەر بێت، درۆكردنیش جۆرێكە لە هونەر، چونكە هەندێك كەس زۆر بە زیرەكی درۆ دەكەن، كە بەرانبەرەكەت هەستی پێ ناكات. چونكە درۆكردنیش جۆرێكە لە یاریی زمان، ئیتر وەك هەر یاریكردنێكی دیكە وایە مەشق و راهێنانی پێویستە. هەروەها درۆكردن جۆرێكە لە هەڵخەڵەتاندن و فریودانی كەسانی بەرانبەر، لە شێوەی قسەیەكی راست. واتا بە جۆرێك قسەكەی دەكات وەك بڵێی قسەكەی راستە، بەڵام لە بنەڕەتدا قسەكە درۆیە، تەنیا رووپۆشێكی بۆ كردووە، ئەویش شێوازی گوتنەكەیەتی. بەڵام بەگشتی درۆكردن بریتییە لە گوتنێكی درۆ بە مەبەستی فریودان و هەڵخەڵەتاندن.

شیعرەكانی هۆمیرۆس جیهانێكیان وێنا كردووە كە پڕە لە فێڵ و رواڵەت، فێڵ و ساختە، خەیاڵ و هەڵە، دروستكراوو سەرنجڕاكێش، ئەوەندە كە وا دیارە فێڵكردن نەك مامەڵەی سادە(یان مامەڵەی چوارگۆشەی ماسۆنی) تاكە رێگایەكە بۆ پێشكەوتن. ئۆدیسۆس Odysseus ناسنامەی راستەقینەی خۆی لە ئەثينای پایتەخت Athene شاردەوە ، لەكاتێكدا ئەسینا خۆی بە پیلان و پۆشینی جلوبەرگ و كردەوەی خۆدزینەوەو چەواشەكاری بەناوبانگ بوو.هۆمیرۆس خودای فێڵبازی ، بەهەمانشێوە پێوەستە بە پێوەندی فێڵبازانە، وشەكان بەكاردەهێنێت بۆ پەردەپۆشكردن و بەئاگابوون -ئیێنڤیگل. ئایا هیچ كام لە ئێمە دەڵێن مەبەستمان چییە؟ زمان ئەوەندەی ئاشكرای دەكات دەیشارێتەوە.

باوترین جۆری درۆ ئەوەیە كە ئەوكەسەی درۆكەی كردووە، خۆی فریوداوە. زۆربەی ئەوانەی درۆ دەكەن بە كارێكی هونەری دەزانن، چونكە درۆكردن لە بنەڕەتیشدا شێوازێكی هونەرییە كەسی درۆزنەكە پێشكەشی دەكات. كەواتە ئەوەی درۆ دەكات جۆرێك چێژ لە درۆكەی وەردەگرێت. بەتایبەتیش ئەگەر توانی بە درۆكانی قەناعەت بە بەرانبەرەكانی بێنێت، ئەوە بە داهێنانێكی هونەریشی دەزانێت.

پیاو هەندێك بێدەنگترە لە ژن ، پیاو تا رادەیەك ئاسانتر هاوڕێیەتی دروستدەكات، ژن بەو ئاسانییەی پیاوان هاوڕێیەتی بۆ دروست نابێت. ژن لە رووی دەروونییەوە لە پیاو قووڵترە . پیاو یەكگرتووترن، بەڵام ژنان سەرسەختترو ئاڵۆزتریشن. پیاو زیاتر توانای ژیانی تەنیایی هەیە، ژنان كەمتر ئەو توانایەیان تێدایە.

پیاوان بە بیركردنەوە لە مێشكیاندا تووشی ئازار دەبن، بەڵام ژنان تووشی ئازاری جەستەیان دەبن. سەبارەت بە سێكس و سێكسبازی، پیاوان وەك بڵێی تاوان دەكەن و بە تاوانباری و بە رقەوە كاردانەوەی توندییان دەبێت، بەڵام ژنان بە بێزاری و بێزارییەوە، زۆرجار ئەمە سەركوت دەكرێت.

