دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی کاتی لەبەرژەوەندیی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕگەیەکی تایبەت بەژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، راگرت.
ڕۆژی سێشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەوەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم؛ فەرمانێکی بەپەلەی "وەلائی" دەرکرد بەمەبەستی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دوەم)ی ماددەی (2) لەسیستمی تۆمارکردنو پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (7)ی ساڵی 2024، کە تێیدا هاتوە؛ پەرلەمان لە(100) کورسی پێکدێت کە بەسەر ئەم بازنانەی هەڵبژاردندا دابەشکراون: پارێزگای هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسیو هەڵەبجە 3 کورسی.
دادگای فیدراڵی لهنوسراوهكهیدا كه واژۆى سهرۆكى داداگاكهى لهسهره ئاماژه بهوهكراوه، تائەوکاتەی سکاڵاکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم یەکلایی دەکرێتەوە، جێبەجێکردنی بڕگەکە ڕادەگیرێت ئەمەش بەمەبەستی دورکەوتنەوە لەدەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی کە لەداهاتودا چارەسەرکردنی قورس دەبێت.
لە فەرمانێکى سالاریدا (ئەمر وەلائی) دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق کۆمیسیۆن پابەند دەکات بۆ گۆڕانکارى لە دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان، بەڵام فەرمانەکە سەبارەت بە دواخستنى هەڵبژاردن نییە.
لەسەر سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دادگاى فیدراڵى سیستمى تۆمارکردنى لیستى كاندیدهكانو پەسەندکردنیانى ڕاگرت تاوەکو یەکلاکردنەوەى سکاڵاکە، کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان 100 کورسى دەبن.
ڕۆژی 21ی شوباتی 2024، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق، هەرێمى کوردستان بەسەر چوار بازنەى هەڵبژاردن دابەشکرد، هاوكات لەدانیشتنەکەدا جاسم محەمەد عەبود سەرۆکى دادگاى فیدراڵى عێراق یاساى هەموارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانو کۆمسیۆنى هەڵبژاردنو ڕاپرسى هەرێمیشى هەڵوەشاندەوە.
هاوكات ڕۆژی 6ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی لەدادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لەدژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمارکردو بەسەرپێچیکردنی بڕگەکانی دەستوری عێراق تۆمەتباریدهكاتو داوادەکات، دادگاکە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ڕاگرتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کاتی یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی.
سەرچاوە : ئاوێنە