د. سەعید عەلی محەمەد
دروستكردنی بارودۆخ كە سەركردە تێیدا دەركەوێ و خەڵك گوێ ی لێ بگرن و شوێنی كەون (زۆر گرنگترو لەپێشترو سەختترە) لە دروستكردن و پێگەیاندنی سەركردەكە خۆی.
ئایا كەڵك و سودی شۆفێرێكی لێهاتووی بەتوانا چیە كاتێك كە ئۆتۆمبێلەكەی ئیش ناكات؟! باشە ئەبێ دەسەڵاتەكانی كەشتیەوانانی لێهاتووی كەشتیەك چی بن كاتێك ئەوانەی لەنێو كەشتیەكەدان هەریەكە و بۆخۆی و بە ئارەزووی خۆی هەڵسوكەوت دەكات و، چۆن بیەوێ بەو شێوە بڕیار بەسەر ئەوانی تردا دەدات؟!
ئایا كەڵك و سوودی ئەو كەسانە چی یە كە لە زانكۆو پەیمانگاكان و خولە زانستیە جۆراوجۆرەكاندا دەردەچن كاتێك ئەوان كەسیان كەسیان ناناسێت و، كەسیان لەگەڵ ئەوی تردا هەڵناكات و ناتوانن پێكەوە لەسەر كارو پڕۆژەیەكی دیاریكراو لە دامەزراوەیەكدا لەپێناو ئامانجێكدا كۆببنەوە؟! یان هیچ هیواو ئومێدێكیان نیە بتوانن بارودۆخ و باڵانسی هێز بگۆڕن؟
لەم ساڵانەی ڕابردوودا لە كوردستان دوای چەندین جار ڕێپێوان و گردبوونەوە و پەلاماردان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات لێرەو لەوێ، هەروەها لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دوای شكستهێنانی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لەنێو چینە جیاوازەكاندا بەتایبەت چینی ڕۆشنبیرو خوێنەرو ئەكادیمی وقەڵەم بەدەستەکاندا قسەیەك زۆر دەوترایەوە كە گوایە: ئەو هەموو ڕووداوانەی ڕوویاندا تەنها بەهۆی ئەوەوە بوو نوخبە و دەستەبژێرە سیاسی و ئاینییەكە شایستەی ئەو مەیدان و ئەركە نەبوون كە هەڵیانگرتبوو یان پێیان سپێردرا بوو!
گومانی تێدا نیە ئەو نوخبە و دەستەبژێرەی حیزب و ئۆپۆزسیۆن و ڕۆشنبیرو زانا ئاینییەی كە سەركردایەتی قۆناغی ڕابردوویان دەكرد هیچیان بەكردار شایستەی ئەو ئەركە نەبوون كە شانیان دابوویە بەر، ئەڵبەتە كردارەكانیان و هەنگاوەكانیان و ئۆپشنەكانیان و ئەنجامەكانیشیان باشترین بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون!
پرسیار ئەوەیە : ئایا ئەو نوخبە ناشایستەیە لەكوێ ڕواوە و سەری هەڵداوە و پەیدابووە؟ بۆچی لە كۆمەڵگاو دامەزراوە و وڵاتانی ئێمەدا هەمیشە سەركردە وەهمی و ساختە و ناشایستەكان بە ئاسانی هەڵدەتۆقێن و سەردەكەون؟
بەدیوێكی تردا ئەی ئەو ڕەمزو كەسایەتی و زانایانەی كە لە ڕووداوو گۆڕانكارییەكاندا دەردەكەون و بە مانای ووشە و بە هەموو پێوەرێك شایستەی سەركردایەتی كردنی جەماوەرو خەڵك و نەتەوە بوون بۆچی جەماوەرو شوێنكەوتەكانیان سەر ڕاست نەبوون لەگەڵیانداو سەرشۆڕیان كردن؟
بەڵكو بۆچی میللەت هەر لە بنەڕەتدا هەستی بە بوونی ئەو سەركردە شیاوو لێهاتووانە نەكردو نەیتوانی لە كەسە ناشایستەكان جیایان بكاتەوە؟
بۆچی ئێمە كاتێك زانایەك یان مامۆستایەك یان سەركردەیەك یان ڕەمزێك و كاریزمایەك لەدەست دەدەین ئیتر هەموو شتێك هەرەس دەهێنێ و كۆتایی دێ ئەگەرچی شوێنكەوتووەكانیشی دەیان هەزار كەس بن؟!
ئەی بۆچی چەند كەسێكی ژمارە كەم بەڵام ڕێكخراوو خاوەن هێز زۆر بە ئاسانی دەتوانن بمانكەنە بەندە و كۆیلە و ژێر دەستە لە كاتێكدا ئێمە ژمارەمان لە ملیۆنان كەس تێپەڕی كردووە؟!
ئایا ئەمانە هەمووی بەڵگە نین لەسەر ئەوەی ئەم حاڵەت و بارودۆخ و ژینگە كۆمەڵایەتیە كە ئەم جۆرە مۆدێلە سەركردانەی بەرهەمهێناوە خۆی لەخۆیدا نەخۆش و ناساغ و گیرۆدەیە؟! ئایا هەوڵدان بە ئاڕاستەی پەروەردەكردن و ڕێنمایی كردن و ڕێكخستنەوە و تۆكمەكردنی ئەو ژینگە كۆمەڵایەتیە باشترو گرنگترو پێویستتر نیە لە دووبارە دروستكردن و پێگەیاندنی سەركردەی نوێ؟ ئەو فەرمانڕەواو دەسەڵاتدارە گەندەڵ و تاوانبارو خۆسەپێنەرانە كە شەڕی دین و میللەت و هەموو شتێك دەكەن ئایا كێشەكە بەس تەنها ئەوانن؟ یان گرفتەكە لەو بارودۆخە (بابەتیە)دایە كە ئەوانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە؟ ئەو بارودۆخە (بابەتیە)شی كە ئەوانی هێڵاوەتەوە، هەروەها ئەو بارودۆخە (بابەتیە)ش كە كاتێك ویستمان ئەوان بگۆڕین خراپتر لەوانی بۆ هێناینە پێشەوە؟!