ژنان هەوڵدەدەن بزانن بەرانبەرەكەی ئارەزووی چییە بۆ ئەوەی ببنە ئەو شتە خوازراوە، ژنان بەدوای مامۆستادا دەگەڕێن، واتا كەسێك كە بە زانست، سامان، پێگە یان دەسەڵات رژاوە.

پیاو حەزدەكات كچێكی جوان سێكسی لەگەڵدا بكات و لەگەڵیدا رابوێرێت، بەڵام كە دێتە سەر خوازبێنی درۆی گەورەی بۆ دەكات بۆئەوەی لە خوازبێنییەكە بكشێتەوەو بە هەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوە دەدات ئەو كچەی سێكسی لەگەڵ كردووە نەیخوازێت، بەڵكو ئەو كچە بخوازێت كە زۆر هەوڵی بۆ داوە تا سێكسی لەگەڵ بكات، بەڵام بێ سوود بووە، چونكە كچەكەی تر رەفزی كردۆتەوە. بەڵام كچ وەك پیاو نییە. كاتێك سێكس لەگەڵ پیاوێك دەكات ، حەزی لێیە پیاوەكە بیخوازێت.

یەكسانی لەنێوان ژن و پیاودا نییە، ژنان نایانەوێت یەكسان بن لەگەڵ پیاوان، چونكە دەیانەوێت لە پیاوان رەفتاری باشتریان لەگەڵدا بكرێت.

ژنان زۆر دڵخۆش نین بە سێكسكردن لەگەڵ پیاو، بەڵكو زۆرێكیان ئەم سێكسكردنە بە ناخۆشی دەزانن ، چونكە ژنان مەبەستیانە ببنە هۆكاری خۆشەویستی پیاوان نەك شەهوەتیان. واتا ئەوەندەی حەزی بە خۆشەویستییە، نیو ئەوەندە حەزی بە سێكسكردن نییە. كێشەكەش بۆ ژنان ئەوەیە، ژن ناتوانێ لە یەك كاتدا سێكس و خۆشەویستی لە یەك پێوەندیدا بدۆزێتەوە. بۆیە شتێك نییە بەناوی پێوەندی سێكسی هاوسەنگ . پیاوان هاوسەرگیری بە سێكس دەگۆڕنەوە، بەڵام ژنان سێكس بۆ هاوسەرگیری دەگۆڕنەوە. پیاو سێكس دەكات، لەكاتێكدا ژن خۆشەویستی دەكات.

ژنان زیاتر لە پیاوان بە دوای رابردووی خۆیان دەكەون، بۆنموونە: زیاتر سەیری وێنەو ئەلبوومی وێنەكان دەكات. بۆیە وەك فرۆید باسی لێیانەوە كردووەودەڵێت:ئەوان(ژنان)بەدەست بیرەوەرییەكانیانەوە دەناڵێنن. بەڵام پیاو زیاتر بۆ ئایندە دەژی. پیاو زیاتر گرنگی بە پێداویستییەكانی خۆی دەدات، بەڵام ژنان زیاتر گرنگی بەو شتانە دەدەن كە كەسی بەرانبەر چی دەوێت.

ژن مەیلی گریانی بۆ ئەوە هەیە كە بە رادەی پێویست لەلایەن پیاوەكەیەوە خۆشەویست نەبووە. ژنان بە گشتی هەست بەوە دەكەن كە بەڵگەی تەواویان بۆ خۆشەویستییەكەیان لەلایەن پیاوەوە بەدەست نەهێناوە. ئەگەرچی بەردەوام دەیانەوێت پیاوەكانیان سەرسام بكەن و وەك درەوشاوە بۆ پیاوەكانیان جوان دەربكەون، بۆیە حەزیشدەكەن لەلایەن پیاوەكانیانەوە دڵنیا بكرێنەوە كە لە دڵی پیاوەكانیاندا دەژین.بەڵام پیاوان مەیلیان هەیە كە وا بیربكەنەوە لەلایەن ژنەكانیانەوە خۆشەویستن. ئەگەر چی پیاوان هەستدەكەن كە بە سادەیی ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت بیدەن بە ژنان و ئەوانیش بە ماندووییەوە دەگەڕێنەوە ناو جیهانی تاكەكەسی خۆیانەوە.

