خەیاڵ وەك ئاراستەی ژیان لەڕۆمانی (كارینا)ی نووسەر (نیهاد جامی)

خەیاڵ پانتایی ھێجگار زۆر لە رۆمانی (كارینا) داگیردەكات، نووسینەوەی خەیاڵ و گەڕان بەدوای لوغزی خەیاڵ و مێژوو و توانەوە لە خەیاڵدا، لەنێو ھەموو لاپەڕەیەكی ئەو رۆمانەی نووسەر (نیھاد جامی) ھەست پێدەكرێت، چوونكە ئەو دەیەوێت خەیاڵ وەك جوانترین ئایكۆنی قوڵتریین ئازادییەكانی مرۆڤ وێنابكات، ئەوەی ئەو رۆمانە جیادەكاتەوە لە نووسینەكانی دیكەی (نیهاد) ڕوونی وێنە و سادەیی زمان و دەربڕینە، لە سەرەتای رۆمانەكەوە ئەو وێناندنە ئیساتیكی و ئەفسوناوییە خەیاڵییە ھەست پێدەكەی كە زمان سەركردایەتی دەكات، ھەموو دیمەنەكان لە وێنەی ئەبستڕاكتی نزییك دەبنەوە كە بارگاوی كراوە بە ھێزێكی تۆكمە لە خەیاڵ.
بۆیە خەیاڵ لەو رۆمانەدا رۆشناییە گشتییەكە دەبەخشێ، چوونكە بە بۆچوونی نیھاد گێڕانەوە و یادەوەری و دیكۆمێنتكردنی واقیع جگە لە كۆپیكردنەوەیەكی رووت نەبێ ھیچی وانییە و ناتوانێ دەربڕی ئەو ئەندێشە قوڵانە بێت كە مرۆڤی خەیاڵ ئامێز ھەیەتی، ھەربۆیە كچ خەیاڵی فراوانی ھەیە كە دەفڕێت بەسەر واقیعی رۆژگار، ژن خەیاڵ و پیاوەكان بە خەیاڵ و كۆڵان و سەربان و باڵندە و تەنانەت لەشفرۆش و داعشیش خاوەنی خەیاڵن لە رۆمانەكەدا، خەیاڵ وەك سیمبوڵ بۆ ئازادی رەھا، وەك ھێز بۆ بیركردنەوە، وەك داكوتانی ھەژموون لەسەر فڕینی ئینسان، كەشی خەیاڵ ئامێزی رووداوەكان ھێندەی رەوایەتی دانە بە ئازادی ھێندە ھاوكارنییە بۆ ئیستاتیكا نواندنی رووداو.
چەن بەشی یەكەمی رووداوەكان گەڕانەوەیە بۆ یادەوەری نووسەر خۆی لەنێو ھەوەسی عاتیفیانەی گوندنشینیی و باسكردنە لەكەرەستەی تۆماركراوی نوستالۆژی، بۆنی خۆڵ و خەوتنی سەربان و دەرگای لەتەنەكە درووستكراوی ماڵێكی گوندی و بۆنی نانی برژاوی تیری و زۆر شتی تر، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا فەنتازییانە خەیاڵ دەكات بەبەشێك لە بیركردنەوە، لە ھێز لە جوانی و سەما و باران و عاشق بوون.
ئەگەرچی كارینا ھەم ناونیشانە بۆ رۆمانەكە، ھەم وەك پاڵەوان مەزەندە كراوە، بەڵام بە بڕوای من ئەو رۆڵە گەورەیە نابینێ لە ئاراستەكردنی رووداوەكانی ناو رۆمانەكە، چوونكە نووسەر دەیەوێ زۆرترین ئەورووداوانە بگێرێتەوە كە پیاو تێیدا ھاوسەنگی رادەگرێت و پیاو رەسمی تەواوی كەشە گشتییەكە دەكات.
بە بۆچوونی من لە رۆمانەكەدا دوو جۆر تەكنیكی نووسین و ئاراستەی زمان بەكارھاتووە، كە نابێتە ھۆی لادان لە ھێڵی گشتی یادەوەری بەڵكو بە بڕوای من ئاراستەی زمان وەك چەمك و كردار و نووسینەوە وەك سەرەتای رۆمانەكە بوایە باشتر و ئیستاتیكی تر دەبوو.
لە ھەندێ بەشی رۆمانەكەدا نووسەر وەك خەیاڵی ژن قسە دەكات، خۆی دەخاتە جێگایبیركردنەوەی ژنانەی كارەكتەرەكان، كە بۆمن سەرنج راكێشە، چوونكە لەوێوە توانیویەتی وەك كۆمەڵزانێك یاریبكات لەنێو لوغزی شێوان و تێكچوونی كۆمەڵگا.
ھەڵچوون و رەخنە و ھێنانە پێشەوەی مئژووی ناشیرینی حزبی كوردی وەك نووسینەوەی مێژوو دەبینێت، كە رەنگە شێلانی بابەتەكان لەگەڵ خەیاڵی ئازادانەی خۆییدا ھێندەی تر چێژ ببەخشێ بە كەرەستەی روودا و و مێژووی كەتن و تاوان و شۆرشی لەخشتەبراو.
ھەموو ئەمانە بریتین لەو رایەڵە روداو ئامێزانەی كە لە ژیانی نووسەر روویانداوە، دەربەدەری و فەقێیاتی و گرنگی دان بە مۆسیقاو سێكس و عاشق بوون و راكردن لە نیشتیمان و پەناھەندەیی و زمانی دیكەو دایك و ترسان و زیندانی كردن و تیرۆر  و زۆر شتی تر كە لە خەیاڵگەی كارینادا جێگای بۆتەوە..
لەبەر ئەوەش كە نووسەر خۆی شانۆكار و دەرھێنەرە، زۆر بەجوانی وێناندنی ئیستاتیكی بەخشیوە بە رووداوەكان و بە كەرەستەكان، لەھەندێ دیمەنیشدا ترس و سازش و دڵە راوكێكانی دیمەنەكان بەرەو دیمەنی سوریالی دەبەن، بەتایبەتی لەو شوێنەی لە نەخۆشخانەیەكی شێرپەنجە مەمكەكانی خۆشەویستەكەی دەبڕنەوە و دەیخەنە ناو سەتڵێكەوە و دەیدەنەوە دەستی، دیمەنێكی سوریالی جێگای تێرامانی زۆرە، كە خەیاڵ بنەماكانی بۆ داناوە.
رۆمانی كارینا كە دوا بەرھەمی ھاورێ (نیھاد جامی) یە شایەنە بە خوێندنەوە و گەشەدان بەخەیاڵ.

حەمە هاشم 

سەرچاوە: galawej