ئەو بارودۆخە بابەتییە مێژووییەی كە دەكرێ ڕاستەوخۆ لە هۆكارەكانی هاتنە پێشەوەی تێبگەین، دواتر هەڵیتەكێنین و ئاڕاستەكەی بگۆڕین!
دوای ئەوەش ئایا ئەوە ئێمە نین كە بە وورە و متمانە بەخۆبوون و، بە پەیوەندییەكانمان و تۆڕەكانمان و باوەڕو هێزو ووزە و تواناكانمان دەتوانین ئەو ژینگە و بارودۆخە بگۆڕین؟ دەتوانین بە كارە ڕێكخراوو دامەزراوەیی یەكانمان، بە ئیستیقامەت و دامەزراوەییمان لە حاڵەتی نەبوونەوە بڕۆینە حاڵەتی بوون؟
بۆیە ئەمە بانگەوازێكە بۆ بەخۆداچوونەوە، بۆ وازهێنان لە درۆكردن لەگەڵ خۆماندا، وازهێنان لە تاوانباركردن و خەتاباركردنی كەسانی ترو لایەنی تر، وازهێنان لە خۆگێل كردن و خۆدزینەوە خۆپینەكردن!
ڕاگەیاندنی ڕاستگۆیییە لەگەڵ خواو خۆمان و خەڵك و جەماوەر، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی چارەنوسی خۆمان و ئەوانەشی كە ئێمە دەتوانین كاریگەریمان لەسەر هەبێ ، هەڵگرتنی ئەمانەتی چارەنوس و داهاتووی ئەوانەیش كە بەسەر شانی ئێمەدا دراوە!
ئەمە بانگەوازێكە بۆ زیاتر فۆكس خستنەسەر ئەوەی كە ئێستا لەبەر دەستەو لە توانادایە و ئاسانە و دەكرێ ئەنجام بدرێ، چونكە ئەوانەی كە ئەمڕۆ دەتوانن تەقە لەو دەرگایانە بدەن كە كراونەتەوە یان ئاسانە بكرێنەوە، هەر ئەوانەشن كە دەتوانن سبەینێ دەرگا داخراوو قەدەغەكراوەكانیش بكەنەوە!
ئەوانەیش كە هەمیشە چاوەڕێی دەركەوتن و هاتنە پێشەوەی سەركردە و ڕەمزێكی سیاسی یان ڕۆحی یان نەتەوەیی ئازاو لێهاتوو و نمونەیی دەكەن و، لاوازی و ڕووخان و هەرەسهێنان و شكستی خۆیان هەمیشە بە ڕەخنەگرتن لە فڵان تاقم و فڵان كۆمەڵ و فڵان حیزب و فڵان سەركردە و سەرۆك و، فڵان زاناو شێخ و ئاڕاستەی سیاسی پینە و پەردە پۆش دەكەن و، تەنها ئەمانە بەسەرچاوەی گرفت وستەم و نەهامەتی و تاڵاوییەكانی ژیانیان دەزانن، گومانی تێدا نیە ئەم جۆرە كەسانە هەر لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە و، سبەێنێ و داهاتووش بەڕووداو و پێشهات و هەلە گەورەكانیەوە بەسەریاندا تێپەڕ ئەبێت بەبێ ئەوەی ئەوان هیچیان پێ بکرێ وهیچ شتێكیان لەدەست بێ! ئەم جۆرە كەس و تاقمانە ئەگەر سەركردە مەهدییەكانیش یان زانا خواویستە نورانییەكانی نێو ڕووباری پێغەمبەرایەتیش لەنێویاندا سەر هەڵبدەن ناتوانن یارمەتیان بدەن و سەریان بخەن، بەڵكو لەوانەیە لە بنەڕەتدا هەر هەست بە هاتن و دەركەوتنیشیان نەكەن!
بۆیە دەڵێین: ئەمانە توشی دەردی (لەكاركەوتن) بوون، ئەو لە كاركەوتنەی كە وا لەمرۆڤ دەكات تەنانەت نەتوانێ ئەركە ڕۆتینییەكانی شەوو ڕۆژیشی ڕاپەڕێنێ، لە كاركەوتن لە هەموو كارێكی ئێستا و داهاتوو، ئەمەش واتە: بێ توانایی بوون لە ئەنجامدان و ڕاپەڕاندنی هەموو جۆرە ئەركێك تەنها بەهۆی سوڕانەوە بە عالەمی خەیاڵ و، چاوەڕوانكردنی بەدیهاتنی كۆمەڵە ئامانج و ئاواتێكی هەوایی كە نە پەروەردگار فەرمانی ئەنجامدانی پێ كردووین، نە تواناو وزەكانی ئێمەشی گەیاندۆتە ئاستی ئەنجامدانیان و بەدیهێنانیان!
سەرچاوە : خەندان