پیاو زیاتر شتەكان لای خۆی دەهێڵێتەوە، بەڵام ژنان زیاتر داواكارییان لە كەسێكی دیكەیە. پیاو وا هەستدەكات، پێویستە لەسەری بەرگەی ئەم ئازارو كێشە ئاڵۆزانە بگرێت، هەوڵدەدات ببێت بە باوك و جێگەی باوك بگرێتەوە، بەڵام باوكیش دەبێتە دیلی دەستی دایك!!.

پیاوان لە مێشكی لای چەپیانەوە زۆر لۆژیكین، لەكاتێكدا ژنان لە مێشكی لای راستی پیاوانەوە زیاتر خۆشەویستن. ژن ناتوانێت وەك ژن لە رووی سێكسییەوە كار بكات، بەڵكو تەنیا دەیەوێت وەك دایك بژی.

پیاو لە درۆكردندا زیاتر راستەوخۆترە لە ژن، ژن كەمێك بە پێچاوپێچ و ناڕاستەوخۆتر درۆكەی دەكات. پیاو زیاتر لادەرە(منحرف)، بەڵام ژنان فریودەرو هەڵخەڵەتێنەرن. ژنان بە هێڵی لێوەوە درۆكانیان دەكەن، بەڵام پیاوان بە جزدانەكانیانەوە درۆ دەكەن. واتا ژنان درۆ لەسەر تەمەن و ئۆرگازمەكانیان دەكەن، بەڵام پیاوانیش درۆ لەسەر پارەو پوول دەكەن. پیاوان درۆ لەسەر داهات و باڵای خۆیانەوە دەكەن، بەڵام ژنان زیاتر درۆ لەسەر تەمەن و كێشیان دەكەن. هەردوو رەگەز لەبارەی ژمارەی هاوبەشە سێكسییەكانیانەوە كە هەیانبووە درۆ دەكەن .پیاوان درۆی زۆر لەسەر خۆشەویستی دەكەن، هەر كچێك ببینن حەزدەكات پێی بڵێت خۆشمدەوێی ، هەموو ئامانجەكەشی بۆ ئەوەیە ژنان بخەنە سەر جێگا. ژنانیش درۆ دەكەن لەبارەی سێكس ، بە پیاو دەڵێت تۆ گەورە بوویت راستگۆی .....هتد. ژنان درۆدەكەن كاتێك دەڵێن هیچ شتێكمان لەبارەی تۆوە نەگۆڕی، هەروەها درۆ دەكەن لەسەر حەزكردن لە هاوڕێكانت. ژنان درۆ دەكەن كاتێك بە پیاو دەڵێت حەزم لە بەسەربردنی كاتە لەگەڵ خێزانەكەت. ژنان درۆدەكەن كاتێك دەڵێن هیچ پێم ناخۆش نییە سەیری ژنان دەكەی، یان دەڵێن هیچ گرنگی بە حسابی بانكی پیاوەكەی نادات، ئاخر ژنان بەدوای سەقامگیری و جێگیریی دارایی و ئاسایشدا دەگەڕێن، بۆیە گرنگی زۆر بە بواری پارە دەدەن.

