خەڵکە هیمەتێك ، بۆ رەواندنەوەی ترسێکی جدیی ورەوا

 

 

 

بارزان شێخ عوسمان



بڕیارە بیستی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراقدا سەرژمێرری گشتیی دەست پێ بکات.
 

راستە سەرژمێرری زۆر پێویستە بۆ  جێبەجێکردنی چەندین ئامانج و پلانی هەر وڵات و کۆمەڵێکی مرۆڤایەتیی . 
 

بەڵام  بۆ ئەم دۆخەی ناوچەکانی نێو بازنە و چوارچێوەی مادەی ١٤٠ئ دەستوری هەمیشەیی عێراق  زۆر ترسناكە لەسەر چارەنوسی ئەو ناوچانە و  ساغ بونەوەی کوردستانیی بونیان .
 

هەڤاڵ عماد احمد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هوشیاریی (ی،ن،ك) ،لە وتارێکیدا زۆر بە وردیی  ئاکامی پر مەترسیی ئەو سەرژمێرییەی خستوەتە  رو لەسەر ئایندەی ئەو ناوچانە ، هاناو هاواری هێناوە بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی و تەواوی  ناوەندە روناکبیریی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان کە ئەو سەرژمێرییە  رابگیرێت و بخرێتە کاتێکی گونجاو تر .
 

 بەڕێز شۆڕش حاجی  نوسەر  و   روناکبیر و پێشمەرگە و کادیری دێرینی ی ن ك و پەرلەمنتاری پێشوی عێراقیش ،بە هەمان  شێوە لە وتارێکیدا هەمان مەترسیی ئەو سەرژمێرییەی شیکردوەتەوە لەسەر ئەو ناوچانە بە تایبەتیی کەرکوك .بەڕێزیان زۆر راشکاوانە رونیکردوەتەوە کە سەرگرتنی سەرژمێرریەکە ، کەرکوك و  کوردستانیی بونی ئەو پارێزگایە  و ناوچەکانی تر بەتەواوی گەڕاندنەوەی بۆ سەرهەرێمی کوردستان لە دەست دەدات . 
 

لە روانگەی ئەو ترسە جدییەی کە لە وتاری ئەو دو سیاسەتمەدارەدا  خراوەتە رو ، دەبێت هیچ بیانویەك نەهێنرێتەوە بۆ راگرتنی ئەو پرۆسەیە .
 

رەنگە حکومەتی فیدراڵ و سەرانی حزبە سەرەکییەکانی عێراق بڵێن ئەوە پرۆسەیەکی ئیدارییە و کارناکاتە سەر مادەی ١٤٠ ی دەستور !، بەڵام دەبێت سەرکردایەتیی  هێزە کوردستانییەکان سور بن لەسەر ئەوەی کە نەخێر بەو پرۆسەیە  ئەو مادە دەستورییە لە گۆڕ دەنرێت ،چونکە وەختێك سەرژمێرری لەو ناوچانەدا رەوایە کە  تەعریب و تەرحیل و تەهجیر هیچ ئاسەواری نەمابێت .
 

بە گوێرەی مادەکە دەبێت  (بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە (تەتبیع) ئەوەش یانی بن بڕ کردن و رێشە کێشکردنی تەواوی تەعریب و ناردنەوەی هاوردەکان و گواستنەوەی سجل قید و نفوسیان بۆ شوێنی پێشویان ،گەڕانەوەی دەرکراوەکان و نفوسەکانیان بۆ ئەو ناوچانە و کەرکوک ، دوای ئەوە سەرژمێریی و پاشان راپرسیی لە کەرکوك و ناوچە جێ ناکۆکەکانی تر ). 
 

کەچی لە دوای ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ و ریفراندۆمە بێ دیراسەکە و ساڵانی دواتر نەك تەعریب ریشە کێش نەکراوە ، بەڵکو زۆر زیاتر چەسپێنراوە و سەپێنراوە   لە کەرکوك و دەوروبەری و ناوچە جێ ناکۆکەکان .کەواتە کەی تەتبیع یا ئاساییکردنەوەی دۆخەکە  جێبەجێکرا ئەو کاتە سەرژمێررییش ئاساییە بکرێت .
 

ئەگەر هەر مەحاڵە ئەوا دەبێت پێداگریی بکرێت لەسەر دواخستنی پرۆسەکە لە کەرکوك و ناوچە جێ ناکۆکەکان ،وەك چۆن چەندین جار هەڵبژاردن لە کەرکوک و ئەو ناوچانە لەبەر خاتری  سونە یا شیعەی عروبی  دواخراوە .
 

ئەگەریش پاساوی  ئەو قەوانە سواوە بێت (وەك هەندێك لە داعشیە سونییەکان و حزبوڵاییە شیعەکان هەمیشە دەیڵێن )کە کەرکوکیش شارێکی عێراقییە، ئەوا دەبێت حاڵییان بکەن کە چەمکی  عێراقی بونی کەرکوك ، هەڵەبجە ،دهۆك، هەولێر و سلێمانی ،لەگەڵ بەسرە و سەماوە ،لای گەلی کوردستان  جیاوازە لەوەی ئەوان .
 

بۆیە   پێویستە تا زوە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بکەوێتە خۆ و ئەم ئەرکە عێراقیی و کوردستانیی و نەتەوەیی و نیشتمانییە جێبەجێ بکات و بیخاتە پێش پێکهێنانی حکومەتیش ،  پێویستە هیمەتەکان چڕ بکرێتەوە بۆ رەواندنەوەی ئەم هەورە رەشە ترسناکەی سەر چارەنوسی کەرکوك و ناوچە جێ ناکۆکەکانی تر

سەرچاوە : سپی میدیا