بەمزووانە، لە بەریتانیا درامایەکی تەلەفزیۆنی لەسەر بەناز مەحمود، کە کچێکی گەنجی بیست ساڵانەی کورد بوو لە ساڵی ٢٠٠٦دا و لە رووداوێکی تەمومژاویدا لە باشوری لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتەدا کوژرا، پەخشدەکرێت.
بەگوێرەی هەواڵی میدیا بەریتانییەکان، لە سەروبەندی لێکۆڵینەوە لە تاوانی کوشتنی بەناز و لە ساڵانی ٢٠٠٦ بەدواوە، دەرکەوت هەریەک لە باوک و مامەیەکی بەناز پلاندانەری کوشتنەکەی بوون و دوای دەستگیرکردنیان، دانیان پێدانا کە بە هۆکاری “شەرەف” کوشتویانە.
دراما بەریتانییەکە بەناوی “Honour”کە بە زمانی کوردیی و بە وەرگێڕانێکی کەلتوری دەبێتە “شەرەف” و ئەوەش لە کوشتنی بەناز مەحمودەوە وەرگیراوە کە بەپێی دانپێدانانی بکوژەکانی “لەپێناو پاراستنی شەرەفی خێزانەکەیاندا کوشتویانە.”
پایزە مەحمودی خوشکی بەناز بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، کە خەڵکی وانەیان لە کوشتنی خوشکەکەیەوە لەسەر “شەرەف” وەرنەگرتووە و لە ئێستاشدا ئەو جۆرە کوشتنانە لە سەرانسەری جیهاندا روودەدەن.
دەشڵێت، خۆی و بەنازی خوشکی زۆریان لێکرابوو لە تەمەنی ١٦ بۆ ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانێکدا بکەن کە باوک و کەسوکاریان بۆیان دیاریکردبوون و ئەمانیش رەتیانکردووەتەوە.
پایزە مەحمود کە دوای دەستگیرکردنی باوک و مامە و خزمەکانی بە تۆمەتی کوشتنی بەنازی خوشکی بووەتە چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و لە رێکخراوەکانی دژ بە هاوسەرگیری منداڵان کاردەکات، دەڵێت، “بەناز کەسێکی دیکەی ناسیبوو و خۆشیدەویست و نەیدەویست بە زۆر بە شوو بدرێت.”
دراما بەریتانییەکە لەسەر چیرۆکی بەناز بەرهەمهێنراوە و وابڕیارە لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگەدا لە کەناڵی ITV ئەو وڵاتەدا پەخشبکرێت.
سەرچاوە سایتی ئاشتی