خانمان درۆ لەگەڵ جەستەی خۆیان دەكەن، بەو پێیەی دەتوانن درۆیەكی گەورە پێشكەش بە پیاوان بكەن، چونكە زۆربەی ژنان مەمكی ساختەیە، قژی ساختەیە، برژانگ و برۆی ساختەیە، دەموو لێوو چاویان ساختەیە، ئۆرگازمی( هزة الجماع) ساختەیان هەبووە. ژنان لە سەدا پەنجا %50 ی زیاتر درۆدەكەن كە ئۆرگازمیان هەبووە. ژنان دەتوانن بە درۆ بگرین و گریانێكی ساختە بكەن بۆ ئەوەی لە رووی سۆزدارییەوە پیاوان كۆنتڕۆڵ بكەن.

پیاوان درۆ دەكەن كاتێك بە ژنێك دەڵێت پێوەندیت پێوە دەكەم، درۆم پێ بڵێ! كاتێك ژنان دەڵێن تەنها دەمەوێت راستگۆ بیت، درۆ دەكەن. بەهەمانشێوە كاتێكیش ژن دەڵێت : من لێت توڕە نیم، بە زۆری وا دەكات. لەكاتێكدا زۆرێك لە ژنان لەلایەن پیاوانەوە ئازاریان پێگەیشتووە. ئەم دەستەواژەیە وەك بەرگرییەكی سۆزداری بەكاردێت. پیاوان بە هەوڵدان بۆ دروستكردنی وێنەیەكی باشتر دەربارەی خۆیان درۆ دەكەن. ژن كاتێك هەست بە سەلامەتی نێو ماڵ ناكات درۆ دەكات، درۆ لەپێناو سەلامەتی و ئاشتی نێو ماڵدا دەكات. ژن و پیاو لەماوەی هەفتەیەكدا نزیكەی %30 ئەو كەسانە فریو دەدەن كە كارلێكی كۆمەڵایەتییان لەگەڵیاندا هەیە.پێوەندی نێوان دایك و باوك و هەرزەكاران موگناتیسین بۆ فێڵكردن. هاوسەرەكان نزیكەی %10ی گفتوگۆكانیان درۆ لەگەڵ یەكدی دەكەن.

درۆی گەورە هەندێكجار دەبێتە ژەهر و ژینگەكەی ژەهراوی دەكات، بەڵام درۆی بچووك وەك چەوركردنێكی كۆمەلایەتی وایە كار دەكات بەڵام زیانی نییە . هەندێك درۆ هەن زۆر میهرەبانانەن، كاتێك بە بەرانبەرەكەی دەڵێت كێكەكەت زۆر شیرین و خۆش بوو. پیاوان درۆ دەكەن ، چونكە پێیان وایە ژن تێناگات. پیاوان وا بیردەكەنەوە كە ژن توانای رووبەڕووبوونەوەی راستییەكانیان نییە. پیاو درۆ دەكات بۆئەوەی خۆی بەرزتر نیشان بدات نەك بەرانبەرەكەی. پیاو لە نازكردنی ژنان خراپ بێزار دەبێت. ژنیش لەو پیاوانە بێزاردەبێت كە بەناوی خۆیانەوە بانگیان دەكەن بەڵام پیاوەكان وەڵامیان نادەنەوە.

درۆ ماڵی كوردی وێران كردووە، بڕوا ناكەم، ئەو نەتەوانەی زۆر درۆ دەكەن ژمارەیان ئەوەندە زۆر بێت و ئەوەندەش كەرامەت و كەسایەتی خۆیان خستبێتە ژێر پێ، وەك ئەوەی كورد دەیكات. كورد نەك هەر درۆی زۆرو تەنانەت درۆی زۆر گەورەش دەكات، بۆیە زۆر جار پێیان دەڵێن درۆی شاخدار، لەوەش زیاتر كورد خۆفرۆشیش دەكات.. كەرامەت ، عیزەت، نامووس، هەمووی بە قوربانی پوولێك دەكات. ئەم وڵاتە جوانەی خۆمان ، بەدەست درۆو خۆفرۆشییەوە چۆن وێران بوو...

سەر چاوە : ئاوێنە