خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی كورتەفیلمی ئاشتی و پێكەوەژیان دابەشکران

فێشتیڤاڵی كورتەفیلمی ئاشتی و پێكەوەژیان، كە لە ڕۆژی ئاشتی و پێكەوەژیان لە سلێمانی دەستی پێكرد، دوای سێ ڕۆژ كۆتایییهات و خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکەش دابەشکران.
ئێوارەی ئەمڕۆ فێستیڤاڵی كورتەفیلمی ئاشتی و پێكەوەژیان لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی، بە مەراسیمێک کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

لە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا دوای پێشكەشكردنی 48 کورتەفیلمی ناوخۆیی و بیانیی، دەست بە دابەشکردنی خەڵاتەکان کرا؛ كورتەفیلمی “کچی با” لە دەر‌‌هێنانی دانا کەریم خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی فێستیڤاڵەکەی بەدەستهێنا.

كورتەفیلمی ئەنیمەیشنی Ball لە دەرهێنانی عودەی عەبدلکازم خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی ئەنیمەیشن و كورتەفیلمی she was not alone لە دەر‌‌هێنانی حسێن ئەسەدیی، براوەی باشترین كورتەفیلمی دیکۆمێنتاریی بەدەستهێنا.

دانا کەریم، دەرهێنەری کورتەفیلمی “کچی با” کە خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی فێستیڤاڵەکەی بەدەستهێنا، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ”ئەمە خۆشبەختییەکی گەورەیە کە لە کۆی ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵەدا بەشداربوون، فیلمەکەی من خەڵاتی باشترینی بەدەستهێنا، بەڵام ناکرێت فیلم یەکسان بکرێتەوە بە خەڵات، هەموو ئەو فیلمانەی دیکە کە بەشداربوون هەموویان فیلمی جوانیان پێشکەش کردووە، لەڕووی مەعنەوییەوە هەموویان خەڵاتیان وەرگرتووە”.

ئەو دەرهێنەرە بەپێویستیشی دەزانێت، ڕێکخستنی فێستیڤاڵ و دیداری هونەریی لەو شێوەیە درێژەی هەبێت “چونکە بینەری ئێمە بەگەرمیی پێشوازیی لێ دەکەن”.
فێستیڤاڵی کورتە فیلمی ئاشتی و پێکەوەژیان یەکێکە چالاکییەکانی پرۆژەی بنیاتنانی تواناو بەهێزکردنی تۆڕبەندی میدیاکارانی گەنج لە بواری بنیاتنانی ئاشتی و پێکەوەژیان، کە لە لایەن ڕێکخراوی سی دی ئۆ و سەنتەری میترۆ و CDFJ جێیەجێ دەکرێت، بە هاوبەشیی لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان و بە بودجەی حکومەتی ئەڵمانیا، كۆمپانیای مەستی فیلمیش كاری هونەریی بۆ كردووە.

 

سەرچاوە: rojnews