بەرزان حەمەسور-ئاڵمانیا
ئەمشەو لەخەوما لەسەر یەکیک لە کورسی یە رەقەکانی فڕۆکە خانەی سلێمانی ڕاکشابوم ، منیش هەروەک چەندین خێزان وپیرومنداڵ لەچاوەڕوانی چارەسەرێکدا بووین بۆ گەڕانەوەمان بۆ ئاڵمانیا، دوای قەدەغەکردنی ئاسمانی ترکیا لە گەشتە ئاسمانیەکانی ئاڵمانیا بۆ شاری سلێمانی لەلایەن ترکیاوە.
لەخەوەکەما لەپڕبوو بە غەڵبە غەڵب وهەرا ،ژمارەیەکی زۆری هێزی دژەتیرۆرلەوێبوون بەیەکدا دەچوون ودەهاتن،
ووتیان ئەو فڕۆکەیە کاک مەسروربارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە وا نیشتەوە لەفڕۆکەخانەی سلیمانی ،بۆ سەردانی شوێنی بۆردومانەکەی ترکیای هاتووە. هەرلەوێدا پرێس کۆنفرانسێک ڕێکخراو بەزمانێکی کوردانەی پڕباوەڕبەخۆبوون بە ئازاروتوڕە یی هەڕەشەی سیاسیانەی لە دەسەڵاتدارانی ترکیا دە کرد.. بەدەنگیکی دلێرەوە ووتی "من سەرۆکی هەمووئەم هەرێمەم نەک شارێک ودووان ، بۆ من سلێمانی ودهۆک هیچ جیاوازیەکی نییە! "
ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە فڕۆکە لەهەولێرەوە بۆسلێمانی واتاو مەغزایەکی زۆر کاریگەری سیاسی هەبوو، بەتایبەت کەدوای فڕۆکەخانەی سلێمانی لە گەڵ کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی کاک بافل سەردانی مەزارگەی مام جەلالیان کردوتاجەگوڵینەیان داناو بەدەم زەدەخەنەوە فاتحەیان خوێند بۆ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ بۆ باشتر خزمەتکردن بە کوردستان.
نازانم من لە خۆشی ئەم دیمەنانە بوو یان تامەزرۆیم بۆ ئەم ڕوداوە پڕ سەروەریەی کاک مەسرور بوو، من وەک کامێرای ڤیدیۆی پەخشی ڕاستەوخۆ گشت ئەم سەردانەم دەبینی ...
دواساتی خەوەکەم ، هەر بەوکاروانی ئۆتۆمبیلانە کاک مەسرورو کاک قوباد پێکەوە دەستی یەکیان گرتبوو بەرەو هەولێری پایتەخت بەڕێکەوتن...
ئەم سەردانە هێندە خۆشحاڵی کردبوم ،لەخەوەکەدا لەبەرخۆمەوە خێر خێرا دەمووت:" باشە بۆ ترکیا پێشتر ئەم بۆردومانەی نەکرد ؟ "
کاتێ کە خەبەرم بۆوە چاوم پڕفرمێسک بوو، فرمێسکی خۆشی تێکەڵ بەگریان و بەئازاری نیشتمانێکی بێ نازکەوتو کە بووە بەژێر قینی چەند براو ئامۆزاوە ، خوا بەخێری بگێڕی ..